کورد لەبەردەم قۆناغێکی نوێ و ئەکێکی سەخت

کورد لەبەردەم قۆناغێکی نوێ و ئەکێکی سەخت
بانگەشەی هەڵبژاردن تەواو بوو، ئەنجامەکەشی بە هەموو تێبینی و سەرنجەکانەوە راگەیەنران، لەو بانگەشەیەدا ئەوەی نەدەبوو بە یەکتری بڵێن بە یەکتریان گوت، دوور لە هەموو داب و نەریتێکی سیاسی و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی پەلاماری یەکتریان داو وەک هەمیشەش لایەنی زۆر پەلاماردراو پارتی بوو.
ئەو هەڵبژاردنە باش بەڕێوە چوو یان خراپ، کام لایەن غەدری لێکرا یان کام لایەن غەدری کرد، ئەوە بۆ مێژوو بەجێدێڵم، چونکە ئەو هەڵبژاردنە بە هەموو باش و خراپیەکانیەوە غەدر لێکراو و غەدرکەر دەخاتە بەردەم بەرپرسیاێتی نەتەوەیی، دەبێ غەدر لێکراو و غەدرکەر ئەو راستییە لەبەر چاو بگرن کە کورد ئێستا لەبەردەم قۆناغێکی نوێ و ئەرکێکی سەخت دایە، ئەو قۆناغە نوێ و ئەرکە سەختەش لە هەموو لایەنەکان دەخوازێ کە بە هەڵوێستی رابردووی خۆیاندا بچنەوە و بە گوتاری نەتەوەیی بچنە بەغدا.
گومان لەوەدا نییە کە ئەو هەڵبژاردنە و پێکهێنانی حکومەت کێشە و ململانێکانی نێوان پێکهاتە نەتەوەیی و مەزهەبی و سیاسیەکانی عێراق لە لایەکو لە لایەکی تریشەوە لایەنە شیعەکان قوڵتر دەکات، لەوەش گرنگتر ئەمەریکا و ئێرانیش لە پێکهێنانی حکومەتدا هەوڵی کش مەلیک کردن لە یەکتری دەەەن، بە مانایەکی تر حکومەتی داهاتووی عێراق حکومەتێکی (صنع فی ئیران) دەبێ، یان ئەمەرکی دۆست؟ ئەوەش عێراق دەخاتە بەردەم دوو ئەگەر.
ئەگەری یەکەم:ــ ئەگەر هاتوو حکومەتەکە ئێرانی بوو، واتا وەک ئەوەی ئێران دەیەوێ، ئەوا حکومەتێکی مەزهەبی هاوشێوەی ئێران درووست دەبێ، بەوەش هەم بارودۆخی سیاسی عێراق زیاتر ئاڵۆز دەبێ، هەمیش مەترسیەکانی سەر ناوچەکە زیاتر دەبن، ئەوەش بەلای ئەمەریکا و کورد و سوننەوە قبوڵ نەکراوە.
ئەگەری دووەم:ــ ئەگەر هاتوو حکومەتەکە ئەمەریکی دۆست بوو، ئەوا ئێران و هاوپەیمانە شیعەکانی قبوڵی ئەوە ناکەن و عێراق بەرەو شەڕی ناوخۆ دەبەن، کەواتە هەموو ئەگەرەکان عێراق بەرەو ئاڵۆزی و دابەش بوون دەبەن، ئەوەش لە حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان دەخوازێ خۆیان بۆ ئەگەری شەڕی دابەش بوونی عێراق ئامادە بکەن و بە چەکی ئەنجامەکانی ریفراندۆمەوە بچنە ناو ئەو شەڕە حەتمیەوە.
Top