بۆچوومەکەم راست دەرچوو ئەم بابەتەم لە رۆژی ٥ ــ ٣ ــ ٢٠١٨ بڵاو کردۆتەوە خوێندنەوەیەکی کورت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

بۆچوومەکەم راست دەرچوو ئەم بابەتەم لە رۆژی ٥ ــ ٣ ــ ٢٠١٨ بڵاو کردۆتەوە خوێندنەوەیەکی کورت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
ئەگەر لە ژێر رۆشنایی رووداوەکان و ململانێ و رکابەریە ناشارستانی و نانەتەوەییەکانی نێوان لایەنەکان بە گشتی و کێشە و ئاریشە سیاسیەکانی ناوخۆی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە تایبەتی، خوێندنەوەیەکی واقعبینانە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوووی کوردستان بکەین دەکەوینە بەردەم دوو ئەگەر.
ئەگەری یەکەم:ــ گرفت لەبەردەم هەڵبژاردن درووست بکرێ، ئەم ئەگەرە پەیوەندی بە بارودۆخی ناوخۆی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە هەیە، دیارە کێشە و ناکۆکیەکانی ناوخۆی یەکێتی وایان لەو حزبە کردووە کە لە هەڵبژاردن دەنگەکانی بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو بێنە خوارێ، ئەوەش بەلای یەکێتیەوە قبوڵ نەکراوە، بۆیە پێدەچێ یەکێتی بەو هەموو کێشە و ناکۆکیانەی ناو خۆیەوە نەتوانێ بچێتە ناو هەڵبژاردنی کوردستان.
ئەگەری دووەم:ــ ئەگەر هەڵبژاردن بکرێ ئاڵۆزەیەکان دەتەقنەوە و دوور نییە شەڕ و خوێن رشتنیشی لێ بکەوێتەوە، چونکە کەم کردنەوەی دەنگەکان وا لە یەکێتی دەکات بۆ شاردنەوەی کەمی دەنگەکانی پەنا بەرێتە بەر تەزویر و کێشە درووست کردن.
سلێمانیش وەک چەقی هێزی یەکێتی بۆتە چەقی ململانێکان، بەو هۆیەوە لە گرژی و ئاڵۆزیەکانی هەڵبژاردنی کوردستان پشکی شێری بەردەکەوێ و باجی گەورەش دەدات، چونکە لایەنەکان بەناوی دیموکراتی ئەو شارەیان خستۆتە ناو گێژاوی فەوزای سیاسی، بە هۆی بوونی ئەو گێژاوە سیاسی و باڵادەستی یەکێتی لەو سنوورە، لە هەڵبژاردنیش وەک پێشتر ئاماژەم بۆ کرد یەکێتی بۆ شاردنەوەی کەم کردنی دەنگەکانی ناچار دەبێ پەنا بۆ تەزیر ببات، هەر تەزویرێکیش بکرێ زیاتر لەسەر حیسابی ئەو لایەنانە دەبێ کە سلێمانیان بەو دەردە بردووە، ئەوانیش قبوڵ ناکەن و بۆ بەرژەوەندی حزبی خەڵک دەجووڵێنن، جا تا کار لەکار نەترازاوە پێویستە خەمخۆرانی سلێمانی شارەکەیان لەو فەوزا سیاسی و بە پلیکانە کردنەی حزب رزگار بکەن کە بۆ بەرژەوەندی حزبی و بە ئامانجی رشتنی کۆنەقین هەر رۆژە و تووشی گێچەڵێکی دەکەن.
Top