کورد و بەغدا و پلە و پۆست

کورد و بەغدا و پلە و پۆست
ئەرکی کورد لە بەغدا بەرگری کردن نییە لە بوون و نەبوونی ئەو پلە و پۆست یان ئەم پلە و پۆست، ئەرکی کورد لە بەغدا بەر لە هەموو شتێک گۆڕینی ئەقڵی حزبی خۆیەتی بۆ ئەقڵی نەتەوەیی، ئەوجار بەو ئەقڵە نەتەوەییەوە کار لەسەر گۆڕینی ئەقڵی سیاسی عەرەب بکات، چونکە ئەگەر ئەقڵی خۆی نەگۆڕێ و بەو ئەقڵە گۆڕاوە کار لەسەر گۆڕینی ئەقڵی سیاسی عەرەب نەکات، هەموو پلە و پۆستەکان هی کورد بن، کورد گوتەنی نیسکێنەیە و سەر لە نوێیە، گۆڕینی ئەقڵی سیاسی عەرەبیش ئەستەمتر و مەحاڵترە لە گۆڕینی ٢+٢ لە چوارەوە بۆ پێنج، کەواتە دوا بژاردە و دوا چارەسەری پرسی کورد گەڕانەوەیە بۆ جێبەجێ کردنی ئەنجامەکانی ریفرادۆم و جیا بوونەوە لە عێراق.
ئەوەی جێگای داخە ناڵێم هەموو لایەنەکان، بەڵام زۆرینەی رەهای لایەنەکان لەگەڵ ئەو هەموو کارەساتە نەتەوەییانەی لەسەر کوردبوون بەسەرمان هاتوون، ئەوەندەی لە خەمی پلە و پۆستن، ئەوەندە لە خەمی گۆڕینی ئەقڵی خۆیان و عەرەبیش نین، ئەوەندەی لە خەمی حزبیبوونن، ئەوەندە لە خەمی کوردبوون نین، ئەوەندەی شین بۆ پلە و پۆست دەکەن، ئەوەندە لەگەڵ بەدیهێنانی خواست و ئامانجە نەتەوەییەکان پێناکەنن.
لە چوار ساڵی رابردوودا حکومەتی بەغدا و پەرلەمانی عێراق پارتیان سەرپشک کرد لەوەی دەستبەرداری پلە و پۆست دەبێ، یان دەستبەرداری خواست و ئامانجە نەتەوەییەکان، ئەوەبوو پارتی بە شانازییەوە خواست و ئامانجە نەتەوەییەکانی لە باوەش گرتن و بەغدابەدەر کرا، بە پێچەوانەوە لایەنەکانی تر پلە و پۆستیان هەڵبژاردوو لە بەغدا خۆیان لە کورسی و پاراستنی بەرژەوەندی حزبی و پارە قایم کرد، تەنانەت وەک ژنی زگ سووتاو پلە و پۆستیان لە باوەشی خۆیاندا رادەژاند, بەڵگەش بۆ بوونی ئەو راستییە و پاراستنی بەرژەوەندیە حزبیەکانیان، دەنگدانیانە بە حەشدی شەعبی و بێدەنگ بوونیانە لە ئاست رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و تاوانبار کردنی رەوتی سەربەخۆخوازان و شانازی کردنیانە بە عێراقچێتی.
لێرەوە روو لە حزبە پلە و پۆستخوازەکان دەکەم: با چیتر شەڕی پلە و پۆست لەگەڵ پارتی نەکەن، چونکە بوونی پلە و پۆست بێ نواندنی هەڵوێستی نەتەوەیی و بەرگری کردن لە کوردبوون و ماف و ئازادیەکان، جگە لە ریسوایی سیاسی و نەتەوەیی شتێکی تریان دەست ناکەوێ، لەگەڵ ئەوەش کە دژایەتی پارتی و کارنامەی نەتەوەیی پارتی دەکەن، پلە و پۆستیشتان لەسەر حسابی پارتی دەوێ، بۆیە بە راشماوی پێیان دەڵێم: فەرموون ئێوە لەگەڵ پارتی لە بەغدا شان بدەنە بەر ئەرکە نەتەوەییەکە، دڵنیام سەرۆک بارزانی چی پلە و پۆستی بەغدا هەیە بە ئێوەی دەبەخشێ.
Top