ئۆپۆزسیۆن لە ژێر سێبەری سەرکردەی ترسنۆکدا

ئۆپۆزسیۆن لە ژێر سێبەری سەرکردەی ترسنۆکدا
سەرکردەی خەمخۆری خەڵک و شۆڕشگێڕ ئەو سەرکردەیە کە لەناو ئێش و ئازاری خەڵکدا دەردەکەوێ و لە تەنگانە و ناخۆشیدا پێشیان بکەوێ، بە پێچەوانەوە سەرکردەی ترسنۆک و هەلپەرستیش بەرژەوەندیەکانی خۆی تێکەڵ بە خواست و داواکاری خەڵک دەکەن و لە تەنگانەشدا بەجێیان دێڵێ.
لە هەموو قۆناغەکاندا جۆری یەکەمی سەرکردەکان دەبنە جێگای متمانەی خەڵک و لە تەنگانەدا پشتیوانیان لێدەکرێ، جۆری دووەمیشیان ئەگەرچی لە سەرەتادا هەڵدەکشێن، بەڵام لە کۆتاییدا دەبنە جێگای نەفەرەتی خەڵک، ئەگەر سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆنی خۆمان بە بێژینگی ئەو راستییەدا بکەن، تێدەگەین کە سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن دووجار و لە دوو قۆناغی جیاوازدا تاقی کرانەوە و راسیب بوون، لە سەرکردە ترسنۆک و هەلپەرستەکان بوون.
قۆناغی یەکەم:ــ لە ١٧ی شوباتی ساڵی ٢٠١١و لە سەرەتادا چەند سەرکردەیەک ئامانجە تایبەتیەکانی خۆیان خستە بەر تۆفانی بەهاری عەرەبی و ٢٠٠٠ مەترێکی بەر دەرکی سەرایان داگیر کرد و دەیانگوت: کوردستان تونس و میسرە و ارحل، ئەوەی وەک ئەوان بیری نەکردبایەوە سوکایەتیان پێدەکرد و پەلاماریان دەدا.
دوای ئەوەی شێخ جەعفەر کە ئەوکات وەزیری پێشمەرگە بوو، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: ئەگەر ئەوانە چیتر بەردەوام بن لە ئاژاوەگێڕی و توندوتیژی، ئێمە لە سەرکردەکانیان دەدەین.
من ئەوکات گوتم: سەرکردەی یەکەمی هەر سێک حزبی ئۆپۆزسیۆن ئەگەر خۆیان پێش لایەنگرانیان بکەون و بێنە بەردەرکی سەرا، ئەوا بەڕاستی سەرکردەن و لە خەمی خواست و داواکاری خەڵکدان، خۆ ئەگەر خۆیان پەنا بدەن و پێش خەڵکەکەیان نەکەون، ئاوا لە سەرکردە ترسنۆک و هەلپەرستەکانن، کەچی پێچەوانەی سەرکردە خەمخۆرەکان دەرچوون و لە ژوورەکانیان نەهاتنە دەرەوە.
قۆناغی دووەم:ــ لە شەوی ١٢ی ئایارار و دوای ئەوەی هێزێکی یەکێتی بە وردە تەقەیەک سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆنی لەوە ئاگادار کردەوە، کە لە ئەگەری ئاژاوە نانەوە و شەقام جووڵاندن، ئەوا ئێمە لە گردەکە و سەرکردەکان دەدەین، لەو کاتەدا سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن ترسیان لێنیشت و لەباتی ئەوەی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان بێنە سەر شەقام و پێش دەنگدەر و لایەنگرانیان بکەون، کەوتنە سووکایەتی بە رەمز و پیرۆزیە نەتەوەییەکان و بۆ پاراستنی خۆیان کەوتنە دوای دوژمنان.
لێرەوە دەبێ خەڵک تێبگات کە سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن لە سەرکردە ترسنۆک و هەلپەرستەکانن، لە شێنەییدا سینگ دەردەپێڕێنن و بانگەشەی خەمخۆری و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک دەکەن، لە تەنگانەشدا خەڵک جێدێڵن و بۆ پاراستنی خۆیان دەچنەوە کولانەکانیان، بەوەش دەیانەوێ خۆیان پارێزراو بن و بە خوێنی خەڵک بگەنە ئامانجە تایبەتیەکانیان.
Top