ریفراندۆمەکەی بارزانی چی لێکردین!

ریفراندۆمەکەی بارزانی چی لێکردین!
کوردستان بۆ یەکەمجار و لە ساڵی ١٥١٤و لە شەڕی چاڵیران، لەسەر دەستی سوڵتان سەلیمی عوسمانی و شا ئیسماعیلی سەفەوی کرایە دوو پارچە و پارچەیەکی بۆ عوسمانیەکان و ئەویتریش بۆ سەفەویەکان، بەڵێ ئەوکات سوڵتان سەلیم و شا ئیسماعیل دەیانزانی لە کوردستان کەسێک بە ناوی مەسعود بارزانی دەردەکەوێ و دەبێتە سەرۆک و ئاڵا هەڵگری سەربەخۆیی و لە ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ بۆ سەربەخۆیی کوردستان ریفرانۆم دەکات.
لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم بەشە داگیرکراوەکەی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی کرایەوە سێ بەش، بەڵێ ئەوکات دەیانزانی هەر ئەو سەرۆک (مەسعود بارزانی)یە لە بەشە داگیرکراوەکەی باشوور لە ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ لە ریفراندۆمێکدا داوای سەربەخۆیی دەکات.
کاتێک تورکەکان شێخ عوبێدوڵای نەهری و شێخ سەعیدی پیران و شێخ عەبدولسەلامی بارزانیان لە سێدارە دەدا و شۆڕگێڕەکانیان کۆمەڵکوژ دەکردن، فاڵگرەوە بوون و دەیانزانی سەرۆک بارزانی لە ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ ریفراندۆم دەکات.
کاتێک لە رۆژهەڵات پێشەوا قازی لە سێدارە دەدرا و کۆمارەکەی دەخرایە ژێر غەزەبی شۆڤنیانەی باپیرە گەورەی قاسم سولەیمانیەکان، دەیانزانی ئەو ئاڵایەی پێشەوا قازی وەک شکۆی نەتەوە بۆ پاراستن دایە بارزانی نەمر، کوڕەکەی لە ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ هەمان ئاڵا و بۆ هەمان مەبەست هەڵدەکاتەوە.
سەددام حوسێن تا بڵێی سەرکردەیەکی دووربین بوو، کاتێک نوگرە سەلمانی دەکردە بەندیخانەی نەتەوەیەک و بیابانەکانی عەرعەریشی دەکردە گۆڕستان و هەمان نەتەوەی تێدا ژێر خاک دەخست، یان کاتێک ژەهری تێکەڵ بە هەوا دەکرد و هەڵەبجەی پێ دەخنکاند، دەیزانی لە ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ سەرۆک بارزانی لە ریفرادۆمێکدا خواستی کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان بە دۆست و دوژمن دەگەیەنێ.
ئەوە مشتێک لە خەرواری ئەو کارەساتانە بوون کە لە رابردوودا کورد لەسەر دەستی تورک و فارس و عەرەب بەسەری هاتوون، کەچی هەندێ دەستە و گرووپی کوردی وەک ئەوەی دژایەتی سەربەخۆیی کوردستانیان بە شیروە خواردبێ بەردەوام دەڵێن: ئای ریفراندۆمەکەی بارزانی چی لێکردین؟! وای دەردەخەن کە ریفراندۆم و خواستی سەربەخۆیی کوردستان تاوانێک بووە و دەبێ ئەنجامدەرانی دادگایی بکرێن، وا لە خەڵک دەگەیەنن کە لەوەتەی تورک و فارس و عەرەب هەن وەک برایەکی بە سۆز لەگەڵمان ژیاون و بەردی سارد و گەرمیان نەخستووینە ژێر پێ.
Top