بۆ ئێوەی عێراقچی بادانەوە عەیب نییە
July 2, 2018
وتار و بیروڕا
ریفراندۆچەکان کێشەیان بۆ پێکەوەژیان درووست کردووە و دەبێ دادگایی بکرێن، سیستەمی فیدراڵی پارێزگاکان شوێنی حکومەتی هەرێم بگرێتەوە و لە بەغداوە بڕیار لە چارەنووسمان بدرێ، نەک هەر دەنگی پێشمەرگە، پێشمەرگەش هەڵوشێنرێتەوە و هێزێک نەمێنێ بەناوی پێشمەرگەوە، ئەوانە و تەنانەت جاسووسیان بەسەر حکومەتی هەرێمەوە دەکرد و نەخشە و پلانی رووبەڕوو بوونەوەی سەربەخۆخوازانیان بۆ بەغدا و عەبادی دەکێشا.
ئێستا هەڵوێستە دژە کوردستانی و لێدوانە عەرەبیەکانی دوێنێی خۆیان لەبیر کردووە، وەک ئەوەی نە بایان دیبێ و نەباران سەد و هەشتا دەرەجە بایان داوەتەوە، راستە کە گوتوویانە هیچ شتێک لە حەیا رژاوان عەیب نییە، ئەوانەش حەیای سیاسی و نەتەوەییان رژاوە و شەڕی دوێنێی خۆیان دەکەن، ئەوەتا دوێنێ گرووپێک کەرکوکی دەفرۆشت و ئەوانی تریش لە فرۆشتنی بێدەنگ بوون و دەیانگوت: هەموو خەتای ریفراندۆم بوو، ئەمڕۆ شیوەن بۆ کەرکوک و کەرکوکیەکان دەگێڕن و دەڵێن: داعش جموجۆڵی پەیدا بۆتەوە و کەرکوک لە مەترسی دایە و دەبێ پێشمەرگە بگەڕێتەوە، کەرکوک کوردستانییە و هەر دەبێ بگەڕێتەوە باوەشی کوردستان.
لە کۆتاییدا دەڵێم: ئەگەر لەبەر خاتری کوردبوون و کوردستانی بوون نەبێ، ئێوەی عێراقچی و دژە ریفراندۆم و دژە سەربەخۆیی کوردستان، شایانی ئەوە نین پێشمەرگە لە داعش و حەشد و هیچ دوژمنێک بتانپارێزێ، چونکە لە داعش و حەشد و هەموو دوژمنان زیاتر دوژمنایەتی پێشمەرگەتان کرد.