حزبی کوردی و لستنەوەى ئەو چەقۆیەی کورد پێ سەر دەبردرێ
June 21, 2018
وتار و بیروڕا
سەردەمانێک و بە تایبەتیش پێش راپەڕین، شیعەی عەرەب لە ترسی زوڵم و ستەمی سوننەی عەرەب و بۆ پاراستنی گیان و نامووسیان ناوچەکانی خۆیان چۆڵ دەکرد و پەنایان بۆ کورد دێنا، دوای رووخانی رژێمی بەعس و بە تایبەتیش لە سەردەمی دەسەڵاتی داعش و دواتر هاتنی حەشدی شەعبی، سوننەی عەرەب بۆ رزگار بوون لە دەستی حەشدی شیعی و لە ترسی سیغە کردن و بە تاڵان بردنی ژن و کچەکانیان پەنایان بۆ کورد و کوردستان دێنا، کورد لە هەردوو بارەکەدا هەم شیعەی لە سوننە پاراست و هەم سوننەشی لە شیعە پاراست، بەڵام ئەوەی جێگای پرسیارە شیعە و سوننەی عەرەب کە لەسەر هیچ شتێک کۆک و تەبا نین و تەنانەت خوێن و نامووسی یەکتری بۆ خۆیان بە حەڵاڵ دەزانن، کاتێک باس دێتە سەر کوشتن و ئاوارە کردنی کورد و داگیرکردنی وڵاتی کوردان، دوژمنایەتی (١٤٠٠) ساڵەی نێوانیان و خوێن و بە تاڵان بردنی نامووسی یەکتری لەبیر دەکەن و موو بە بەینیانەوە ناچێ.
کوردیش پەند لەو مێژووە تاڵ و پڕ کارەساتە وەرناگرێ کە لەگەڵ عەرەب بە سوننە و شیعەوە هەیەتی، بەردەوام و وەک ئێستا هەڵەکانی رابردوو دووبارە دەکاتەوە، هەندێ حزب و لایەنی سیاسی کوردی لە ململانێ حزبییەکاندا و بۆ شکاندنی رکابەرەکانیان، رۆژێک پەنا بۆ سوننەی عەرەب و رۆژێکیش پەنا بۆ شیعەی عەرەب دەبەن، ئەوە لە کاتێکدایە ئەگەر لە هەر یەکێک لەو حزب و لایەنە کوردیانەی بەردەوام لە پەنابردن دان بۆ سوننە و شیعەی عەرەب بپرسی: کورد بۆ رزگار بوون لەو مەینەتی و کارەساتانەی لەسەر دەستی شیعە و سوننەی عەرەب بەسەری هاتوون چی بکات باشە؟ بێ سێ و دوو دەڵێ: ناوماڵی خۆی رێکبخات و بە کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی و بە گوتاری نەتەوەیی رووبەڕووی سیاسەتی عرووبەخوازی و عەقڵیەتی هەمەجیانە و بیابانگەرایی عەرەب ببێتەوە, بەڵام لەگەڵ بوونی ئەو راستییەشدا هەر کاتێک باس هاتە سەر بە کردارکردنی هەڵوێست و گوتارە نەتەوەییەکە، ئەو حزب و لایەنە کوردیانە کۆی کارەسات و نەهامەتیەکانی مێژوو لەبیر دەکەن و دەکەونە لستنەوەى ئەو چەقۆیەی دەیان ساڵە کوردی پێ سەر دەبڕدرێ، وەک ئەوەی هیچیان نەدیبێ و نەبیستبێ سیلەی روحمی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراقیان دەجووڵێ و وەک لە کاتی دەنگدان بە حەشدی شەعبی و رێککەوتنەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر، لەگەڵ برا عەرەبەکانیان دەکەونەوە کەینوبەنی سیاسی و ورتەورتی حزبی.