نوێنەرانی کورد لە بەغدا سێ جۆرن
May 1, 2018
وتار و بیروڕا
بە پێی ئەزموونی ئەم خولەی پەرلەمانی بەغدا و هەڵوێستی حزب و فراکسیۆنەکان، پەرلەمانتارانیان بۆ نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان و دەنگدەرانیان دەکرێن بە سێ بەشەوە، بەشێکیان نوێنەر بوون بۆ فرۆشتنی کوردستان و مافی کورد و دەنگدەرانیان، بەشەکەی تریشیان نوێنەر بوون بۆ بەرگری کردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان و دەنگدەرانیان، بەشی سێیەمیش سەریان خستبووە ناو گیرفانیان و قڕوقەپ لەسەر کورسی رۆنیشتبوون.
بۆ جیاکردنەوەی نوێنەرانی کوردفرۆش و نوێنەرانی بەرگریکار نوێنەرە بێدەنگەکان پێویستیمان بەو جیاکاریە هەیە، ئەو نوێنەرانەی دەنگیان بە حشدی شەعبی دا، ئەوانەش کە لە رووداوەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر و جینۆسایدی خورماتوو بێدەنگ بوون، ئەوانەش کە بەرگریان لە یەکپارچەیی خاکی عێراق کرد و دژی ریفراندۆم بوون، ئەوانەش کە پێیان وابوو کەرکوک گەڕاوەتەوە باوشی عێراقی حەبیب، ئەوانەش کە عەبادی گوتەنی لەسەر حکومەتی هەرێم زانیاریان داوەتە بەغدا، ئەوانەش کە دووقۆڵی و سێقۆڵی کوبوونەوەیان لەگەڵ عەبادی دەکرد و دەیانگوت: مووچە مونێرە، ئەوانەش کە ناسیۆنالیزمی کوردیان بە توندڕە و شەڕانی ناودەبرد، ئەوانەش کە کار بۆ دادگایی کردنی ریفرادۆمچیەکان دەکەن و ریفراندۆم بە ریفراندۆمی سەقەت ناو دەبەن، خۆیان و حزبەکانیان نوێنەرن بۆ فرۆشتنی کورد و کوردستان.
ئەوانەش کە بە شانازیەوە لە ریفراندۆم گوتیان بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان، لە بەرامبەر خواستی شۆڤێنیانەی عەرەب نەچەمانەوە و دەستبەرداری کوردبوون و کوردایەتی خۆیان نەبوون، لەناو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان شەڕی ماف و ئازادیە نەتەوەییەکانی کوردیان دەکرد، نوێنەری راستەقینەی ئێستا و داهاتووی خەڵکی کوردستانن.
جۆری سێیەمیان کە پەرلەمانتارە مردەڵە و فەقیر و کوردگوتەنی ئەگەر گوڵ نەبووبن دڕکیش نەبوون، لە نێوان پەلەمانتارانی بەرگریکار لە مافەکانی کورد و پەرلەمانتارانی کوردفرۆش بە بێدەنگیان بێلایەنی خۆیان دەرخستووە، بۆیە دەبێ خەڵکی کوردستان ئەو سێ جۆرە نوێنەرانە لە یەکتری جیا بکاتەوەو نوێنەرانی کوردفرۆش ریسوا بکا و نوێنەرانی بەرگریکاریش بە دەنگەکانیان خەڵات بکەن و بە بێدەگەکانیش بڵێ دەنگدەر بۆیە دەنگیان نەدانێ بێدەنگ بن.