داهاتووی عێراق و بیرکردنەوە جیاوازەکان

داهاتووی عێراق و بیرکردنەوە جیاوازەکان
لە دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ عێراق کەوتە ناو گێژاوی چەندین بیرکردنەوەى جیاواز و دژ بەیەکی وەک دینی و مەزهەبی و نەتەوەیی، عەرەب بە گشتی و شیعە بە تایبەتی بەرامبەر بە کورد پشتیان بە بیرکردنەوە عەرەبیەکە دەبەست و بەرابمبەر بە سوننەش پەنایان بۆ بیرکردنەوە مەزهەبیەکە دەبرد، بەڵگەش بۆ بوونی ئەو راستییە لە هەموو قۆناغەکاندا و بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق و سنوور دانان لەبەردەم مافە نەتەوەییەکانی کورد، یان بۆ پەراوێز خستنی کورد و کەمکردنەوە و لە قالبدانی دەستکەوتەکانی، شیعە و سوننە کێشەکانی خۆیان بەلاوە ناون و بۆ دژایەتی کورد چوونەتە پاڵ یەک و عەرەبیانە بیریان کردۆتەوە، هەر کاتێکیش باس لە دەسەڵات و بەڕێوەبردنی عێراق کرابێ، شیعە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی مەزهەبی هەوڵیانداوە سوننە و کورد دوور بخەنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش مەزهەبیانە بیریان کردۆتەوە.
کورد ئەگەرچی بە درێژایی مێژووی عێراق هەم لەگەڵ بیرکردنەوە عەرەبیەکە و هەم لەگەڵ بیرکردنەوە مەزهەبیەکەش مێژوویەکی تاڵ و پڕ کارەساتی هەیە، بەڵام زۆر لە لایەنە سیاسیەکانی کوردستان پەندیان لەو مێژووە تاڵ و کارەساتبارەی رابردوو وەرنەگرتووە و لە زۆر قۆناغی گرنگ و هەستیاردا عێراقیانە و زۆر جارانیش عەرەبیانە بیریان کردۆتەوە، ئەگەر کەمێکیش بگەڕێینەوە بۆ مێژوو تاڵی و کارەساتەکانی ئەو بیرکردنەوە عەرەبی و عێراقیانەی ئەو لایەنە سیاسیانە روون و ئاشکرا دەردەکەون.
دەنگدان بە حەشدی شەعبی و پشتکردنە پێشمەرگە، لە سەرهەڵدانی کێشەکانی نێوان کورد بەغدا و پشتیوانی ئەو لایەنانە لە هەڵوێستەکانی بەغدا و تاوانبار کردنی حکومەتی هەرێم، لە ریفراندۆم و دەرکەوتنی رەوتی سەربەخۆیی کوردستان، رێککەوتنێی لایەنێکی کوردی بۆ فرۆشتنی کەرکوک لە ١٦ی ئۆکتۆبەر، بانگەشەی بە عێراقی کردنی کەرکوک و تاوانبار کردنی سەبەخۆخوازان بە توندڕەو و شەڕانی و پیلانگێڕان دژ بە یەکپارچەیی خاکی عێراق، یان لە دوای هەڵبژاردنی ١٢ی ئاریاری پەرلەمانی عێراق و دەنگدانی چەند لایەنێکی کوردستان بە هەڵوەشاندنەوەی دەنگی پێشمەرگە و تەنانەت شێواندنی پیرۆزیەکانی و ناوبردنی بە میلیشیا و تاوانبارکردنی بە ئەنفالچی، چەند بەڵگە و نموونەیەکی کەمی ئەو بیرکردنەوە عەرەبی و عێراقیانەی ئەو لایەنە کوردیە دژە کوردانەن کە خزمەتێکی گەورەیان بە شۆڤێنیزمی عەرەبی کردووە.
ئێستا کە خواستی گەیشتنە دەسەڵات لە عێراق هاتۆتە پێشێ، بیرکردنەوە عەرەبی و عێراقی و مەزهەبیەکان خوردکارونەوە بۆ بیرکردنەوەی حزبی، ئەوەش ناوماڵی شیعەی هەژاندووە و عێراقیشی خستۆتە ناو گێژاو و بەردەم چارەنووسێکی نادیار، جا ئەگەر لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بە بیرکردنەوەى کوردانە و هەڵوێستی نەتەوەیی بچێنە ناو بیرکردنەوە حزبییەکانی شیعە، ئەوا دەتوانن بەشێک لە ئامانجەکانی کورد بە سەربەخۆیی کوردستانیشەوە بێننەدی، چونکە رووداوەکان ئاڵۆزن و عێراقیان خستۆتە بەردەم چەندین ئەگەر بە ئەگەری هەڵوەشانەوە و دابەش بوونیشەوە، بە پێچەوانەوە ئەگەر هەر لەسەر سیاسەتی ئینکاری و کورد گوتەنی هەر لەسەر نۆ جار بیستەی حزبی سووربن، ئەوا جارێکی تریش تاڵی بە کورد دەچێژنەوە و رووبەڕووی چەندین کارەساتی چاوەڕوانکراوی هاوشێوەی کارەساتەکانی رابردووی دەکەنەوە.
Top