شکستی ئەیلول و هەستانەوەی گوڵان

شکستی ئەیلول و هەستانەوەی گوڵان
دوای ئەوەی شۆڕشی ئەیلول بە پیلان و گەلەکۆمەیەکی نێودەوڵەتی تووشی نەکسەیەکی کاتی کرا, هەم پیلانگێڕان و هەم ئەوانەش کە پێیان وابوو دۆڕانی خۆیان بەو شکستە کاتیەی شۆڕش دادەپۆشن، کەوتنە بەزمی تۆمەت هەڵبەستن و وەک پیشەی خۆیان بە تۆپخانەی ئیرهابی فکری کەوتنە بۆردوومان کردنی رەنج و ماندوو بوونی شۆڕشگێڕان و تەنانەت پیرۆزی و جوانیەکانی مێژووش بۆردومان دەکران، پیلانگێڕان پێیانوابوو شۆڕشی کورد بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ لە دیوەخانی ستەم و داگیرکاری ئەواندا دەخەوێندرێ، دۆڕاوەکانی ناوخۆش خۆیان بەوە سەرگەرم دەکرد کە دەتوانن ماڵباتی بارزانی نەمر لە گۆڕەپانی خەبات و شۆڕشگێڕی و قوربانیدان دوور بخەنەوە، بەڵام زۆری نەبرد خەونی پیلانگێڕان و دۆڕاوەکانی ناوخۆ لەسەر دەستی شۆڕشگێڕان و شوێنکەوتووانی بارزانی نەمر پوچەڵ کرایەوە.
هەستانەوەی گوڵان بە کارنامەیەکی نوێ دۆست و دوژمنی تووشی شۆک کرد، پێچەوانەی هەموو چاوەڕوانیەکان پارتی هاتەوە مەیدان و وەڵامی شکستی بە هەستانەوە و وەڵامی پیلانگێڕیشی بە بەرداوام بوون دایەوە، ئەوەش ئەو پرسیارەی لەلا درووست کردن کە چ نهێنییەک لە پشت ئەو هەستانەوە خێرایەی پارتی هەیە؟
سێ نهێنی لە پشت هەستانەوەکەی گوڵان هەیە، یەکەم: هێز وەگرتن بوو لە فەلسەفەی ئەو فەموودەیەی بارزانی نەمر کە دەڵێ: بە شکست نائومێد مەبن و بە سەرکەوتنیش مەغروور مەبن، دووەم نهێنیش پشت بەستن بوو بەو هێزە شۆڕشگێڕەی کە لە قوتابخانەی بارزانی نەمر وانەی بڕوا نەبوون بە شکستیان وەرگرتبوو، سێیەمیشیان نهێنی بڕوا بوون بوو بەو ئامانجەی کە دەیان ساڵ لە پێناویدا قوربانی بۆ درابوو، بەڵگەش بۆ بوونی ئەو راستییە، بارزانی نەمر بە رێڕوەکەی ئاوی (ئاراس)و بە چۆکدا هێنانی هەرسێک رژێمە داگیرکارەکەی تورک و فارس و عەرەب، هەم وەڵامی پیلان و شکستەکەی کۆماری کوردستانی دایەوە، هەمیش سەرکەتنی لای شۆڕشگێڕان کردە دوا ئامانج و سەرکەوتنەکەش هاتەدی.
Top