حزبی کوردی و خۆ مراندنی مەلای مەشهوور

حزبی کوردی و خۆ مراندنی مەلای مەشهوور
دەگێڕنەوە چەند کەسێکی پیر و بە ساڵاچووی گوند لە مەلای مەشهوور دەپرسن: ئەرێ مامۆستا عەزابی قەبری چۆنە؟
مەلا دەڵێ: بە خوا منیش هەر ئەوەندی ئێوەی لێ دەزانم، بەس ئەگەر دەتانەوێ بزانن چۆنە، من خۆم دەمرێنم و کفنم بکەن و لە قەبرستان بمنێژن، بەس لە قەبرەکە شوێنێک بێڵننەوە تا لێوەی بێمە دەرەوە، ئەوکات هەموو شتێکتان بۆ روون دەکەمەوە.
چۆنی مەلا دەڵێ خەڵکەکە ئاوا مەلا دەنێژن و دەگەڕێنەوە، مەلا تا درەنگانی شەو چاوەڕوان دەبێ بارودۆخەکە ئاساییە و هیچ روونادات، سودفە قەبراستانەکە لەسەر رێی کاروانچییان دەبێ، لە کاتی هاتنە دەرەوەی مەلادا کاروانێک دەگاتە راستی قەبرستانەکە، کاتێ مەلا دێتە دەرەوە وڵاخی کاروانچییەکان دەڕەونەوە، دوایی کارواچییەکان مەلا دەگرن و باری کوتەک دەکەن، ئیتر مەلا بە لۆژەلۆژ دەگەڕێتەوە.
بۆ بەیانی هەواڵی گەڕانەوەی مەلا بڵاو دەبێتەوە، خەڵکی ئاوایی سەردانی دەکەن و دەبینن مەلا لە جێیدا کەوتووە، دوای بەخێرهێنانەوەی خەڵکەکە لێی دەپرسن: دەی مامۆستا ئەوجار بۆمان باسی عەزابی قەبری بکە.
مەلا دەڵێ: ئەوەی لەسەر عەزابی قەبری گوتراوە و دەگوترێ هیچی راست نییە، بەخوای وڵاخی کاروانچییان نەڕەوێنیەوە لە گوڵێت کاڵتر پێناڵێن، بەس بەو قورئانەی لێم خوێندووە، وڵاخی کاروانچییان بڕەوێنیەوە دەردی منت پیشان دەدەن، ئەوەتا دەبینن جێم بۆ جێم هاوار ناکات.
حزبە کوردیەکانیش دەردی مەلای مەشهووریانە، هەر حزبێک دڵی تورک و فارس و عەرەب بێشێنێ، یان باسی سەربەخۆیی کوردستان بکات، هەزار و یەک کێشەی بۆ درووست دەکەن و بەکرێگیراوانی خۆشیانی تێبەردەدەن، بە پێچەوانەوە هەر حزبێک ژێربەژێر پەیوەندی پێیانەوە هەبێ، یان سەربەخۆیی کوردستانی پێ تاوان بێ، وەک ئەوەی ئێستا هەندێ حزب ریفراندۆم و خواستی سەربەخۆییان پێ تاوانە، هاوکاریشی دەکەن و ناشهێڵن بکەوێ، لەگەل بڵاوبوونەوەى دەنگۆی ریفراندۆم و دوای ریفراندۆم و ئێستاش ئەو چیرۆکە هەڵبەستراوەی مەلای مەشهوور لە کوردستان بۆتە راستی و دەبینین داگیرکارانی کوردستان حزبە دژە ریفراندۆم و سەربەخۆکان وەک بیلبیلەی چاویان دەپارێزن.
Top