دوو بەڵای سیاسیکوژ

دوو بەڵای سیاسیکوژ
شکست و سەرکەوتن دوو حاڵەتن کە بەردەوام سیاسیەکان رادەچڵەکێنن، بۆ شکست و سەرکەوتن گەل دێتە سەرخەت، بۆ شکست گەل وەک بە ئاگا هێنانەوەی ئەو لایەنە لەو هەڵانەی لە ماوەیەکی دیاریکراودا کردوونی سزای دەدات، بۆ سەرکەوتنیش گەل پشتیوانی خۆی دەکاتە خەڵات بۆ ئەو لایەنەی بەرگری لە ماف و دەستکەوت و سەروەریەکانی کردووە، ئەوەی گرنگە و پێویستە بخرێتە روو، وەک بارزانی نەمر فەرموویەتی: نابێ کەسانی سیاسی بە شکست نائومێد ببن و کورد گوتەنی دەست بە خۆیاندا بەردەنەوە، وە نابێ بە سەرکەوتنیش مەغروور ببن و کورد گوتەنی گوێیان لە کوڵاوی بچێتە دەر، واتا دەبێ سزای گەل وەک بەخۆدا چوونەوە وەربگرن و خەڵاتیش وەک بەردەوامی لە بەجێهێنانی زیاتری حەز و خواستەکانی گەل، لێرەوە دوو بەڵا سیاسیکوژەکە دەردەکەون.
یەکەم:ــ سیاسی ناحاڵی یان راستتر بڵێین ئەوانەی بۆ بەرژەوەندی تایبەت و بە مەبەستی رشتنی کۆنەقین و تۆڵە کردنەوە سیاسەت دەکەن، لە باتی ئەوەی سزای گەل بکەنە بنەمای گەڕانەوە لە هەڵەکانی رابردوویان، کەچی دێن وەک فێڵ کردن و چاوبەستنی خەڵک هەوڵدەدەن هەڵەکەیان بە هەڵەیەکی گەورەتر بشارنەوە، ئەو جۆرە سیاسەتە لە کوردستان بۆتە دیاردەی بەشێک لە سیاسی و سەرکردەکان و بە تایبەتیش لەو چەند مانگەی رابردوودا هەندێ لایەن پێشبڕکێی بردنەوەی گرەویان بەو سیاسەتی هەڵە بە هەڵە داپۆشین کردووە.
دووەم:ــ بەڵای دووەم پاساو هێنانەوەیە بۆ شکست، واتا نکولی کردن لەو هەڵانەی کە بوونە هۆکاری شکستەکە، بەڵام لەباتی ئەوەی ددان بە هەڵەکەیدا بنێ و کارنامەی سیاسی خۆی بگۆڕێ، پاساوێکی نابەجێی بۆ دینێتەوە، ئەو جۆرە سیاسیانە وەک ئەو کەسە ئینکارانە وان کە دەڵێ: سەرێکە و هێناومە نایبەمە دواوە، سیاسەتیش بە ئینکاری ناکرێ، چونکە سیاسەت جووڵەیەکی نەخشە بۆ کێشراوە بە ئاراستەی بەدیهێنانی خواست و ئامانجەکانی کۆمەڵگا، نەک جووڵە لەگەڵ خەون و خۆزگە و خەیاڵی چەند کەسێک یان گرووپێک، بۆیە پێویستە سیاسیەکان ملکەچی سزا و پاداشتی جەماوەر ببن و دەستبەرداری سیاسەتی هەڵە بە هەڵە چارەسەر کردن و پاساو هێناوە بۆ شکستەکانیان ببن.
Top