قۆناخی داهاتووی شەڕی دژ بە رێكخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی"
June 18, 2018
وتار و بیروڕا
نووسینی/ ماسیۆ لیڤیت
لە عەرەبییەوە/ بەهادین جەلال
رێكخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" لە عێراق و سووریادا رووبەڕووی شكستێكی زۆری مەیدانی دەبێتەوە، بەپێی راپۆرتێكی تازەی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەو رێكخراوە زیاتر لە 90%ی ئەو داهاتەی لەدەستداوە كە لەوەتەی ساڵی 2015 كۆیدەكردەوە، رەوشی رێكخراوەكە بە شێوەیەكی ئەوتۆ رووی لە خراپی كردووە تا ئەو رادەیەی هەندێ هێرشی تیرۆریستی ئەنجامداوە كە پەیوەندییان بەوەوە نەبووە، داعش دەركردنی هەندێ لەو گۆڤارە ئەلیكترۆنییانەی خۆی راگرت كە هۆكاربوون بۆ ناساندنی ئەم رێكخراوە لەسەر ئاستی جیهاندا، بەڵام سەرەڕای ئەو شكستانەش، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە دوا راپۆرتیدا سەبارەت بە هەڕەشەكانی داعش بۆسەر ئاشتی و ئاساییشی نێودەوڵەتی بە كورتی دەڵێت: تا ئێستاش رێكخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" مایەی مەترسیی گەورەیە بۆ سەرانسەری جیهان.
بەپێی راپۆرتەكە، لەئێستادا رێكخراوی داعش وەك دەستەیەكی تۆڕی جیهانی كاردەكات كە ریزبەندییەكی ئاسۆیی هەیە و كەمترین دەسەڵاتی كردەیی بەسەر گرووپەكانیدا هەیە، لە رووی كردەنییەوە مانای وایە رێكخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" بۆ ئەنجامدانی كردەوەكانی زیاتر پشت بە كەسانێك یان بە هەندێ گرووپی خۆی دەبەستێت، تۆڕەكانی پەیوەندیی كۆمەڵایەتی بەكاردەهێنێت، وێڕای پێگە موشەفەرەكان و ئەنتەرنێتی رەش بۆ پەیوەندیكردن بە لایەنگران و گرووپەكانی لە ناوچەكەدا.
گەشتیارانی شكستخواردوو - واتا ئەوانەی لە سەفەركردن بۆ ناوچە كێشەدارەكان شكستیان هێناوە، كە تا ئێستاش توندڕۆن- هەروەها چەكدارە بیانییەكان كە گەڕاونەتەوە وڵاتەكانیان و ئەوانەیشی كە چوونەتەوە شوێنەكانی تازەی شەڕەوە، ئەمانە هەموویان بۆ رێكخراوی داعش مایەی بایەخن كە هەر كاتێك شەڕكەرانی كەمببنەوە، لە هەمان كاتدا ئەندامانی هەردوو رێكخراوی "داعش" و "ئەلقاعیدە" ئامادەن پشتیوانیی لە یەكدی بكەن لە كاتی هێرشەكانیاندا، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە ئاستێكی لەیەكدی نزیكبوونەوە لەنێوان هەردوو رێكخراودا هەیەو لەگەڵ كاتیشدا زیاتر دەبێت.
بەڵام بەردەوامبوونی پەیوەندییەكانی نێوان گرووپەكانی سەر بە رێكخراوەكە لەسەر ئاستی ناوچەكەدا، هاوكات پشتگیریی لایەنگرو هاوسۆزەكانی لەسەر ئاستی جیهاندا، پێویستییان بە پارەو دارایی هەیە، سەرەڕای لەدەستدانی داهاتی بیرە نەوتییەكان، بەڵام رێكخراوی داعش بەردەوامە لە دۆزینەوەی رێگای دیكە بۆ پارەداركردنی چالاكییە تیرۆریستییەكانی.
ئەو راپۆرتانەی لە دەوڵەتانی ئەندام لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەرچوونە ئاماژە بەوە دەكەن كە رێكخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" پارەو سامان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بە سیستمی حەواڵە دەگوازێتەوە، هەروەها بەكارهێنانی ئەندامانی بۆ گواستەوەی پارەو سامان، ئەم سیستەمەشی پێش رووخانی خەلافەت هەر بەكاردەهێنا، بەڵام لە دورەوەی عێراق و سوریا، بۆنموونە لە لیبیا داعش لە رێگای سەرانەو خاڵەكانی پشكنینەوە پارە بەدەست دەهێنێت، هەروەها بە سەپاندنی باج بەسەر تۆڕەكانی قاچاخچێتی و بازرگانیكردن بە مرۆڤ. رێكخراوەكە سوود لە هەندێ كاری رەوا دەبینێت كە بە رووكەش وایان پیشان دەدات، هەروەها لە رێگەی ئەو كەسانەی كە گوایە دەستپاكن، ئەوانەش توانایان هەیە كە مامەڵە بكەن لە رێگەی سیستەمی فەرمیی داراییەوە، بۆیە لەگەڵ ئەو هەوڵانەی لە ئارادان بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكان، بەرپرسان ترسیان هەیە لەوەی كە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی بتوانێت فێڵ بكات لە هەوڵەكانی ئاوەدانكردنەوەو وەبەرهێنان لە ئابووریی ناوخۆ، بە تایەتیش لە رێگەی ئەو كۆمپانیایانەی كە بە رووكەش كاردەكەن لە كەرتی بیناو هەندێ پیشەسازیی دیكە.
تائێستا رێكخراوی "دەوڵەتی ئیسسلامی" توانای هەیە پارەی پێویستی دەست بكەوێت بۆ پاڵپشتی كردەوە تیرۆریستییەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەیدا دوورتر لە سووریاو عێراق، لە یەمەنیش بە گوێرەی نەتەوە یەكگرتووەكان، رێكخراوەكە تێكچوونی بارودۆخی ئەمنیی قۆستۆتەوە بۆ پلانڕێژی و ئاراستەكردن و هاندان و بەكارهێنانی داهات و بەسەربازیكردنی خەڵك بۆ ئەنجامدانی هێرش دژی دەوڵەتانی ناوچەكە. لە سعودییەش دەسەڵاتی ئەو وڵاتە شكستی بە پیلانێك هێنا كە ئامانجی تەقاندنەوەی وەزارەتی بەرگری بوو لە ریاز.
لە میسر، هاوسۆزانی رێكخراوی داعش بەردەوام هێرش دەكەنە سەر قبتییەكان، دواترینیان ئەوە بوو كە بەرپرسیارێتیی خۆی راگەیاند لە هێرشەكەی دەرەوەی كەنیسەی قبتی لە قاهیرە لە كانوونی یەكەمی رابردوودا، كە بە لای كەم كوشتنی 12 كەسی لێكەوتەوە، رێكخراوی" دەوڵەتی ئیسلامی "هەوڵدەدات ئەوە پیشان بدات كە چالاكییەكانی لە سەر ئاستی ئیقلیمیدا بەیەكەوە بەستراون، نەتەوە یەكگرتووەكانیش سەرنجی ئەوە دەدات كە رێكخراوەكانی سەر بە "دەوڵەتی ئیسلامی" لە ئەفریقیا لەوانەش گرووپی "بۆكۆحەرام" چەكدارانی بۆ لیبیا رەوانەكردووە، سەركردەیەكی دیاری رێكخراوی داعشیش لە لیبیا بۆتە ئەندام لە ئەنجومەنی شورای رێكخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە سینا"ی میسر.
لەوە زیاتر، راپۆرتەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان دەریانخستووە كە رێكخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" ی دایك لە میانی گەمارۆی سەر شاری "میراوی"دا پارەی بۆ لقی خۆی لە فلیپین دابینكردووە، راپۆرتێكی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت: گرووپەكانی باشووری فلیپین سەدان هەزار دۆلاریان لە "رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی" ی دایك و لە رێگەی دەوڵەتێكی سێیەمەوە بەر لە گەمارۆكە وەرگرتووە.
سەرەڕای ئەو وێنە تاریكەش، بەئامانجگرتنی ناوەندی یەكەمی رێكخراوی داعش و بەكارهێنانی داتای بایۆمەتری و هاوكاریی بەردەوامی دەوڵەتانی ئەندام لە نەتەوە یەكگرتووەكان چاكترین وەڵامدانەوەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تواناو هەڕەشەكانی رێكخراوەكە. لەكاتێكیشدا تائێستا هەندێ گرووپی لۆكاڵی لە ئەفغانستان بۆ نموونە، پارەو كۆمەك لە رێكخراوی دایكەوە وەردەگرن، هەروەها رێكخراوەكە هانی گرووپە لۆكاڵییەكان دەدات كە هەر لەنێوخۆیاندا كۆمەكی چالاكییەكانیان بكەن، هەرچەندە ئەوانە بەبێ پارەو كۆمەكی رێكخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی "ی دایك زەحمەتە بەردەوام بمێننەوە.بەڵام كۆمەك و یارمەتیی رێكخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" لە یەمەن بۆ لایەنگرانیان لە سۆماڵ سنووردارەو ناكرێ پشتی پێ ببەسترێت. تائێستا رێكخراوی داعش هەڕەشەیەكی تیرۆریستی مەترسیدارە، بەڵام لەگەڵ كاتدا تواناكەی سنووردار دەبێت و متمانەی پاڵپشتیی دارایی بۆ لق و چالاكییەكانی لەدەست دەدات، كە ئەمەش هەنگاوێكە بە ئاراستەیەكی درووستدا
*ماسیۆ لیڤیت: هاوڕێی فرۆمەر- وێكسلەرە و بەڕێوەبەری بەرنامەی ستاینە بۆ هەواڵگری و نەهێشتنی تیرۆر لە پەیمانگەی واشنتۆن. ئەم وتارەش لە بنەڕەتدا لە پێگەی(الحرە) بڵاوكراوەتەوە.