٣٠ساڵ بەر لە ئێستا و بیرەوەریەکی مزر

٣٠ساڵ بەر لە ئێستا و بیرەوەریەکی مزر

٣٠ ساڵ بەر لە ئێستا و لە دوای ئەنفالەکان و درووست لە ساڵی ١٩٨٨، بە ئیش و کاری حزب و بە مەبەستی بەسەرکردنەوەی رێکخستنەکانی ناو شار هاتمە قەڵادزێ، دوای تەوابوونی ئیش و کارەکانم ئەو رۆژەی لە ماڵی شەهید (ئەحمەد مریەم) بووم، بۆ شەو بە مەبەستی دەرچوون لە شار و گەڕانەوەم خۆم ئامادە کرد، دوای ئەوەی مەخزنەکانم بەستن و تفەنگەکەم کردە شانم، کوڕانی شەهید ئەحمەد و هاوسەرەکەی لەگەڵم هاتنە حەوشە، یەکێک لە کوڕەکانی ناوی (غەریب) بوو کە تەمەنی (١٤) ساڵان بوو زۆر هۆگری من ببوو، سەیر دەکەم دەستی کردووە بە گریان، منیش گوتم: کاکە غەریب بۆچی دەگری؟
دایکی گوتی: بۆ تۆ دەگری.
منیش دەستم خستە سەر شانی و گوتم: کاکە غەریب بۆچی دەگری؟
گوتی: بۆ تۆ دەگریم.
منیش گوتم: بۆچی بۆ من دەگری؟
گوتی: ئاخر تۆ بەو شەوە تاریکە دەڕۆی و دەترسم بکەویە کەمینی دوژمن و شەهید ببی.
منیش گوتم: کاکە غەریب ئێمەی پێشمەرگە لەو رۆژەوەی چەکی پێشمەرگایەتیمان کردۆتە شان، بڕیارمان داوە یان شەهید بوون یان سەرکەوتن، لە هەردوو حاڵەتەکەشدا ئێمە براوەین و دوژمن دۆڕاوە.
دوایی گوتی: ئەی زۆر ماندوو نابی؟
منیش گوتم: کەسانێک کە خاوەن ئامانجێکی رەوا بن و بەرەو هیوا بڕۆن هەرگیز ماندوو نابن، دوای ئەوە دەستم خستە ناوی دەستی و ماچم کرد و گوتم: کاکە غەریب خوا حافیز، ئەویش گوتی: خوات لەگەڵ، بەس توخوا زوو وەرەوە.
ئەوە یەکێکە لەو رووداوانەی کە زیاتر هانیدام بەردەوام بم لە خەبات تا هێنانەدی خۆزگەی کاکە غەریب و هەموو غەریبەکانی کوردستان، بە خۆشحاڵیشەوە سەرکەوتین و خۆزگەی هەموو غەریبەکانی کوردستانمان هێنانەدی.
Top