گۆڕان و ئەقڵی نەگۆڕ

گۆڕان و ئەقڵی نەگۆڕ
نەوشیروان مستەفا بە مەبەستی گەیشتن بە مەرامە سیاسیەکانی و رشتنی ئەو کۆنەقینەی کە دەیان ساڵ بوو لە هەناویدا پەنگی خواردبۆوە، باڵێکی یەکێتی لەگەڵ خۆی برد و سبوغێکی کاڵی کرن و ناوی لێنان گۆڕانخواز و بە درووشمی دەیگۆڕین بزووتنەوەی گۆڕانی وەک دیوی دووەمی یەکێتی هێنایە ناو کایەی سیاسی، هەرچەندە نەوشیروان مستەفا داوای گۆڕانکاری لە سیستەمی دەسەڵات دەکرد و بە هاشوهوش و هاتوهاوری بنبڕ کردنی گەندەڵیش مێشکی سەری بردبووین، بەڵام نەیتوانی خۆی بگۆڕێ و تەنانەت مشتوماڵێکی ئەو کۆنەقینە پەنگخوادووەی ناو هەناوی بکات، بۆ مەسەلەی بنبڕکردنی گەندەڵیش، دوای مردنی و ئەو مڵک و ماڵ و سەروەت و سامانەی بۆ کوڕەکانی بە یاسایی کرد و بۆی جێهێشتن، دەرکەوت چەند گەندەڵکارێکی لێزان و کارامە و خاوەن سەلیقە و بە ئەزموون بووە.
تا ئێرە ئاساییە، چونکە کەسێک فرچکی بە دیلکوژی و تەور وەشێنی و پاکتاوی نەیارە سیاسیەکانیەوە گرتبێ و داهێنەر و وانەبێژی ئیرهابی فکری بووبێ و هێز و بوونی خۆشی لە ئاژاوەگێڕی سیاسی و کوتلە و کوتلەبازیدا بینیبێ، هەرگیز چاوەڕوانی خێر و ئاشتەوایی و هەنگاوی هاوبەش و کاری پێکەوەیی سیاسی لێناکرێ، بەڵام ئەوەی بەلای منەوە ئاسایی نییە، ئەوانەن کە بە باوکی هەژاران ناوی دەبەن، ئەوانەن خۆیان بە پێشەنگی گۆڕانکاری دەزانن و نەیانتوانیوە خۆیان بگۆڕن و تا ئێستاش پێیانوایە لە ژێر کاریگەری ئیرهابی فکری ئەو ئیرهابخوازەدا دەتوان بیگۆڕن، ئێ گریمان گۆڕیان، ئایا دەزانن رێکخەرەکەیان دەیویست بەرەو چی بگۆڕێ و کوێی بگۆڕێ؟
دەبێ ئەوانە و هەموو خەڵکی کوردستانش ئەو راستییە بزانن کە نەوشیروان مستەفا دەیویست ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و کاری پێکەوەیی سیاسی، بەرە فەوزا و ئاشووب و نانەوەی ئاژاوە بگۆڕێ، چونکە وەک دەڵێن: گورگ بازاڕی شێواوی دەوێ، بۆیە ئەویش دەیویست وای بگۆڕێ کە دەستی دیل کوشتنی بکرێتەوە و بە ئارەزووی خۆشی تەورەکەی هەڵسووڕێنێتەوە و کەس نەبێ دەستی بگرێ، دەبێ گۆڕانخوازان ئەو راستییەش بزانن کە رێکخەرەکەیان تا لە ژیاندا بوو کوڕی خەڵکی دیلکوژ دەکردن و کە مردیش کوڕەکانی خۆی خەنی کردن.
Top