رێگاكە بە (بەرمیزە)دا تێناپەڕێت
June 7, 2018
وتار و بیروڕا
توركیاش لە رێی گرتنەوەی رووباری دیجلە، مەترسیی لە سەر عێراق دروستكردووە، لە لایەكی دیكەشەوە سوپای توركیا پێشڕەویی كردووە و چەندان كیلۆمەتر هاتۆتە هەرێمی كوردستان، دیارە توركیا و ئێران بە درێژایی 100 ساڵی رابردوو، لەم چەند ساڵەی دواییدا باشترین دەرفەتیان بۆ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی خۆیان لەسەر حیسابی گەلانی عێراق دەسكەوتووە، راستە لایەنە سیاسییە دەسەڵاتدارەكانی عێراق، خۆیان بە پەیڕەوانی بێ چەندوچوونی ئێران دەزانن، ئێرانیش بەغدا بە پایتەختی دووەم و عێراق بە قووڵایی ستراتیژیی خۆی دەزانێت، بەڵام بە درێژایی مێژوو هەلی وای بۆ هەڵنەكەوتووە كە چی لە عێراق بوێ بە مەمنونی بۆی بچێتەسەر، كەچی هێشتا بەغدا ئەو دەستێوەردانەی ئێران بە پێشێلكردنی سەروەریی عێراق نازانێ، سەیرەكە لەوەدایە، میدیای زۆنی سەوز چاوی خستووەتە سەر ریفڕاندۆم و ریفڕاندۆمچییەكان، خوا هەڵناگرێ باسی ئێران نا، بەڵام قسوریی بەرامبەر توركیا نەكردووە، دەڵێ پارتی سوپای توركیای هێناوەتە باشووری كوردستان.
لەم چەند رۆژەدا هاتنی سەربازی تورك بۆ گوندی (بەرمیزە)ی سەر بە ناحیەی سیدەكان، بازاڕێكی باشی بۆ میدیای زۆنی سەوز پەیداكردووە، هەیانە داوا دەكات كە مەعنای نییە پارتی بەرپەرچی هاتنی سوپای تورك ناداتەوە، جارێ پێش هەموو شتێك، ئەوەی لە بەرمیزە دەگوزەرێ، پیلانی چوارقۆڵیی تاران و بەغدا و ئەنكارا و گرووپی دەستڕۆیشتووی ناو یەكێتییە كە هێشتا درێژەی هەیە، پاشان گرووپی خیانەتكار لە 16ی ئۆكتۆبەر گوتی پێشمەرگە لەبەرامبەر حەشدی شەعبی نابەرامبەرە و شەڕی پێناكرێ، ئەدی خێرە ئێستا پێی باشە پێشمەرگە رووبەڕووی دووەم سوپای ناتۆ ببێتەوە؟ ئینجا ئەو گرووپە پارتییان بەوە تۆمەتبار كردووە كە زیان بە عێراق دەگەیەنێ، كەچی بە عێراق ناڵێن پاراستنی سنوور و بەرگریكردن لە (سەورەریی عێراق) ئەركی بەغدایە.
ئەم شاڵاوە بۆ سەر ریفڕاندۆم و ریفڕاندۆمچییەكان لە كاتێكدایە، یەكێتی پرۆژەی بۆ یەكڕیزی هەیە، بۆیە رێگای دەربازبوون لەم دۆخە و نەهێشتنی ناكۆكی و داواكردنی مافە دەستوورییەكانی كورد لە عێراق، بە هەولێردا تێدەپەرێت نەك گوندی بەرمیزە.