بوونی ئۆپۆزسیۆن لەناو سیستەمی دیموکراسیدا
June 24, 2018
وتار و بیروڕا
ئەگەر هەڵوێستی ئێستا و رابردووی ئەو لایەنانەی خۆیان ناوناوە ئۆپۆزسیۆن لە چرای دیموکراتی بدەین، دەگەینە ئەو راستییەی کە ئەرکی ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆیان ون کردووە و لە دەرەوەی بنەماکانی دیموکراتی کەوتوونە گەمەیەکی مەترسیدار، روون و ئاشکرا سەنگەری دژایەتیان لە دەسەڵات گرتووە و کار لەسەر رووخاندنی ئەو ئەزموونە دەکەن کە مڵکی هەموو کوردە و بەری رەنجی دەیان ساڵ خوێن و خەبات و قوربانیدانە، بۆ ئەو مەبەستە و رووخاندنی ئەزموونی کوردستان هەموو رێگاکانیان گرتوونەبەر و تەنانەت سڵ لە پەنا بردن بۆ دوژمنان و خیانەت کردنیش ناکەن.
هەر یەکێک لەو لایەنانەی خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن یان راستتر بڵێین دژە ئەزموونی کوردستان و بەری رەنج و خوێن و خەباتی دەیان ساڵەی بزووتنەوەى رزگاریخوازی کورد دەزانن، بە پێی دەنگ و بوونی کورسی پەرلەمانی و ئەو متمانەیەی خەڵک پێی داون لە دەسەڵات دابوون، لە شەقامیش پەلاماردەر و بانگەشەی رووخانی دەسەڵاتیان دەکرد، لایەن هەیە لە یەکەم رۆژی دامەزاندنی حکومەتی هەرێمەوە شەریک و برابەشی دزی و گەندەڵیەکانە، کەچی خۆی بە خاوەنی سەرکەوتنەکان دەزانێ و لە گەندەڵی و شکستەکانیش خۆی بێبەری دەکات، دژی گەڕانەوە بوون بۆ دەنگ و بڕیاری خەڵک و لە ریفراندۆمدا بە لە ٧%ی دەنگی نەخێر بۆ سەربەخۆیی کوردستان، کەوتنە شەڕی لە ٩٣%ی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی و خۆشیان بە نوێنەری خەڵک دەزانن، کێشە و ململانێ حزبییەکانی کوردستانیان گواستنەوە بەغدای عرووبە، دەنگیان بە حەشدی شەعبی داو پشتیان لە پێشمەرگە کرد، هەوڵیاندا دەنگی پێشمەرگە هەڵوەشێتەوە و چاوپۆشیان لە دەنگی حەشدی شەعبی کرد، عێراقیبوون و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراقیان کردە ئامانج و ئەرکی لە پێشینەی خۆیان و کوردستانی بوون و ئامانجی سەربەخۆیی کوردستانیشیان کردۆتە تاوان و دەرچوون لە هێڵە گشتیەکانی نیشتیمانی، لە هەموو ئەوانەش مەترسیدارتر پێشمەرگەیان بە میلیشیا و ئەنفالچی ناوبرد، بەوەش پێشمەرگەیان بردە ریزی سوپا ئەنفالچییەکەی سەددام حوسێن و رەواییان بە داگیرکاریەکەی حەشدی شەعبی دا، جا ئەگەر ئەو حزب و لایەنانەی لە کوردستان خۆیان ناوناوە ئۆپۆزسیۆن، بەڕاستی ئۆپۆزسیۆن بوون ئاوابێ! ئەوا تورک و فارس و عەرەبیش داگیرکار و دوژمن نین و ئۆپۆزسیۆنن، چونکە ئەوانیش بەرامبەر بە ماف و ئازادیە نەتەوەییەکانی کورد و سەربەخۆیی کوردستان هەمان هەڵوێست و هەمان ئاکار و رەوشت و هەمان بیر و بۆچوونی ئەو حزب و لایەنە بەناو کوردیانەیان هەیە کە خۆیان ناوناوە ئۆپۆزسیۆن.