کورد و کەرکوک

کورد و کەرکوک
کورد لە کەرکوک پێش ریفراندۆم و دوای ریفراندۆمیش پێویستی بە گۆدەنگی و یەکهەڵوێستی حزب و لایەنە سیاسیەکان بوو، ئەگەر ئەو کۆدەنگی و یەکهەڵوێستیەش هەبا زۆر لە رووداوەکان پێچەوانە دەبوون و لە بەرژەوەندی کورد دەشکانەوە، ئەوەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەریش روویدا هەرگیز رووی نەدەدا، بەڵام بەداخەوە هەر لەگەڵ دەنگۆی ریفراندۆم و لە کاتی بانگەشە و دەنگدانیشدا چەند لایەنێکی کوردی بە فیتی داگیرکارانی کوردستان و بە بیانووی جیاواز لە عەرەبە شۆڤنیەکان توندتر کەوتنە دژایەتی کردنی ریفراندۆم، ئەوە بوو ریفراندۆم ئەنجام دراو نزیکەی %٩٣ی خەڵکی کوردستان بە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکانی تریشەوە دەنگیان بە (بەڵێ) بوو، ئەوەش داگیرکارانی کوردستانی لە سەرگرتنی قۆناغی یەکەمی پیلانەکەیان بێ ئومێد کرد، لایەنە دژە ریفراندۆمەکانی کوردستانیش هەستیان بە لاوازی خۆیان کرد، داگیرکارانی کوردستان بۆ پێشگرتن بە ئیرادەی سەربەخۆیی و لایەنە دژە ریفرادۆمەکانی کوردستانیش بۆ راست کردنەوەی باڵانسی هێزی حزبی خۆیان، قۆناغی دووەمی پیلانەکەیان هێنایە پێشێ و خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەریان کردە وەڵامی ریفراندۆم و تێکشکاندنی ئیرادەی سەربەخۆخوازانی خەڵکی کوردستان.
لە خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەردا لایەنێکی دیاریکراو کەرکوکی رادەستی حەشدی شەعبی کرد، هەموو لایەنە دژە ریقراندۆم و عێراقچیەکانیش وەک رازی بوون لەو رووداوە بێدەنگ بوون، ئەوەی هەڵوێستی وەرگرت و بەگژ ئەو پیلانەدا چۆوە پارتی و هاوپەیمانەکانی بوون.
دوای رووداوەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر هەڵبژاردنەکانی ١٢ی ئایاری پەرلەمانی عێراق هاتە پێشێ، لە سەرەتادا پارتی داوای بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی کرد و لە ئەگەری بایکۆت نەکردن پێشنیاری یەک لیستی کرد، ئەوەبوو لایەنەکان بەدەم هیچ کام لەو دوو داوەیەی پارتی نەهاتن و پارتی لە کەرکوک بایکۆتی هەڵبژاردنی کرد، بزووتنەوەى گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانی بەرهەم ساڵح وەک سێ لایەنی دژە ریفراندۆم، ئەو بایکۆتەی پارتییان بە هەل زانی و بێ گوێدانە بەرژەوەندی کورد و کەرکوک و کەرکوکیەکان لە کەرکوک بە درووشمی دژە پارتی و دژە یەکێتی لیستی نیشتیمانیان پێکهێنا، بەوەش ئەوەندەی تر کوردیان لە یەکهەڵوێستی بێ ئومێد کرد.
ئەو سێ لایەنە لە رووی بەرژەوەندی حزبی و خوێندنەوەیان بۆ رووداوەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر و بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی پارتی لە کەرکوک لە پێکهێنانی لیسەکەیان بە هەڵە نەچووبوون، چونکە پێیان وابوو بە هۆی خیانەتەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر کەرکوکیەکان یەکێتی سزا دەدەن و دەنگی پێنادەن، پارتیش بایکۆتی هەڵبژاردنی کردووە، بەوەش گۆڕەپانەکەیان بۆ چۆڵ دەبێ و کورسیەکانی کەرکوک بۆ ئەوان دەبن، بەڵام لە رووە نەتەوایەتیەکەوە زەبرێکی کوشندەیان لە یەکڕیزی ناوماڵی کورد داو خزمەتێکی گەورەیان بە شۆڤنیەتی عەرەبی و خودی پیلانەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەریش کرد.
لێرەدا پێویستە هەڵەکاران بە هەڵەکانی خۆیاندا بچنەوە، کورد لە بەغدا پێویستی بە کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی هەیە، نابێ وەک رابردوو بەغدا بە مەرجەعی یەکلا کردنەوەی کێشە و ململانێ حزبییەکان بزانن، نابێ بە پشتیوانی بەغدا هەوڵی خستنی یەکتری بدەن لە کوردستان، چونکە ئەرکی هەموو لایەنەکانی کوردستان بەدیهێنانی ماف و ئامانجە نەتەوەییەکانە، نەک بەدیهێنانی ئامانجە حزبییەکان، بە خستنی هەر حزبێکیش کورد لە بەغدا لاواز دەبێ و لاواز بوونی کوردیش عەرەب بەهێز دەکات.
Top