گەمارۆدانی راستییەکان، بەڵا گەورەکەی پارتی

گەمارۆدانی راستییەکان، بەڵا گەورەکەی پارتی
گەوەترین بەڵای هەر حزبێک نەگەیشتنی راستیەکانە وەک خۆی بە شوێنی بڕیاردان و شاردنەوەی کەموکورتیەکانە، ئەو بەڵایەش دەمێکە یەخەی پارتی گرتووە و نەک هەر بۆتە ئاستەنگ لەبەردەم گەشە کردنی زیاتری حزب، بەڵکو لە نەیارەکانی زیاتر کێشەیان بۆ بۆ پێشکەوتنی پارتی درووست کردووە.
لە بەشی زۆری ئۆرگانەکانی پارتی لە پارێزگای سلێمانی چەند کەسێکی بەرژەوەندخواز راستییەکانیان گەمارۆ داون و دەستیان گرتووە بەسەر کۆی جووڵەی حزب لەو سنوورەدا و دوور لە بەرژەوەندی حزبی و بە ئاراستەی بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا جووڵە دەکەن، لە درزی پاراستینی بەرژەوەندیەکانی خۆیان و پابەندبوون بە سیاسەتی خزمخزمێنەش سەرووی خۆیان دەدوێنن، ئەوانە بوونە گرووپ گرروپ و لەسەر پاراستنی دەستکەوت و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان رێککەوتوون، بە واتایەکی تر تا ئەو شوێنە راستییانە بە سەروو دەڵێن کە بەرژەوەندی و دەستکەوت و سیاسەتی خزمخزمێنەی خۆیان پارێزراو بێت، ئەوە لە کاتێکدایە هەر ئەوانەی راستییەکان لە سەروو دەشارنەوە و کەموکورتییەکان بە هەڵگەڕاوەیی دەگەیەننە سەروو، خۆیان سەرچاوەی کێشەکانی بەردەم گەشە کردن و بەرەو پێش چوونی پارتین لە سلێمانی و دەورەبەری و هەر خۆشیان بوونە دەمڕاست و متمانە پێکراوی سەروو، جا کورد گوتەنی دۆم بی و کڵاشە بۆ خۆت بچنی، ئەوانیش گرووپگەلێکن گەیاندنی راستییەکان بە بێژینگی بەرژەوەندی خۆیاندا دەکەن، ئەوەش وایکردووە حزب لە سنوورێکی دیاریکراودا بخولێتەوە، لەوەش بەڵاتر ئەوەیە سەروو لەسەر بنەمای گەیشتنی ئەو زانیاریە ناڕاستانەی ئەو گرووپانە هەم بەرنامەی کاری سیاسی خۆی دادەنێ و هەمیش لە ژێر کاریگەری گەیشتنی ئەو زانیاریە هەڵانە بڕیار دەدات.
پارتی بەر لە هەر گۆڕانکارییەک، پێویستە گۆڕانگاری لە رێڕەوی گەیشتن بە راستییەکان بکات، چونکە تا نەگاتە راستییەکان و بەربەستەکانی بەردەم گەشە کردنی حزب نەدۆزێتەوە، هەر گۆڕانکارییەک بکات بێ سوودە و هیچ لە بارودۆخەکە ناگۆڕێت، بۆ گەیشتنیش بە راستییەکان و دۆزینەوەی سەرچاوەی ئاستەنگەکان، پێویستە بگەڕێتەوە بۆ رای بنەماڵەی شەهیدان و ئەو دۆست و ئەندام و لایەنگرانەی لە لایەن ئەو گرووپگەلە بەرژەوەندخوازەوە پشتگوێ خراون، جا ئەگەر پارتی ئەو گەمارۆیە بشکێنێ کە ئەو گرووپگەلانە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی خۆیان خستوویانەتە سەر راستییەکان، ئەوجار تێدەگات کە چۆن راستییەکانیان لێ شاردوونەوە، بۆیە دەبێ پارتی رێڕەوی گەیشتن بە راستییەکان بگۆڕێ و چیتر خواستی پارتیانەی زۆرینە بە قوربانی خواستی بەرژەوەندپارێزی و سیاسەتی خزمخزێنەی کەمینە نەکات.
Top