رەمەزانی پیرۆز وێستگەیەك بۆ ناخ گۆڕی
May 15, 2018
وتار و بیروڕا
پێویستە كە بیكەینە بۆنەیەك بۆ ئاوڕدانەوە لە رابردوومان بۆ ئەوەی كەموكوڕییەكانمان چارەسەر بكەین، گوڕانكاری تەواو لە هەڵسوكەوتمان بكەین، لە ناخەوە گوڕانكاری بكەین، نەك بیكەینە بۆنەیەك بۆ ژەمگۆڕی و خەوگۆڕی.
رەمەزان بۆ ئەوەیە كە بچینە ریزی فریشتەكان كە خواردن و خواردنەوەیان نییە، كەچی هەندێكمان دەیكەینە بۆنەیەك بۆ ئیسراف و زێدەڕۆیی لە رازاندنەوەی سفرە و خوانی بەربانگ و پاشیوان. رەمەزان بۆنەیەكە بۆ هێوربوونەوە و لێبووردەیی، كەچی هەندێك لە رەمەزان تووڕەیی و هەڵچوونیان دەگاتە لوتكە و لەسەر كەمترین شت پەلاماری خەڵكی دەدەن (بە دەست و زمان)، بە بیانووی ئەوەی كە برسییەتی و تێنوویەتی تاقەتی لێ بڕیون!
رەمەزان بۆ ئەوەیە كە خەڵكی لە دەست و چاو و زمانمان سەلامەت بن، كەچی هەندێك دەیكەنە ساتێك بۆ باسكردنی یەكتر و كات بردنەسەر بە هەژماركردنی هەڵە و كەموكوڕییەكانی خەڵك!
رەمەزان بۆ ئەوەیە شەوانی بۆ خواپەرستی بێت و خەڵك لە ماڵەكانی خوا كۆببنەوە، بۆ ئەنجامدانی نوێژ و قورئان خوێندن وگوێڕاگرتن لە وانە و ئامۆژگاریی چاك و سەردانی خزم و كەسان، كەچی هەندێكمان شەوانی رەمەزان دەكەینە بۆنەیەك بۆ بازاڕكردن و یاریكردن، و كات بەفیڕۆدان بە شتی بێسوود!
رەمەزان بۆ ئەوەیە كە رەحم و بەزەییمان زیاترە بێت و دڵمان نەرم بێت بەرامبەر بە هەژار و نەدار، كەچی هەندێك لە بازرگانان دەیكەنە بۆنەیەك بۆ چەوساندنەوەی خەڵك و دەرفەتێك بۆ قازانجی ناشەرعی بە گرانكردنی نرخ و فرۆشتنی كاڵای كۆنی كەڵەكە بوو!
رەمەزان تەنیا خۆبرسیكردن و خۆتێنووكردن نییە. خودای دلۆڤان نایەوێت سزامان بدات، بەڵكۆ زۆر پەند و وانەی بەسوود هەن لەم كارە پیرۆزە. پێغەمبەری خۆشەویستمان (دروودی خوای لە سەر بێت)، دەفەرموێت: «هەركەس واز لە قسەی ناڕاست و كردەوەی ناڕاست نەهێنێ، خوای گەورە ئیشی بە برسییەتی و تێنوویەتی ئەو كەسە نییە.»
ئەگەر لەم مانگەدا لە ناخەوە گۆڕانكاریمان بەسەر نەهات، واتا سوودمان نەبینی لە حیكمەت و فەلسەفەی رەمەزان، پێغەمبەرمان (دروودی خوای لە سەر بێت)، دەفەرموێت: «الصیام جنة» ـ بضم المیم ـ واتا بەڕۆژووبوون پارێزەرە لە هەموو خەراپییەك، شوورەیەكی پۆڵایینە كە لە ئافاتی هەوا و هەوەس دەمانپارێزێت. بۆیە مرۆڤی بەڕۆژووبوو هەرگیز پەلاماری كەس نادات، بەڵكو ئەگەر كەسێك بەرامبەری رەفتاری ناشیاو بكات، وەڵامی مرۆڤی بەڕۆژووبوو بۆ بەرامبەرەكەی ئەوەیە كە پێی بڵێ: من بەڕۆژووم.
تاوانەكانی مرۆڤ بەگشتی دوو جۆرن، هەندێكیان بە جەستە ئەنجام دەدرێن، وەك دزین و بوختان و كوشتن، وداگیركردنی ماڵی خەڵك و.. تد، هەندێكیشیان بە ناخ و دەروون ئەنجام دەدەرێن، وەك حەسوودی، رقبوون لە خەڵك، خۆ بە زل زانین و نیفاق و...تد، ئینجا بۆ ئەوەی لە هەردوو جۆرە تاوانەكان دوور بین، ئەوا رەمەزان قوتابخایەكە كە فێرمان دەكات چۆن خۆمان بە پاكی رابگرین و دوور بكەوینەوە لە هەموو شتێكی وا كە زیان بە دین و مرۆڤایەتیمان بگەیێنێت، واتا بەڕاستی رەمەزانی پیرۆز وێستگەیەكە بۆ بەخۆداچوونەوەو گوڕانكاریی راستەقینە لە ناخ و دەروونمان. بۆیە دەڵێین: یاخوا بەخێر بێیت مانگی رەمەزان.