پارتی وەک لە رابردوو گەورە بووە، دڵنیام لە داهاتووش گەورەیی دەنوێنێ
May 26, 2018
وتار و بیروڕا
ئەو هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتیمانیانەی پارتی پێچەوانەی هەڵوێستی زۆر کەس و لایەنی سیاسین کە بەردەوام بە دوای پلە و پۆست و دەستکەوتی کەسی و باڵادەستی حزبیدا گەڕاون، لەو پێناوەشدا ئەو کەس و لایەنانە زۆر جاران پەنایان بۆ دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان بردووە و بەشداری پیلانەکانیان کردوون و دژی خەبات و رابوونی رزگاریخوازی کورد وەستاونەوە.
ئێستا و دوای دەرکەوتنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن مقۆ مقۆی پێکهێنانی حکومەت لە هەموو مژارەکان گەرمتر بووە، حزب و لایەنەکان بە دوای ئەوەدا دەگەڕێن لە حکومەتی تازەدا چی لە دەست دەدەن و چ دەستکەوتێکی حزبی بەدەست دێنن، ئەوەش پێچەوانەی ئەو ئامانجەیە کە کورد دەیان ساڵە رەنجی بۆ دەدا و خوێنی بۆ دەبەخشێ، چونکە ئەگەر کورد لە رابردوودا رەنج و خوێن بەخشینی بۆ پلە و پۆست و دەستکەوتی کەسی و حزبی بووبێ، ئەوا لە سەردەمی رێژمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق کورد حزبی کارتۆنی و پلە و پۆستی هەیکەلی هەبووە و پێویستی نەدەکرد رەنجی بۆ بدا و ئەو هەمووخوێنەی بۆ ببەخشێ، بۆیە پێویستە هەموو حزب و لایەنە کوردستانیەکان ئەو راستییە بزانن کە بەبێ بەدەست هێنانی خواست و ئامانجە نەتەوەییەکان، بوونی هەر پلە و پۆستێک بۆ کورد لە پلە و پۆستی کارتۆنی و پڕ کردنەوەى کورسی زیاتر شتێکی تر نابێ، بۆیە پێویستە حزب و لایەنەکانی کوردستان یەکگرتوو بن و بە یەکەوە شەڕی بەدەستهێنانی خواست و ئامانجە نەتەوەییەکان بکەن، نەک وەک ئەو چەند ساڵەی رابردوو بۆ پلە و پۆستی بەغدا شەڕ بە رەوتی نەتەوەیی و ئاڵا هەڵگر و خوازیارانی سەربەخۆیی کوردستان بفرۆشن.
دەبێ حزب و لایەنە کورسی ویستەکان ئەو راستییەش بزانن، کە لەو چەند ساڵەی رابردوودا پارتی لە رووی پلە و پۆست و دەستکەوتی حزبی زەرەرمەند ترین حزب بووە، بەڵام لە رووی دەستکەوتی نەتەوەیی و بەرگری کردن لە کوردبوون و سووربوون لەسەر بەدیهێنانی خواستی سەربەخۆیی، چۆن لە رابردوودا پێشەنگی خەبات و قوربانیدان بووە، هەر بە پێشەنگی مایەوە و ئەو پێشەنگیەش نادات بە هیچ حزب و لایەنێکی تر، بۆیە حزب و لایەنەکان با چیتر خۆیان تووشی ئەو وەهمە نەکەن کە پێیان وابێ پارتی بە ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمان لە بەغدا شەڕی کورسی و پلە و پۆست لەگەڵ ئەوان دەکات، چونکە مێژوو سەلماندوویەتی کە شەڕی پارتی بۆ بەدیهێنانی خەونی سەربەخۆیی و نەهێشتی زوڵم و ستەمی سەر کورد و کۆتایی هێنانە بە سیاسەتی داگیرکاری و بەس.