پەکەکە دەبێ خۆی بگۆڕێ
June 26, 2018
وتار و بیروڕا
کێشەی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان کێشەیەکی نەتەوەییە و لەبەر کوردبوون دەکوژرێ و دەچەوسێنرێتەوە، پەکەکە ئەو کێشە نەتەوەییەی لەناو تەپوتۆزی ئایدۆلۆژیادا ون کردووە، لە رۆژهەڵات لەگەڵ رژێمی ئێرانی داگیرکار و دوژمن بە کورد دۆست و هاوپەیمانە، جیا لەوەی گرووپێکی بۆ ئاژاوە نانەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان درووست کردووە، لە کاتی پەڕینەوەى حزب و لایەنە سیاسیەکانی ئەو بەشەی کوردستان لە سنوور و چوونە ناو گۆڕەپانی خەباتی خۆیان کە رۆژهەڵاتی کوردستانە رێگریان لێدەکا و شەڕیان پێ دەفرۆشێ.
لە رۆژئاواش دۆست و هاوپەیمانی رژێمی سوریای داگیرکارە و شەڕ بە هەموو حزب و لایەنە کوردستانیەکانی ئەو بەشەی کوردستانیش دەفرۆشێ، لە باشووریش وەک دەبینین بەردەوام لە هەوڵی کێشە درووست کردنە بۆ حکومەتی هەرێم و هێزەکانی خۆشی دەنێرێتە ناو حەشدی شەعبی و لە کوێش پێویست بکات چاوساغی بۆ حەشد و سوپای عێراق دەکا و سەنگەرەکانی بۆ چۆڵ دەکات، ئەوەی جێگای گومانە و هەڵوێستە نا شۆڕشگێڕیەکانی پەکەکە دەخاتە ژێر پرسیار و مەدالیای کوردایەتی و سەروەری خەباتی رزگاری نیشتیمانی لێ وەردەگرێتەوە، لە چوار رژێمی داگیرکاری کوردستان سێیان بە دۆست و هاوپەیمانی خۆی دەزانێ و تەنها رژێمی تورکیا بە داگیرکاری کوردستان دەناسێنێ.
پەکەکە کە هەڵقوڵاوی باکووری کوردستانە هەر کاتێ پرسی کورد لەو بەشەی کوردستان هاتبێتە سەر خوانی گفتوگۆ، شەڕی درووست
کردووە و دواتریش تاکلایەنە ئاگربەستی راگەیاندووە، لە ئەنجامی ئەو سیاسەتە هەڵەیەی پەکەکە لە هەر چوار بەشەکەی کوردستان بە گشتی و باکوور بە تایبەتی، لە هەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیران باکووریەکان بە دەنگدان بە ئاکپارتی و ئەردۆغان پەیامێکی گرنگیان بۆ پەکەکە نارد و ئەگەر تێبگات راستەوخۆ پێی گوترا خۆی بگۆڕێ.
ئاخر ئەوە سیاسەتی هەڵەی پەکەکەیە کە ئەردۆغانی دوژمن بە کورد و ماف و ئازادیە نەتەوەییەکان و (ئاکپارتی) داگیرکار، لە دیاربەکری پایتەختی کوردایەتی و شاری شێخ سەعیدی پیران و شێخ عوبەیدوڵای نەهری ٢٤% دەنگی کورد بۆ خۆیان بەرن، یان حزبی (ئاکپارت)ی تورک نەژاد لە شارە کورد نشین و کوردستانیەکانی باکوور ٧٦ی کورسی پەرلەمانی بۆ خۆی بەرێ و (هەدەپە)ش لە هەمان ئەو شارە کوردنشینانە ٤٤ کورسی بێنێ، جارێکی تر دەڵێم: پێویستە پەکەکە یان سیاسەتی ئادۆلۆژی پەرستی خۆی بگۆڕێ و بەرەو سیاسەت و خەباتی نەتەوەیی و رزگاری نیشتیمانی بگەڕێتەوە، یان واز لە خەباتی باکووریەکان بێنێ و لێگەڕێ لەگەڵ واقعی سیاسی ناوخۆی تورکیا خەبات بکەن، چیتریش کێشە بۆ خەباتی رزگاری نیشتیمانی باشوور و رۆژهەڵات و رۆژائاوا درووست نەکا و لەو سێ بەشەی کوردستان دەستبەرداری سیاسەتی دوژمن بە دۆست کردنیش ببێ.