ئەشهەدو کەرکوک ئارامە، بەڵام بۆ کێ؟

ئەشهەدو کەرکوک ئارامە، بەڵام بۆ کێ؟
ئەوەی ئێستا لە کەرکوک روودەدات.. هەر لە پاکتاوکردن و ئاوارەکردنی کوردانی شۆڕشگێڕ و هەڵگرانی پەیامی سەربەخۆیی کوردستان و داکۆکیکاران لە کوردستانی بوونی کەرکوک، لە سووکایەتی کردن بە رەمز و سەروەریە نەتەوەییەکانی وەک ئاڵای کوردستان و وێنە و پۆستەر و پەیکەری شەهیدان و برەودان بە تەعریب و سەپاندنی حوکمی میلیشا، هەوڵدان و کارکردن بۆ سڕینەوەی ناسنامەی کوردستانی بوونی کەرکوک، تەنانەت زوڵم و ستەمی سەر کورد لە کەرکوک گەیشتۆتە ئەو ئاستە مەترسیدارەی ئاسۆ مامەندی بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی پێی بە جەرگی خۆیدا ناو گوتی: هەموو رۆژێکمان لە کەرکوک مردنێکە، کەچی ناوە ناوەش دەڵێن: کەرکوک ئارامە.
بەڵێ کەرکوک ئارامە!
بەڵام بۆ کێ؟
بۆ ئەوانەی کە دەستیان بە کڵاوی خۆیانەوە گرتووە بای حەشدی شەعبی نەیبات, بۆ ئەوانەی کە رازین لە ژێر سێبەری داگیرکاریدا بژین و کارێکی وا نەکەن دڵی حەشدی شەعبی گەردێ بگرێ، بۆ ئەوانەی سەردەمانێک لەبەردەم عەلی حەسەن مەجید دەچەمانەوە و بۆ ئەوانەش کە ئێستا لەبەردەم هادی عامریدا دەچەمێنەوە، بۆ ئەوانەی بە تامی عرووبە کوردایەتی دەکەن و یەکپارچەیی خاکی عێراق لە سەربەخۆیی کوردستان بە پیرۆزتر دەزانن، بۆ ئەوانەی ریفراندۆم و دەنگ و بڕیاری ٧٣%٩٢ی خەڵکی کوردستان بە تاوان و خیانەت کردن لە یەکپارچەیی خاکی عێراق ناودەبەن.
سەردەمی رێژمی بەعس و دەسەڵاتدارێتی سەددام حوسێنیش بۆ ئەوانەی پشتیان لە کوردبوون و کوردایەتی کردبوو، بۆ ئەوانەی زوڵم و سەتەم و چەوسانەوەی کوردیان قبوڵ بوو، بۆ ئەوانەی دەستیان بە کڵاوی خویانەوە گرتبوو بای بەعس نەیبات، بۆ ئەوانەی وەک ئێستای بانگەشەکارانی کەرکوک ئارامە بیریان دەکردەوە، کەرکوک زۆر لە ئێستا ئارام تر بوو، بۆیە دەڵێم: کەرکوک بۆ عێراقچیەکان ئارامە و بۆ کوردپەروەران و هەڵگرانی خواست و ئامانجی سەربەخۆیی کوردستانیش کوورەی دۆزەخە و بە بای عرووبە دەیدەفن.
Top