لە لوتکەوە بەرەو کوێ؟

لە لوتکەوە بەرەو کوێ؟
چیا چەندی بەرزبێ و کورد گوتەنی سەری لەناو هەوارن دابێ، شوێنێک هەیە پێی دەوترێ لوتکە، هەر کاتێ مرۆڤ گەیشتە سەر ئەو لوتکەیە دەبێ بوەستێ و بە هەر لایەکدا بڕوات شۆڕبوونەوەیە بەرەو خوار, ئیرهابی فکریش لە سلێمانی گەیشتۆتە لوتکە و سەری لەناو گەوڵە هەوری چەواشەکاری سیاسی و خواستی رشتنی کۆنەقین و ئامانجی وڵاتفرۆشی دایە، تەنانەت وای لێهاتووە جاش بە پێشمەرگە و خیانەت بە خەبات و خیانەتکارانیش بە شۆڕشگێڕو پارێزەری وڵات دەزانن، ئاژاوە نانەوە و تێکدانی ناوماڵی کورد بە بەرگری کردن لە ماف ئازادی خەڵکی هەژار ناودەبەن، دیموکراتی و ئازادی بیروڕایان لە جنێوفرۆشی و پەلامار و هەڵکوتانەسەر و بەردەفڕکێدا چڕ کردۆتەوە، ریفراندۆم بە تاوان و سەربەخۆخواز و ریفراندۆمچیەکان وەک تاوابار دەناسێنن، کوردستان بە بەشێکی جیا نەکراوەی عێراقی عەرەبی و عێراقچیەکانیش بە نوێنەر و بڕیاردەر لە چارەنووس و دواڕۆژی کورد دادەنێن.
ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووش بدەینەوە دەبینین زۆر دیکتاتۆر لە لوتکەی دەسەڵاتەوە هاتوونە ژێر پێی ئازادیخوازان، نموونەش: هیتلەر و سەددام حوسێن و زۆری تریش، زۆر ئیرهابچی فکریش لە لوتکەی چەواشەکاری و شێواندنی راستییەکانەوە گلاون و لە دامێنی راستگۆییدا شەرمەزار کراون، نموونەش غۆبڵزی گەورە ئیرهابچی فکری و راستی شێوێن، زۆر خائینیش لە لوتکەی خیانەتەوە هاتوونە بەردەم دادگای خیانەت لێکراوان، نموونەش میرابۆی فەرەنسی.
جا ئەگەر ئێوەش دیکتاتۆر بن گەیشتوونە لوتکە و دەبێ بێنە خوارێ، خۆ ئەگەر ئیرهابیچی فکریش بن گەیشتوونە لوتکە و دامێنی راستگۆیی چاوەڕوانی گلانتانە, خۆ ئەگەر خائینیش بن بە لوتکەی خیانەت گەیشتوون و رۆژێک دێ بێنە بەردەم دادگای ئەوانەی خیانەتتان لێکردوون.
Top