دوو بەڵای سیاسیکوژ
May 15, 2018
وتار و بیروڕا
یەکەم:ــ سیاسی ناحاڵی یان راستتر بڵێین ئەوانەی بۆ بەرژەوەندی تایبەت و بە مەبەستی رشتنی کۆنەقین و تۆڵە کردنەوە سیاسەت دەکەن، لە باتی ئەوەی سزای گەل بکەنە بنەمای گەڕانەوە لە هەڵەکانی رابردوویان، کەچی دێن وەک فێڵ کردن و چاوبەستنی خەڵک هەوڵدەدەن هەڵەکەیان بە هەڵەیەکی گەورەتر بشارنەوە، ئەو جۆرە سیاسەتە لە کوردستان بۆتە دیاردەی بەشێک لە سیاسی و سەرکردەکان و بە تایبەتیش لەو چەند مانگەی رابردوودا هەندێ لایەن پێشبڕکێی بردنەوەی گرەویان بەو سیاسەتی هەڵە بە هەڵە داپۆشین کردووە.
دووەم:ــ بەڵای دووەم پاساو هێنانەوەیە بۆ شکست، واتا نکولی کردن لەو هەڵانەی کە بوونە هۆکاری شکستەکە، بەڵام لەباتی ئەوەی ددان بە هەڵەکەیدا بنێ و کارنامەی سیاسی خۆی بگۆڕێ، پاساوێکی نابەجێی بۆ دینێتەوە، ئەو جۆرە سیاسیانە وەک ئەو کەسە ئینکارانە وان کە دەڵێ: سەرێکە و هێناومە نایبەمە دواوە، سیاسەتیش بە ئینکاری ناکرێ، چونکە سیاسەت جووڵەیەکی نەخشە بۆ کێشراوە بە ئاراستەی بەدیهێنانی خواست و ئامانجەکانی کۆمەڵگا، نەک جووڵە لەگەڵ خەون و خۆزگە و خەیاڵی چەند کەسێک یان گرووپێک، بۆیە پێویستە سیاسیەکان ملکەچی سزا و پاداشتی جەماوەر ببن و دەستبەرداری سیاسەتی هەڵە بە هەڵە چارەسەر کردن و پاساو هێناوە بۆ شکستەکانیان ببن.