پانۆرامای گەشەی ھزری نەتەوایەتی کورد لە نێوان سەرکەوتنی ریفراندۆم و ھەلبژاردنی پەرڵەمانی ٢٠١٨

پانۆرامای گەشەی ھزری نەتەوایەتی کورد لە نێوان سەرکەوتنی ریفراندۆم و ھەلبژاردنی پەرڵەمانی ٢٠١٨

پانۆرامای گەشەی ھزری نەتەوایەتی کورد لە نێوان سەرکەوتنی ریفراندۆم و ھەلبژاردنی پەرڵەمانی ٢٠١٨ ھێمای ئەرێنی و ئاییندەدا:ھەڵسەنگاندن و خوێندنەوەیەکی دۆخی کوردستان لە پێودانگی سایکۆلۆژیادا
د. نەسرەدین ئیبراھیم گۆلی*
بەپێچەوانەی ئەو گریمانە و بیرۆکەیەی کە گەشەی ھزری نەتەوایەتی کورد بۆ چەند سەد ساڵی رابردوو و بە تایبەت سەد ساڵی رابردوو، دەزانن، دەبێ لەبیرنەکرێت کە پاش رووخانی کوردە میدییەکان، کە مەزنترین وڵاتی ئاسیای رۆژئاوای سەردەمی خۆیان بوون، لە (٥٥٠پ. ز.)، ئەو گەشەیە بەردەوام لە زیادبووندابووە، بەڵام نەک بە ئەو رەنگ و شێوازەی کە ئێستا ھەیە.
*****
ھزر بە گشتی، وەک تواناییەکی مرۆڤایانە، و ئەو بابەتەی ھزاران ساڵە جێگەی سەرنجی فەلسەفە بووە، و لە سەرەکیترین ئەرکەکانی ھاوکاریکردنی مرۆڤە لە چارەسەرکردنی گرفتەکانی و نەھێشتنی ئاستەنگەکانە، و پەیوەندییەکی بەھێزی لەگەڵ ھەستەوەرەکان و زانین (مەعریفەی) مرۆڤ و تێگەیشتنی ھەیە [٥:٣١]، دواتر ھزری نەتەوایەتی، وەک بەشێک و تەواوکەری جۆرەکانی دیکەی ھزر، کە نواندنی بە شێوازی جیاواز روودەدات، ھەمیشە یەکێک بووە لە ئەلەمێنتەکانی پاراستنی مرۆڤ، و بەتایبەت گرووپێک لە مرۆڤەکان، کە خۆی لە شێوەی نەتەوەیەک دەبینێت لە شوێنێکی جۆگرافیایی و خاوەندارێتی ھەندێ تایبەتمەندی وەک زمان، کەلتوور و فەرھەنگ، مێژوو و ...ھتد، کە جیاکەروەوەیەتی لە نەتەوەیەکیتر.
ھزر لای مرۆڤایەتی لە گەشەی بەردەوامدا بووە، و مێژوو ئەو راستیە دەسەلمێنێ، لەو کاتەی کە ھزری خۆرافی باو بوو، و دواتر ھزری ئایینی شوێنی گرت، و ئێستا کە ھزری زانستی بەسەر ھزری مرۆڤاەیتیدا زاڵە، و ھەمان یاسا سەبارەت بە ھزری نەتەویی کوردیش دەگۆنجێ. لە دوای تێکچوونی ئیمپراتۆریەتی میدییەکان، بە ھزاران جار و ساڵ کورد لە چاوەرۆانی گەیشت بەو قۆناغە زێڕینە، لەگەڵ خۆدی خۆی و نێوخۆیی، و لەگەڵ دراوسێیەکانی لە بگرە و بەردە و کێشمەکێشێکی دەروونی، لەشکەری، سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، بردوویەتی سەر.
سەرھڵدانی ھزاران رەوت، بزاڤی کۆمەڵایەتی و کەلتووری و ئایینی و وێژەیی، دەستھەڵات و پاشایەتی لەسەر دەستی کورد، لە وڵاتی ئەفغانستان و پاکستان بگرە تاوەکو سەر دەریای مەدیتەرانە، لە قۆناغە جیاجیاکانی مێژوو و تاوەکو سەدەی بیستەم و پەیدابوونی شۆڕشەکان بارزان و پاشایەتی شێخ مەحمود و کۆماری مەھاباد، ھەمووی پیشاندەری بوونی ھزری نەتەوایەتی تاکی کورد بووە، کە جار خۆڕسکی و لەناکاو و لە ئەنجامی زۆردارییەکی بێ وێنەی نەتەوەکانی ناوچە، و جاریش بە شێوەیەکی سیستماتیک و پلانداڕێژاو لە ئارادا بووە، و ساتێکیش لە گەشە نەوەستاوە.
ھەرچەندە لە قۆناغی جیاواز دا تووشی جۆرێک لە نامۆیی ھزری (thought alienation)، بووە، و فاکتەری جیاوازی وەک ئایین یان نەتەوەی باڵادەست لە پەیدابوونی، کاریگەر بووە، و تیایدا وەک ئەوەیە کە تاک لەو کاتە، کە وەک پسپۆرانی دەروونزانی ئاماژەی پێدەدەن ھەست دەکات توانایی ھزرکردنێکی سەربخۆی نیە یان ھێزێکی دیکەی دەرەکی کۆنترۆڵی بەسەر بیرکردنەوی ھەیە یان ئەو فاکتەرە دەرەکیانە بەشدار و ھاوبەشن لە ھزرکردنیدا[٢:١٥١٢]. ئەو جۆرە ھزرکردنە لەو قۆناغانەدا گەورەترین زیانی بە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی کورد گەیاندووە.
ھزری سیاسی وەک بەشێک لە ھزری مرۆڤ بەگشتی، پێویستی بە ئامادەباشییەکی عەقڵی ھەیە، و پەیوەستە بە لایەنی پەروەردەیی درێژخایەن، و پێویستە لەمەودوا و لەم ھەلومەرجە خیراژۆیەی جیھاندا، دەتوانێ لە دۆخی چەقبەستووی ئێستاکەیی رزگارمان بکات، و ببێتە ئامرازی بزوێنەرمان [١:٢٦٩]، چونکە بە پێی تیۆری چارلز داروین، لە ئێستا و ھەر سەردەمێک سروشت، کە خاوەن "توانایی ھەڵبژارتنی سروشتییە"(natural selection)[٤:٣٨]، کە بتوانن سوود لە تواناییەکانیان، و لەوانەشە مێشک و ھزری خۆیان وەربگرن، بە پێچەوانەوە بڕیاری نەمانی خۆیان بە دەستی خۆیان دەردەکەن.
ریفراندۆمی باشووری کوردستان لە (٢٥/٩) و سەرکەوتنە بێ وێنەکەی بە رێژەی نزیکەی (٩٣%)، وێرای زۆر ھەوڵی دژبەرانە، و دواتریش ھەڵبژاردنەکانی (١٢/٥) پەرڵەمانی عێراق، و بەتایبەت بەرزبوونی رێژەی بەشداربووانی ھەرێمی کوردستان بە بەراورد لەگەڵ باشووری وڵاتی عێراق، کە لە ھەندێ شوێن کەمتر بوو لە (٢٣%)، و بەتایبەتیش سەرکەوتنی ئەو پارتەی جەنابی سەرۆک بارزانی پێشەوایەتی دەکات و دەرچوونی بە پلەی یەکەم لەسەر ئاستێ ھەرێم، و لەسۆنگەی ئەوەی کە خۆدی سەرۆک بارزانی یەکێک لەو سەرکردانە ھۆشیارانە بوو، کە سەرباری زۆر دەنگی ناوازە، بەڵام بەوپەڕی بڕوا و متمانەوە پێداگرییەکی بێ وێنەی لە ئەنجامدانی ریفراندۆم کرد، پیشانی دەدات، کە بە ھەموو نەخۆشی و نەجاری و نەبوون و ناکۆکی و ململانێ و جیاوازییەکانەوە، بەڵام ھێشتان نەتەوەی کورد لەوپەڕی ورەی بەرزی ھەنگاونانە بەرەو ئاسۆییەکی گەش، و ئەمەش لووتکەی بەھێزی ھزری نەتەوایەتی ئەو تاکەیە، کە بە پێچەوانەی نەتەوەکانی دیکە، تەنھا و تەنھا خۆی نابینێ و تووشی لووتبەرزی و خۆپەرێستی و دەمارگیری نەتەوایەتی نەبووە، بەڵکۆ وەک خۆی تەماشەی ھەموو کەس و نەتەوەیەک دەکات، و بەڵگەی زیندووی ئەم قسەیەش لە باوەشگرتنی ھزاران و مەلیۆنان ئاوارەی نەتەوە و نەژادەکاتیتر بووە لە کوردستانی زێدی باب و باپیرانی.
ھەڵبژارتنی ئەم جارە، دەبێ ببێتە ھەوێنی گۆرَانکارییەکی زیاتر لە ناخ و دەروونی تاکی کوردی دا، و بە پێچەوانەوە وەک جەنابی سەرۆک بارزانی لە (١٩/٥/ ٢٠١٨ ) لە میانەی پەیامی خۆی لەسەر سەرکەوتنی پارتەکەی و ئەو ھەلبژاردنانە بە گشتی، دەفەرووموت:"پەرتەوازەییمان زیان بە دۆزی رەوای کورد دەگەینێ".
لە ئان و ساتی وەرچەرخانەکانی لەناکاو و پێشبینینەکراوی ناوچە، کە لەوانەیە ھەر شتێک رووبدات، ئێمەی کورد و کوردستانیان، لەبەردەم ئەزموونێکی ترسناک و ھەستیار و چارەنووسسازین، و بەتایبەت نوێنەرانی کورد لە پەرڵەمانی بەغدا، بەرپرسیارێتییەکی مێژووییان لەستۆیە، کە گرنگییەکەی ئەوەندە مەزنە، کە لەوانەیە نەیارانی کورد و کوردستان، بۆ شکستھێنان بە خەونی کورد پێشنیازی مەلیۆنان دۆلار بۆ ئەوانە بکەن کە جڵی روورەشی لەبەر بکەن و دەنگی خۆیان بفرۆشن و بڕیار لەسەر فرۆشتن و بە ھەدەردانی ھەموو ماندیبوون و شەونەخوونی و قۆربانیدانی کوردستانیان بکەن. یەکدەنگی و یەکرەنگی ئەوان لە یەک سەنگەر، و لەبیرنەکردنی رۆژانی نەھامەتی و لەبیرکردنی ھەموو ناکۆکییە تایبەت و سیاسی و حزبییەکانی بچووک و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە باڵاکان، و لەسۆنگەی ھزرێکی میانەرۆیی نەتەوەیی و مرۆڤدۆستییەوە تەماشەی جیھانی دەرەوەی خۆیان و پارتەکەی خۆیان کردن، دەرمانی ھەموو دەردەکانی کورد و کوردستانیانە، بەدوور لە ھەر جۆرە دەمارگیرییەکی نەتەوەیی و ئایینی و ھزری، وەک ئەوەی کە ھەمیشە کورد شانازی خاوەندارێتی ئەو خەسڵەتە جوانانەی پێ بڕاوە.
با لە یادمان نەچێ ئەو کاتەی کە کورد لە گەردوونە مەزن و لە بن نەھاتووە بێ کەس و پشت، لەگەڵ ئەنفاڵ و جینۆسایدی حەلەبچە دەست و پەنجەی لێدەدا، و ئەو کاتەی کە تەنھا ھێلی ٣٦ ئێمەمانانی لەو تاوانانە دەپاراست و مردن لە ھەر شتێک زیاتر لێمان نزیک بوو، و کوردستانیان بەو پەڕی نەداری و ھەژاری دەستەویەخەیان بوو لەگەڵ مردن، و کەس فریادڕەسمان نەبوو، کەسایتییەکی وەک میتران، بەنیازی پشتگیری و تەنانەت وروژاندنی ھزری دامەزراندنی "دەوڵەتێکی سەربخۆ بۆ کورد"ی دەدا [٣:٣٠٠]، کەچی ململانێ و ناکۆکی ئێمەی کوردستانیان و پارتە سیاسییەکان، کە ھەر یەکە و پشتی خۆی بە وڵاتێکی داگیرکەری ناوچە گەرم کردبووی، و ئێستا دەرچوو ھەموویان تەنھا بۆ بەرژەوەندی خۆیان و لاوازکردنی کوردستانیان ئەو کارەیان دەکرد، و تووشی شەڕی نێوخۆی و کۆشتاری یەکتربووین، و لەھەموو وێرانتر ئەوانەی کە لەو کات و ساتەدا تازە بە تازە دەستیان لە نێو دەستی رێکخراوەکانی تیرۆریستی تووندھاژۆی رادیکاڵی وەک ئەلقاعیدە گەرم کردبوو و خەریک بوو ئەزموونی ساوای حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە دەردی ئەفغانستان و شوێنی دیکە بەرن، نەیھێشت ئەو کەسایەتییە ئەو کارە بکات. ئەو ھەموو لاوازییەی کورد لەو کات و ساتەدا، متمانەی بۆ ئەو کەسایەتییە نەھێشت تا بە ھانامان بێ و پرۆسەی بەدەوڵەتبوونی کوردستان خێراتر بکات.
لە ماوەی ریفراندۆم و ھەڵبژاردنی ئەم دواییەش جۆرێک لە جۆرەکانی ئەو ململانێیە خەریک بوو ھەمان کارەسات دووبارە بکات، بەڵام ھێزی پۆڵاینی پێشمەرگە ئەم جارەش خەونی دوژمنان و ناحەزانی لە گۆڕ نا، بەڵام کاتی ئەوە ھاتووە بە ویژدانەوە لە خۆمان بپرسین: ئایا بەم دەردە بۆ ھەتاھەتایە بۆ کورد دەچێتە سەر یان دەبێ تۆزێک وریاتر بین؟ بەواتایەکی دیکە دەبێ ئەو پرسیارە بەم جۆرە دووبارە و وڵام بدەینە: سەرکەوتنی ریفراندۆم و ھەلبژاردنی پەرڵەمانی ٢٠١٨ ھێمای ئەرێنی بوون لەو راستییە کە، بەپێچەوانەی زۆر گلەیی و ناکۆکیی نێوخۆیی و ھەوڵە نەزۆکەکان بۆ تێکدانی نێو ماڵی کوردی بەڵام ھێشتان ھزری نەتەوەیی و رێژەکەی لەو پەڕی ئاستی خۆیدایە. لەگەڵ ئەوەشدا، وەک بارزانی نەمر دەفەرمووتن:" نابێ لە سەرکەتنەکان (غرور) ببین، و بەتایبەت دەبێ پارتە سیاسییەکان و بەتایبەتیش یەکەمەکان و ئەندامان و کاندیدەکانیان و نوێنەرانیان لە بەغدا لەو راستییە گەیشتبن کە ئەم جارەش دەرفەتێک ھاتووتە پێشەوە و کورد و کوردستانیان پیشانیاندا ھێشتان بۆ پاراستنی کوردستان ئامادەی قۆربانیدانن و ھێشتان ئاواتی گەورەیان بۆ سەربخۆیی نەتێواوەتەوە، بەڵام ئەگەر دیسان کەسان ھەبن، لە کوردستان و لە پەرڵەمانی حکومەتی ناوەندی، بەمە لەخۆبایی ببن و بیانەوی لەسەر شان و ملی خەڵک بۆ دەستکەوت و پارە و پلە و پایە گەندەڵی بکەن و خیانەت لە دەنگەکانیان بکەن و بە "پەرتەوازەیی" بیانەوێ رەنج و ماندووبوون و دان بەخۆگرتنی خەڵک لەبیر بکەن، دەبێ ئەوە بزانن کە توانایی مرۆڤ سنووردارە و ئیتر متمانە و بڕوای خەڵک لەدەست دەدەن و لە جاران و ھەڵبژاردنەکانی داھاتوودا خەڵک وەک خۆی نامێنێ و ورەکان دەرووخێت، و بەرژەوەندییە گشتییەکان و ئامانجەکانی نەتەوەیی دەکەونە ژێر ھەڕەشە، بۆیە دەبێ پارتەکانی لەژێر مایکرۆسکۆپی تووند و دژاور چاودێری ئەم دۆخە و سەرپێچیانە بکەن تاوەکو کەسانی ھەلپەرست بە تووندترین شێوە سزا بدرێن تا ببێتە مایەی پەند بۆ ئەوانی دیکە و گاڵتە بە دەنک و متمانە و چارەنووسی خەڵک و نەتەوەکانی کوردستان نەکەن، بەپێچەوانەوە زیانی وامان بەردەکەوێ و دوژمن ئەوەند لەیەکتر دوورمان دەخات کە ھیچ سەرکردەیەکی کارێزمای دیکە نەتوانێ کۆمان بکاتەوە.
سەرچاوەکان:[١] حوسێن، محەمەد تەھا (٢٠١٧): سایکۆلۆژیای کەسێتی: کەسێتیی کورد لەبەر رۆشنایی روانگە جوداکاندا، ناوەندی رۆشنبیری و ھۆنەریی ئەندێشە، چ.١، ٢٩٦ل. [٢] پورڕفکاری، نێرت اللە (١٣٨٠): فرھنگ جامع روانشناسی-روانپزشکی و زمینەھای وابستە، چ.٣، وزارت فرھنگ و ارشاد اسلامی، تھران، ١٦١٠ێ. [٣] بینیغو، ڕوفرا (٢٠١٤): کُرد العراق: بناء دولە داخل دولە، گ.١، دار الساقی مع دار آراس للنشر، ڕربیل: اقلیم کوردستان العراق، ٤٣٢ ێ. [٤]Park, Michael Alan (٢٠٠٣): Introducing anthropology: An integrated approach, McGraw-Hill Education, ٢nd ed., ٤٢٤pp. [٥] Вахтомин, Н. К. (١٩٧٨): Практика-мышление-учение: К проблеме творческого мышления, издв-ство. Наука, Москва, ١١١с.
*پرۆفیسۆری ە. لە زانستی سایکۆلۆژیای پێداگۆگی/ زانینگەی زاخۆ
*ئەو بابەتە لە رۆژنامەی خەبات/ ژمارە (٥٥٢٣) رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی(٣١/٥/٢٠١٨) لاپەڕەی ٦ بڵاوکراوە لەم سایتە (https://docs.google.com/viewerng/viewer?url=http://xebat.net/wp-content/uploads/٢٠١٨/٠٥/٥٥٢٣.pdf&hl=ckb).
Top