خۆ شەرمەزارکردنێکی بێ دەستکەوت
June 23, 2018
وتار و بیروڕا
یەکێک لەو کارە شەرماوی و ئابڕوو بەرانەیەی کە مێژوو تۆماری دەکات، پێداگری لایەنە ناڕازیەکانی کوردستان بوو لە پەرلەمانی عێراق کە رازی نەبوون دەنگی پێشمەرگە وەک دەنگی هەموو دەنگدەرانی عێراق بە دەست هەژمار بکرێنەوە و داوایان کرد بە یەکجاری هەڵوەشێنرێتەوە، پێداگری ئەو لایەنانە لەسەر هەڵوەشاندنەوەى دەنگی پێشمەرگە گرەو کردن بوو لەسەر بردنەوەی یەک دوو کورسی پەرلەمانی عێراق، بەڵام دوای ئەوەی ئەو پرسە گەیەنرایە دادگای فیدراڵی عێراق گرەوەکەشیان دۆڕاند و بێ هیچ دەستکەوتێک خۆیان شەرمەزار کرد.
پێداگری ئەو لایەنە بەناو کورد و کوردستانیانە لەسەر هەڵوشاندنەوەی دەنگی پێشمەرگە و بێدەنگی و ملکەچ بوونیان لە ئاست دەنگی میلیشیای حەشدی شەعبی زۆر هەڵدەگرێ، بۆیە دەپرسین: ئەگەر هاتوو لە هەژمار کردنەوەى دەنگەکاندا دەنگی پێشمەرگە پاک و بێ تەزویر و دەنگی حەشدی شەعبی مەهزەلە و پڕ تەزویر بوو، ئەو لایەنانە چی وەڵامی مێژوو دەدەنەوە؟ چی وەڵامی خوێنی شەهیدان و ئەو دەستکەوتانە دەدەنەوە کە بە خوێنی ئەوان هاتوونەدی؟ ئەی چی وەڵامی پێشمەرگە دەدەنەوە کە لە بەعسی رزگار کردن و لە داعش پاراستن و لەمەودواش چاویان لە دەستی پێشمەرگەیە لە هەرەشەی دوژمنان بیان پارێزێ؟
لە وەڵامی ئەو پرسیارانەدا دەڵێم: ئەو حزب و لایەنانە ئەگەر شەرمیان بەوە نەبێ بە گومان و لە پێناو ئاخۆ یەک دوو کورسی دەبەنەوە یان نا، خۆیان شەرمەزار بکەن و هەڵوەشاندنەوەى دەنگی پێشمەرگە لەسەر دوژمنانی پێشمەرگە بکەن بە مەرج، شەرم لەو پرسیارانەش ناکەن و وەک هەمیشە شەرمەزارن لە شەرمەزاری وەڵامی پرسیارەکانیش ناترسن، چونکە لەگەڵ شەرمەزاری راهاتوون و لە ژیانی سیاسییاندا شەرمەزار بوونیان بە ئاسایی وەردەگرتووە.