پارتی ،بارزانیی رێبازو رێنیشاندەری كوردایەتیی و كۆڵنەدانە

پارتی ،بارزانیی رێبازو رێنیشاندەری كوردایەتیی و كۆڵنەدانە
پارتیی دیموكراتی كوردستان ، بە رێبەرایەتی بازانیی ، جگە لەوەی میرات هەڵگری گشت شۆرش و بەرخۆدانەكانی كوردستان و ئاڵاهەڵگری یەكەم كۆماری كوردستانە، لە هەمانكاتیشدا شانازیی تۆمارٍكردنی سەركەوتنی شەرٍجیهانی تیرۆریستان و ریفراندۆمی سەربەخۆیی بەركەوتووە و بۆیە رێبازێك خاوەن قوربانیی و مێژووییەكی پر شانازیی بێ‌ ، سەركەوتن چاوەروانی دەكات . گەلی‮ ‬كوردستان بەدرێژایی‮ ‬مێژوو لە تێكوشان و بەرخودان دابووە،‮ ‬سەرەڕای‮ ‬هەوڵەكانی‮ ‬لە ناوبردنی‮ ‬گەلی‮ ‬كوردستان بە خاك و خەڵكەوە،‮ ‬بەڵام توانیویەتی‮ ‬پارێزگاری‮ ‬لە بوونی‮ ‬خۆی‮ ‬بكات و رووبەڕووی‮ ‬هێرش و پەلاماری‮ ‬دوژمنان و داگیركەران ببێتەوە و دوای‮ ‬هەر كەوتنێك بە گڕوتینێكی‮ ‬نوێوە هەڵسێتەوە‮.‬
خەباتی پارتی وبارزانیی ، بەرخۆدانێك بوو تەنیا گرێدراویی بەشێكی كوردستان نەبوو ،بەڵكو زیندووراگرتن تێكۆشانی نەتەوەیەكی خاك داگیركرا بوو .رێبەرایەتی بزوتنەوەی رزگاریخوازیان لەكوردستانی باشووردا نەكردووە بەڵكو خەمخۆری هەرچوار پارچەی كوردستان بوونە بەهانای هەموو لایەكدا چوونەو قوربانیان داوە بگرە لە راپەرینی سەید رەزای دەرسیم و شێخ سەعیدی پیران هەروەها بۆ هاوكاریكردنی شۆرشی شێخ مەحمودی حەفید كە ئەو كات جەنابی مستەفا بارزانی تەمەنی 17 ساڵ بووە لەگەلی بازیان لەلایەن فرۆكەكانی ئینگلیز بۆردومان دەكرێ‌ و چەند قارەمانێكیان لێ‌ شەهید دەكرێ‌ هەروەها مستەفا بارزانی لە ساڵەكانی 1943 و 1945 شۆرشی یەكەم و دووەمی بارزانی هەڵگیرساند، لەدوای بۆردومانكردن و گەمارۆدانی ناوچەی بارزان لەلایەن حكومەتی عیراق و ئینگلیز هەر لەهەمان ساڵدا بارزانی نەمر لەگەڵ 500 پێشمەرگەی ئازا و بەجەرگ بەهانای كۆماری كوردستان چوو لەوێش بەدڵ و بەگیان بۆ پاراستنی كۆماری كوردستان دژی ئەرتەشی شاهنشاه شەری كرد و چەندین شەهیدیان دا وە. لەپاشان شەری سێ‌ دەوڵەتی كرد تا لە رووباری ئاراس پەرییەوە و لەساڵی 1961 سەركردایەتی شۆرشی مەزنی ئەیلولی كرد كە دەستكەوتەكەی بەیانی 11ی ئاداری مێژوویی بوو هەروەها لەدوای نسكۆی 1975 دووبارە بە رێنمایی باوكی رۆحی نەتەوەیی كورد مستەفا بارزانیی، جەنابی كاك ئیدریسی هەیشە زیندوو و جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی دەستیان بەكۆكردنەوەی پێشمەرگە و كادیرەكان كرد لەدەرەوەو ناوەوە لەساڵی 1976 لەژێر ناوی سەركردایەتی كاتی دووبارە درێژە بە خەباتی چەكداری كرا تا دەستپێكی یەكەم بڵێسەی شۆرشی تازە بەناوی شۆرشی گوڵانی پێشكەوتنخواز لە 26ی گوڵانی ساڵی 1976 بەسەركردایەتی بارزانی لەدوای راپەرینیش تا ئەورۆ سەركردایەتی شۆرشێكی مەدەنی ئاشتیخواز لەسەر بنەمای عەدالەت و یەكسانی و دیموكراسیەت و نەفەسی ئازاد ناكرێ‌ دوای ئەو هەموو مێژووە دوور و درێژە پر لە هەوراز و نشێوە و كارەسات و ماڵ وێرانی ئیرادەی ئەو میللەتە تەسلیم بە كۆمەڵێك هەرزەكاری سیاسی مەغرور بكەن كە هیچیان لە هەگبەدا نیەـ تەنیا وەك ئەوەی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو جگە لە بیری روخێنەرـ تێكدانی یەكریزی كورد، هاودەستی لەگەڵ دوژمنانی كورد بە مەبەستی لەباربردنی ئەو دەستكەوتانەی كە بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهیدە ..
داگیركەران و دۆژمنانی كورد ، بەدرێژایی مێژوو هەمیشە و بە هەموو توانایەكەوە هەوڵیان داوە كە گەلی كورد لە گەیشتن بە مافەداگیركراوە و زەوتكراوەكانیان بێ‌ بەش بكەن ، هەر كاتێ‌ نزیك بوو بنەوە لەو ئامانجە ئەوا چ خۆیان و چ كۆیلەكانیان بەكارهێناوە ، نموونەی بەرچاویش خیانەتە گەورەكەی 16ی ئۆكتۆبەر و دروستكردنی بەرەی نەخێر بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی و هەر وەك دەبینن كە ئەو دژایەتیكردنە تا بە ئەمرٍۆ رەنگدانەوە و كاریگەرییەكانی دیارە و بێ‌ شەرمانە باس و دژایەتی دەكەن . بە دڵنییایەوە گەر ریفراندۆمیش نەكرابایە، ئەوا پاش شەڕی داعش هێزە سەركوتكەرەكەی سەر بەئێران لە بەغداوە هێرشی هەر دێنایە سەر خاكی كوردستان. ئاماژەكانی ئەو هێرشە چەند مانگێك پێش گیرانەوەی حەویجە ئەوەندە ئاشكرا بوون، كە نەك خەڵكی ژیر و بە مشوور، بگرە تەنانەت گێلێكیش ئەو خەتە نەنووسراوەی دەخوێندەوە.هەر بۆیە ریفراندۆمەكە كرابایە و نەكرابایە ئەو هێزە هەر دەهاتە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بەڵام وەك ئێستا لە سۆنگەی ریفراندۆمەكەوە تۆ بەڵگەیەكی گەورەی كوردستانیبوونی ئەو ناوچانەت بەدەستەوەیە، ئەو كات نەك وەها بەڵگەیەكت نەدەبوو، بگرە بۆ تا هەتایە زۆر شوێنەواری دیكەشیان دەسڕییەوە كە ئیتر ئێستا ناتوانن دەست بۆ هەموو شتێك بەرن.
ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ، هەنگاوێكی دیكە بوو بۆ چاوكرانەوەی زیاتری خەڵكی كوردستان و گۆڕانی روانگەی تاكی كورد بەرانبەر رۆژئاوا. چونكە تا پێش ریفراندۆم ئێمە هەر بە روانینێكی ئایدیالیستییەوە لە رۆژئاوامان دەڕوانی، ئێستا لە سۆنگەی ریفراندۆمەوە كە روخساری رۆژئاوامان باشتر بۆ دەركەوتووە، خوێندنەوەكانیشمان جیاواترن.
لەگەڵ هەموو ئەو شتانەدا ریفراندۆمەكە هەنگاوێكی بوێرانەی خەڵكی ئەم بەشەی كوردستان بوو، كە بە جورئەتەوە دەكرێ بڵێم، پاش راپەڕینە شكۆداره كه ی 91 تاقە شتێكە بتوانین هەموومان و نیشتمانپەروەرانی هەر چوارپارچەی كوردستان شانازیی پێوە بكەین.
لەو نێوەدا، دوژمنانی كورد و گوێلەمستە كوردزمانەكانیان با هەر بەردی نائومێدی لە سینگی خۆیان بدەن، چونكە ئیتر ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بەڵگەیەكی مێژووییە بەدەست میللەتی كوردەوە لەم بەشەی كوردستاندا. خۆ ئەگەر قەول وابێ ریفراندۆمچییەكان دادگایی بكرێن، ئەوا دەبێ 93%ی خەڵكی كورد ببرێنە بەردەم دادگا. هەر وەك چۆن خەونی هەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆمیش بۆ بەغدا نەك نەهاتە دی، بەڵكو لێی بوو بە كابووسێكی سامناك بۆ گشت داگیركەران و كۆیلەكانیان بووە شێرپەنجەیەكی بێ‌ چارەسەر. هەر لە شۆڕشەكانی بارزانەوە تا هەموو ئەو دەنگانەی كە بە گژ داگیركاریدا دەچوونەوە لە ژێر بەیداخی پارتێكی پێشڕەودا كۆ كرانەوە و رێبازی پیرۆزی بارزانی وەك بنەما و دەستوورێكی كارا كاری پێ دەكرا. یەكڕیزی و خەبات بۆ وەدەستهێنانی مافی نەتەوەیەك، پەروەردەی كوردانە، برەودان بە هۆشیاریی كۆمەڵایەتی و بەرزكردنەوەی متمانەبەخۆبوونی تاكی كورد، لە پرەنسیپە بنچینەییەكانی پارتین
Top