ئیرهابی فکری و پەلاماردانی رەمز و بەها پیرۆزەکان
June 28, 2018
وتار و بیروڕا
١ــ مێژوو:ــ
مێژوو ناسنامەی گەلانە، تۆمارخانەی سەروەریەکان و قوربانیدانە، هەر گەلێک مێژوویەکی درووستی نەبێ ئەو گەلە خۆی ناناسێ و دۆست و دوژمنی لێ تێکەڵ دەبن، بۆیە هەر چوار داگیرکارەکەی کوردستان هەم بۆخۆیان و هەم لە رێگای دەست و پێوەندەکانیانەوە لە کاردان بۆ شێواندنی مێژوو، لەگەڵ بوونی ئەو راستییەشدا بزووتنەوەى گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و گرووپەکانی نزیک لە خۆیان، لە رێگای ئیرهابی فکری چی نەشیاوە بە مێژووی بزووتنەوەى رزگاریخواز و رەنج و قوربانیدانی شۆڕشگێڕانی کوردی دەکەن.
٢ــ مارشی نەتەوەیی:ــ
هەموو گەلانی دنیا خاوەنی سروودێکن بەناوی مارشی نەتەوەیی و لە بۆنە گرنگ و نەتەوەییەکان ئەو مارشە دەگوترێ و گەورە و بچووک وەک رێز گرتن لەبەری هەڵدەستن، (ئەی رەقیب) مارشی نەتەوەیی کوردە و زۆر پێشمەرگە لەکاتی گیان سپاردن گوتوویانە و زۆر شۆڕشگێڕیش لە کاتی بەرەو سێدارە چوون دوژمنی پێ تووشی شۆک کردووە و یەک لەوانەش لەیلا قاسمی کچە شۆڕشگێڕە، کەچی عەلی باپیری ئەمیری کۆمەڵ ئیسلامی وەک بێڕێزی کردن پێی لەبەری هەڵناستێ.
٣ــ ئاڵا:ــ
ئاڵا شکۆی نەتەوەیە و گەلانی بێ ئاڵا بوون و سەروەری نەتەوەییان لەژێر هەرشە و مەترسی دایە، کەچی بزووتنەوەى گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و گرووپەکانی نزیکیان، منداڵ و هەرزەکانیان وا فێر دەکەن کە ئاڵا پارچە پەڕۆیەکە و هیچ پیرۆزییەکی نییە، یان لە کاتی داگرتن و ژێرپێ خستنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک، خەڵکیان وا فێر دەکرد کە لەسەر پارچە پەڕۆیەک بارودۆخی سیاسی خۆمان تێک نادەین.
٤ــ پێشمەرگە:ــ
پێشمەرگە ئەو هێزەیە کە گیانی خۆی لە پێناو بەدیهێنانی ئارامی و پاراستنی خەڵکی کوردستان دەبەخشێ، کەچی ئیرهابکارانی فکری گۆڕان و کۆمەڵ و گرووپە نزیکەکانیان بە میلیشیا و ئەنفالچی و وێنەگری سێڵڤی ناویان دەبەن.
٥ــ سەربەخۆیی:ــ
کوشتوبڕ و نەهامەتی و کارەساتەکانی کورد هەمووی لە نەبوونی سەربەخۆییەوە سەرچاوەیان گرتووە، کوردیش لە پێناو ئەو مافە رەوا و سەرەتاییە زۆرترین قوربانی داوە و زۆرترین تاڵ و سوێری چەشتووە و زۆرترین ئاوارەیی و کاولکاری نیشتیمانەکەشی دیوە، کەچی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و گرووپە نزیکەکانیان ئەو مافە رەوایە دەدەنە بە تیری ئیرهابی فکری و سەربەخۆیی بە تاوان و سەربەخۆخوازان بە تاوانکار دەزانن، عێراقیبوون بە دەستکەوت و عێرقچێتیش بە سەروەری و پێشکەوتن ناودەبەن.