هەولێر لە برایانی بەغدا جمەی دێت
July 8, 2018
وتار و بیروڕا
گۆڕانی دیمەنی سیاسی لە ماوەی كەمتر لە ساڵێك، ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە كە بەغدا تا ئێستا بە شێوەیەكی واقیعبینانە هەولێر ناخوێنێتەوە، بۆیە گفتوگۆش بە ئامرازێك وەك تاكتیك دەبینن، نەك لەوەوە هاتبێ بڕوایان بە توندوتیژی نەبێت، تا قەناعەت لە بەغدا دروست نەبێت كە كورد مافی لێ زەوتكراوە و چارەسەری كێشە تەنیا بە چارەسەری ریشەیی پرسی كورد دەبێت، دەبێ حەكایەتی گفتوگۆی كورد و بەغدا درێژەی هەبێت، بێ ئەوەی هیچ ئەنجامێكی لێ بكەوێتەوە.
عێراق بێ بەشداریی كورد نابێتە ئەو عێراقەی ئەمەریكا و ئەوروپاییەكان گەرەكیانە، چونكە دوای 16ی ئۆكتۆبەر ئاراستەی بەغدا بە پشتیوانیی دەوڵەتانی ئیقلیمی نەهێشتنی قەوارەی كوردستان بوو، ئەو بیركردنەوەیەی بەغدا و تاران و ئەنكارا تا ئەو شوێنە بڕی كرد كە ئەمەریكاییەكان لێی بێدەنگ بوون، ئەگەر كورد لە حكوومەتی داهاتوو بەشدار نەبێت، دەبێتە حكوومەتی پێكهاتەیەك، ئەمەش لەگەڵ تێڕوانینی ئەمەریكا ناكۆكە، چونكە ئەمەریكاییەكان كە گوتیان ریفڕاندۆم نەكرێ و عێراقێكی بەهێز و هەرێمی كوردستانی بەهێزمان دەوێت، كەواتە لە پەراوێزخستنی كورد، ئەو عێراقە بەهێزە دروست نابێت.
لە ناوخۆی كوردستانیشدا پێویستە ئەوە ببیندرێ كە كەمتر لە ساڵێك لەمەوبەر، رووی تیر و ڕمی بەغدا لەگەڵ خولیا و خۆهەڵكوتانی هەندێ حزب بۆ دوو مەبەست لە هەولێر بوو، یەكیان نەهێشتنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و ئەویدیكەشیان كۆتایی هێنان بە پارتی دیموكراتی كوردستان، تەنانەت هەبوون خەونیان بەوەوە دەدیت، ئیدی پارتی ئەو هێزە نابێت بەغدا حیسابی بۆ بكات، ئەنجام نە قەوارەی كوردستان و نە پارتی لەناو نەچوون، كەواتە ئەگەر بەغدا و ئەوانەی لای خۆمان، هەر هیوایەكیان لەسەر نەمانی قەوارەكە و پارتی هەڵچنیبێ، پێویستە بەخۆدابچنەوە و بە روونی واقیع ببینن و چاویان لە هەولێر بێت، بەغدا بەپێی ئەزموونەكانی رابردوو، هەرچەند هەوڵدراوە بەغداپشت لە پارتی بكات، ناچار هەر گەڕاوەتەوە لای پارتی، با هەوڵی لەناوبردنیشی دابێ، چونكە بۆی دەركەوتووە هێزێكی راستەقینە و كاریگەری گۆڕەپانی كوردستانە.
سیاسەت مامەڵەكردنە لەگەڵ واقیع، بۆیە هەقە لایەنەكان لاپەڕەی دوێنێ وەرگێڕن و لە هەولێر لاپەڕەیەكی نوێ بكەنەوە، خەتی كاری سیاسی بۆ ئێستا و سبەی دابنێن، لەبەرامبەر گوشاری ئەمەریكا و هێزە ئیقلیمییەكانیشدا قسەی خۆیان هەبێ، بۆ ئەم مەبەستە رابردوو پڕە لە ئەزموون و بەڵگە.