حەقیقەتی سلێمانی لە ژێر کاریگەری ئیرهابی فکریدا
June 20, 2018
وتار و بیروڕا
لە سلێمانی هەست و سۆزی خەڵک بریاندار نەکەی و خەڵک نەشکێنی، هەست و سۆزت بریندار دەکەن و دەتشکێنن.
پەلاماری خەڵک نەدەی، پەلامار دەدرێی.
خەڵک جنێوشۆر نەکەی، جنێوشۆر دەکرێی.
بە ڤایرۆسی ئیرهابی فکری دووگیان نەبی، کەسایەتی و ژیان و هەڵسوکەوتی تایبەتیت لە مەترسی دایە.
وەک ئەوان بیر نەکەیەوە، بە تۆمەت دانەپاڵ و بوختان هەڵبەستن ناوت دەزڕێنن.
دیموکراتی و ئازادی بیروڕا لە حەز و خولیاکانی خۆتدا بەرجەستە نەکەی بە حەز و خولیا شەڕانگێزەکانیشەوە، بە دیکتاتۆرت ناو دەبەن.
لەگەڵ مالیکی شانەوشان بکەو لەگەڵ عامریشی ژێر بە ژێرت هەبێ، بەلاینەوە باشترە لەوەی لەگەڵ پارتی کۆ ببیتەوە.
سەربەخۆخوازان بە خائین و جاش نەزانی، بە خائین و جاشت دەزانن.
چاڵ بۆ خەڵکی شۆڕگێڕ هەڵنەکەنی، چاڵت بۆ هەڵدەکەنن.
جاش بەغدایی و جاش تارانی نەبی، دەڵێن: بۆتە کۆیلە.
باسی کوردایەتی بکەی: دەڵێن: نەخوێندەوار و توندڕەو و شەڕانگێزە.
باسی ئازایەتی گیانبازی پێشمەرگە بکەی، دەڵێن: بەس وێنەی سێڵڤی گرتووە.
بڵێی کوردیش مافی خۆیەتی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، دەڵێن: ئەی ئەوە تۆش بوویە پارتی؟!