هاواری ئایەتوڵا
June 26, 2018
وتار و بیروڕا
لەعەرەبییەوە/ بەهادین جەلال
هەموو ساڵێك لە مانگی ڕەمەزانان عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئیسلامیی ئێران كاتی بەربانگ بە دەرفەت دەزانێت و پەیامێك ئاراستەی گەلی ئێران و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات، لە 23ی مانگی ئایاری رابردووشدا بە ئاشكرا لەمیانی بەربانگكردنەوەدا بە ئامادەبوونی چەندین گەورەبەرپرسی وڵاتەكەی، لەوانەش سەرۆك روحانی و محەمەد جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەو قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، لێدوانێكی داو تێیدا دوو ئامانجی خستەڕوو، یەكەمیان هەڵوێستی مەبدەئیی ئێرانی دەستنیشانكرد لە وتووێژكردن لەگەڵ ئەوروپادا دوای كشانەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە رێككەوتننامەی ئەتۆمی، دوومیان هەوڵ و كۆششی خۆی بۆ یەكگرتنی هەڵوێستی گەلی ئێران دژی ئەو قەیران و كێشانەی كە لە چەند مانگی داهاتوودا رووبەڕووی خەڵكەكە دەبنەوە.
(تۆم و جیری) لە تاران
هەرگیز جێگەی سەرسامی نییە كە زۆربەی قسەكانی نێو گوتارەكە بریتی بوو لە وەڵامدانەوە لەهەمبەر كشانەوەی ئەم دواییەی ترەمپ لە كارنامەی هاوبەشی هەمەلایەنە، خامنەیی لە گوتارەكەیدا دیسان دووبارەی كردەوە كە واشنتۆن هەوڵدەدات كۆماری ئیسلامی لەناوبەرێت، هەروەها پرسی ئەتۆمی تەنیا پەردەپۆشكردنی ئەم ئامانجەیە، دواتر جەختی كردەوە كە ئێران لە توانایدایە رووبەڕووی كارە تێكدەرانەكانی ئەمریكا ببێتەوە، بەڵێنی ئەوەشی دا كە چارەنووسی هەموو پیلانەكانی واشنتۆن هەر شكست و لەناوچوونە، وەك ئەوەی چۆن دەبینین كە لە فیلمی كارتۆنی( تۆم جیری)دا پشیلەكە شكست دێنێت!
پێشتریش خامنەیی هەمان ئەو سوعبەتەی كرد مەبەستیشی لەمەدا پیشاندانی توانای وڵاتەكەیەتی لەسەر خۆڕاگری لەژێر فشاری ویلایەتە یەكگرتووەكاندا، لە ساڵی 2011دا بەر لەچەند مانگێك لە سەپاندنی سزا قورسەكانی ئەمریكا بەسەر كەرتی نەوتی ئێراندا، رایگەیاند كە ئەم جۆرە رێكارانە كاریگەرییان نییە، چونكە تاران دەتوانێت بە ئاسانی رووبەڕووی (تۆم)و هاوپەیمانە رۆژئاواییەكانی ببێتەوە!!! بە گوتەی ئەو، ئەوانە زۆر شتی وا دەكەن و پشێوی دەنێنەوە، بەڵام هەرچەند وا بكەن كارەكانیان شكست دێنێت.
شەش وانەكەی خامنەیی
ناوەڕۆكی گوتارەكەی رابەری باڵا بریتی بوو لە لیستێك كە شەش وانەی لەخۆگرتبوو، پێویستە ئێرانییەكان ئەو وانانە لە(كارنامەی هاوبەشی هەمەلایەنە) وەربگرن، هەر وەك هەموو جارێ لێدوانەكانی خامنەیی هەر دێڕێكیان بە جوانی داڕێژراوەو پڕیەتی لە ئاماژە بۆ خەڵكانێكی جیاواز، جەماوەری سەرەكیی ئەم جارە بریتی بوون لە( هەرسێ كۆمەڵە دەوڵەتی ئەوروپا- بەریتانیاو فەرەنساو ئەڵمانیا) و گەلی ئێران و سەرۆك روحانی، ئەم لیستەش بەم شێوەیەیە:
1- ئێران ناتوانێت كار لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا بكات، خامنەیی پێی وابوو كە بڕیاری سەرۆك ترەمپ دەربارەی كارنامەی هاوبەشی هەمەلایەنە نیشانەی نەخۆشییەكی گەورەترە، واتا واشنتۆن رێز لە بەڵێنەكانی ناگرێت، جا هەر سەرۆكێك بێت، بە رای ئەو تەنانەت سەرۆك ئۆباماش پێشێلكاریی هەبوو لە گیان و ناوەڕێكی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەو هەوڵی دا سەقامگیریی وڵاتەكەی لەق بكات، دواجار ئێران ناتوانێت متمانە بەم حكومەتە بكات، یان گرێبەستی لەگەڵدا بكات، ئەم پەیامە ئاراستەی روحانی و زەریفی كرابوو كە هەردووكیان پاڵپشتی لە دیبلۆماسییەتدا دەكەن لەگەڵ واشنتۆن، هەروەها بۆ ئەو چاكساسیخوازانەی ئێران كە تائێستا چاویان لەوەیە ئەمریكا بەشداری پێبكەن لە گفتوگۆی شارستانییەكان.
2- دوژمنكاریی ویلایەتە یەكگرتووەكان زیاتر لەسەر بوونی خودی كۆماری ئیسلامی و بەرنامە ئەتۆمییەكەیەتی، خامنەیی باسی لە گوتارەكەی مایك پۆمبیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كرد لە 21ی ئایار دەربارەی ئێران، لەم بارەوە گوتی: لیستەكەی ئیدارەی ئەمریكا 12 داواكاری تێدایە و تەنیا جەخت لەسەر كێشەی جەوهەریی واشتۆن لەگەڵ تاران دەكاتەوە، بە دیاریكراویش رەتكردنەوەی سازشی ئێران لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكاندا، هەروەها پابەندبوونی رژێمەكەی بە حوكمڕانی و بەها ئیسلامییەكان، خامنەیی پێی وایە كە ویلایەتە یەكگرتووەكان چارەسەركردنی ئەو كێشەیەی لە رێی نەهێشتنی فاكتەرە بەهێزكانی كۆماری ئیسلامی هەڵبژاردووە، وەك بەرنامە ئەتۆمییەكەی، هەروەها مووشەكە بالیستییەكان.
3- نەرمینواندن بەرامبەر دوژمن وای لێدەكات زیاتر دوژمنایەتی بكات، خامنەیی لەم رووەوە ئاماژەی بەوە كرد كە لەكاتێكدا لاری نییە لەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ دانانی سنوور بۆ دوژمنكاریی دەرەوە بەرامبەر ئێران، ئەزموونی پێشوو فێری كردووە كە هەرگیز ناكرێ لە رێی نەرمینواندن و سازانەوە لەگەڵ ئەمریكای دوژمن رێكبكەوین، بۆ سەلماندنی ئەمەش، روونی كردەوە كە ئەو پاشگەزبوونەوانەی تاران لەسەردەمی ویلایەتی رەفسنجانی و خاتەمی نواندی تەنیا فشاری زیاتریان لێكەوتەوە، بێ گومان ئەمەش لە چوارچێوەی رەخنەیە بەرامبەر سەرۆك روحانی، لەبەر ئەوەی لایەنی سەرەكییە لە جێبەجێكردنی سیاسەتەكانی هەردوو حكومەت. سەیریش لەوەدایە كە پاساوی خامنەیی ناكۆكە لەگەڵ گوتاری(نەرمیی قارەمانێتی) كە لە 2013 پێشكەشی كرد كە تێیدا جەختی كردبۆوە كە(نەرمینواندن لە هەندێ بواردا پێویستە، هیچ هەڵەیەكی تێدا نییە ، بەڵام لەبیرتان نەچێت كێ نایارو دوژمنتانە).
4- بەرهەڵستیكردنی رۆژئاوا دەستكەوتی لەپشتەوەیە، خامنەیی بە ئامادەبووانی گوت: لەمیانی وتووێژەكانی ئەتۆمیی ساڵانی 2004و 2005دا رۆژئاوا داوای لە ئێران كرد دامەزراوە ئەتۆمییەكانی هەڵوەشێنێتەوەو پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێت، لەجیاتی ئەوە، تاران دامەزراوەیەكی گۆڕینی یۆرانیۆمی لە ئەسفەهان دامەزراند و هەوڵەكانی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لە نتانز خستەگەڕ، لە كۆتاییشدا كۆمەڵە یۆرانیۆمێكی بەرهەمهێنا كە 2%ی بەرامبەر ئەو یۆرانیۆمە تێدایە كە توانای دابەشبوونی هەیە(یۆراینۆم 235)، ئەمەش ئاستی پێویستە تاكو ببێتە ماددەیەكی نیمچە قابیلی بەكارهێنان لە چەكی ئەتۆمیدا، بە دەستەواژەیەكی دیكە، خامنەیی گوتی: تەنیا لەمیانی پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمی و بەرهەڵستیی رۆژئاوادا، ئێران توانی مافی پیتاندنی دەستبكەوێت بەپێی (كارنامەی هاوبەشی هەمەلایەنە) لە ساڵی 2015دا، نەك لە رێی وتووێژی بەر لە دە ساڵ.
5- ئەوروپا جێگەی متمانە نییە چونكە لەسەر كێشە جەوهەرییەكان لەپاڵ واشنتۆن دەوەستێت ، جا بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونە خامنەیی ئاماژەی بۆ چەند حاڵەتێكی وتووێژەكانی(كارنامەی هاوبەشی هەمەلایەنە) كرد كە دەبوایە گروپی سێ دەوڵەتە ئەوروپییەكە هەڵوێستی ئێرانیان لەم وتووێژانە سنوورداربكردایە، هەروەها روونیكردەوە كە ئەم كۆمەڵە دەوڵەتە فێڵیان لە ئێران كردووە كاتێ بەرامبەر بەڵێنەكەیان بێ وەفا بوونە كە لە گفتوگۆكاندا لە ماوەی 2004 بۆ 2005 دابوویان و چاوپۆشیان كردبوو بەرامبەر پێشێلكردنی ناوەڕۆكی (كارنامەی هاوبەشی هەمەلایەنە) لەلایەن واشنتۆنەوە.
6- كێشەكانی ئێران پەیوەست نین بە رێككەوتنی ئەتۆمی یان كاروباری دەرەوە، مادام خامنەیی داوای لە كۆماری ئیسلامی كردووە پشت بە خۆی ببەستێت و پشتبەستن بە هێزە دەرەكییەكان كەمبكاتەوە، لە زتارێكدا روونی كردەوە كە ئابووریی وڵات بۆ چەند مانگێك لە قەیراندا بوو لەكاتێكدا هێزە دەرەكییەكان بیریان لەوە دەكردەوە لەوەی ئایا بەردەوام دەبن لە پارێزگاریكردن لە رێككەوتننامە ئەتۆمییەكە یان لێی دەكشێنەوە، هەروەها گوتی : ئەم بارودۆخە ناكرێ بەردەوام بێت، ئاماژەی بەوەدا كە پێویستە رێوشوێن بگیرێتەبەر بۆ چاككردنی ئابووریی ئێران دوور لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەوروپا.
لەم رووەوە، خامنەیی داوای لە بەرپرسانی ئەمریكا كرد گوێ لە رەخنەی ویژدانی بگرن كە بریتییە لە تێكەڵەیەكی زانیاری دەربارەی بۆچوون و بیركردنەوەی خۆی، بەمەش دەیەوێت ئەم قسانە بگەیەنێتە روحانی تاكو ئابووریی وڵات دوور لە رۆژئاوا جارێكی دیكە بێتەوە سەر خۆی، هاوكات داوای لە بەرپرسان كرد واقعیانە بیربكەنەوەو بە خەونبینینەوە هەڵنەخەڵەتێن، بەبیر ئامادەبووانیشی هێنایەوە كە ئەو بەڵێنەی گوایە 100 ملیار دۆلار دەدرێت بە ئێران دوای (كارنامەی هاوبەشی هەمەلایەنە) تەنیا خەون و وەهمێكە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ لێدوانەكانی مانگی شوباتی 2016ی بەرپرسانی حكومەتەكەی رۆحانی دەربارەی ئەم بڕە پارەیە.
داواكارییەكانی ئەوروپا
لەپاڵ خستنەڕووی ئەو وانانەدا، گوتارەكەی خامنەیی لیستێك داواكاریی لەخۆگرتبوو كە دەبێ ئەوروپا پێیانەوە پابەندبێت تاكو رێگە لە ئێران بگرێت رێككەوتننامەی ئەتۆمی هەڵنەوەشێنێتەوە، كە بریتی بوون لە:
- بڕیارێكی ئەوروپی پرۆتستۆی ویلایەتە یەكگرتووەكان دەكات كە پێشێلی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەكات ژمارە 2231.
- بەڵێنێك بە نەورووژاندنی بابەتی مووشەك و كاروباری ئیقلیمیی كۆماری ئیسلامی.
- پابەندبوون بە بەرهەڵستیكردنی هەموو سزاكانی دژ بە ئێران.
- زەمانەتی ئەوەی كە ئەگەر واشنتۆن تەگەرەی خستە رێی فرۆشتنی نەوتی ئێران بە دەوڵەتانی دیكە ، ئەوا ئەوروپا قەرەبووی ئێران بكاتەوە بەوەی كە خودی ئەوروپا نەوتەكەی بكڕێتەوە.
- پابەندبوونی ئەوروپا بە بەردەوام مامەڵەكردنی بانكی لەگەڵ ئێراندا.
رابەری باڵا هۆشیاریشی دا كە ئەگەر لە كاتی گونجاودا داواكارییەكەی جێبەجێ نەكرێت، ئەوا ئێران مافی خۆیەتی چالاكییە هەڵپەسێردراوە ئەتۆمییەكانی دەست پێ بكاتەوە وەكو پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ رێژەی 20%. بەڵام كاتێ تاران ناتوانێت هەموو داواكارییەكانی پۆمبیۆی وەزیر بێ گۆڕینی جەوهەری رژێم بەدی بهێنێت، ئەوا حكومەتەكانی ئەوروپا ناتوانن بەپیر لیستی هەموو داواكارییەكانی خامنەییەوە بچن لەبەر رۆشنایی پەیوەندییە دیبلۆماسی و ئابووری و سەربازییەكانیان لەگەڵ واشنتۆن.
لەگەڵ دابەزینی نرخی ریال بۆ كەمترین نرخ و زیادبوونی پێداویستییە میللییەكان سەبارەت بە بابەتە نێوخۆییەكانی وەك مافی كرێكاران و ئاوەڕۆ و یەكسانیی نێوان هەر دوو رەگەز، ئێران دەرك بەوە دەكات كە پێویستی بە كۆكردنەوەی خەڵكە لە دەوری ئاڵای ئێران لەپێناو خۆراگری بەرامبەر تەحەدییەكانی داهاتوو و رێگەگرتن لە سەرهەڵدانەوەی شەپۆلێكی دیكەی پشێوی بە شێوەیەكی فراوان. پێشبینی ئەوەش دەكرێت كە رژێمی ئێران دەشزانێت(كارنامەی هاوبەشی هەمەلایەنە) ناتوانێت بەبێ واشنتۆن بەردەوام بێت، هەروەها هەر رێكارێكی ئەوروپی بگیرێتەبەر دژی فشارەكانی ئەمریكا سنوورداردەبێت، لەبەر ئەوە هەڵبەتە هەموو ئایەتوڵایەكان هەر قەرەبوویەكیان بۆ پێشنیاربكرێت وەریدەگرن ئەگەر ئەمە هاریكاریان بێت بۆ ئامادەكاری بەرامبەر تەحەدییەكانی داهاتوو، هەتا ئەگەر ئەمە ببێتەهۆی دواكەوتنی دەستپێكردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەكە بۆ چەند مانگێك.
لە كۆتاییدا خامنەیی ئاماژەی بەوە كرد كە (دوژمن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكای كردۆتە ژووری جەنگ) بۆیە ئێران پێویستی بە دامەزراندنی(بارەگای سەرەكی)هەیە لە ناوەندە ئابوورییەكانی خۆیدا، ئەم لێدوانانە دووپاتی دەكەنەوە كە هەتا ئەگەر هاوكاریی سنوورداری ئەوروپاش دابینبكرێت، ئەوا هەر ئێران رووبەڕووی سەختترین تەحەددی دەبێتەوە، لەو تەحەددییانەی كە لەسەردەمی ئێستای ولایەتی رابەری باڵادا رووبەڕووی دەبێتەوە و سی ساڵ بەردەوام بووە، بۆیە سەیر نییە ئەگەر خامنەیی بە لیستێكی دوورودرێژ كۆتایی بە گوتارەكەی بهێنێت و تێیدا باس لە خاڵەبەهێزەكانی ئێران بكات، هیواش بخوازێت كە دیارە قەناعەت بە گەل بهێنێت كە دەتوانێت بەرگەی ئەو فشارانە بگرێت كە دێتە رێی ئێران.
* عومێر كەرمی، بەڕێوەبەری هەواڵگرییە لە كۆمپانیای سیبرانی ئیسرائیل(سیكسجیل) و هاوڕێیەكی پێشووی سەربازییە لە پەیمانگەی واشنتۆن، پێشتر توێژینەوە شرۆڤەكاری كردووە لە( سوپای بەرگریی ئیسڕائیل) تایبەت بە پەرەسەندنەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بوارەكانی ئاسایشی نەتەوەیی.