نەیارانی پارتی کەی دەگەنە راستیەکان؟!

نەیارانی پارتی کەی دەگەنە راستیەکان؟!
لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردوو بە پشتیوانی و رێنمایی دەزگا هەواڵگی و جاسووسیەکانی داگیرکارانی کوردستان، قوتابخانەیەک بۆ پەرتەواز کردنی ناوماڵی کورد، یان راستتر بڵێین دژارتی کردنی قوتابخانەی بارزانی نەمر دامەزرا، لەو قوتابخانەیەدا تەنها وانەی بە دێوەزمە کردنی پارتی و ماڵباتی بارزانی نەمر دەخوێندرا، بەداخەوە زۆر کەسی شۆڕشگێڕ و کوردپەروەر کەوتنە داوی وانەبێژانی ئەو قوتابخانەیە و هێز و تواناکانیان بۆ مەرامی کاراکتەر و وانەبێژانی پشت ئەو قوتابخانەیە ئاراستە دەکران، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە زۆرێک لە دەرچوانی ئەو قوتابخانەیە کاتێک لە کار و چالاکی سیاسی و سەربازی لە ئەندامێکی ماڵباتی بارزانی نەمر نزیک دەبنەوە، تێدەگەن کە هەرچی لەو قوتابخانەیە خوێندوویانە چەواشەکاری و شێواندنی راستییەکان بووە، لەوەش دەگەن کە ناڕاستەوخۆ و لە دەرەوەی خواست و ئیرادەی خۆیان دژایەتی کوردبوون و کوردایەتیان پێکراوە، چونکە بە نزیک بوونەوەیان لە ئەندامانی ماڵباتی بارزانی نەمر، دەگەنە ئەو راستییەی کە ماڵباتی بارزانی نەمر هەر هەنگاوێکیان نابێ هەنگاوی کوردایەتی بووە و بۆ پاراستنی کوردبوون و بەدەستهنانەوەی مافە زەوتکراوەکانی کوردیش بووە، بۆیە وەک پەشیمان بوونەوە لەوەی دژایەتی پارتی و ماڵباتی بارزانی نەمریان پێکراوە هەڵوێستی کوردایەتی وەردەگرن، ئەو کات یا ئەوەتا دەگەڕێنەوە ناو پارتی، یا ئەوەتا واز لە دژایەتی ئەو ماڵباتە دێنن و دەبنە دۆست و هاوپەیمان و هاوکاریان.
ئەگەر کەمێکیش بگەڕێینەوە بۆ دواوە دەبینین زۆرێک لەو شۆڕشگێڕ و کوردپەروەرانەی تەمەنێک لە رووی سیاسی و سەربازی سەرسەختانە دژایەتی ماڵباتی بارزانی نەمریان پێکرا، ئێستا نەک هەر دژایەتی ناکەن، بەڵکو هەڵوێستیان وەرگرتووە و هاوشانی ماڵباتی بارزانی نەمر کوردبوون و کوردایەتیان خستۆتە سەرووی بەرژەوەندیە کەسی و حزبییەکان، ئەوەش ئەو راستییەمان پێدەڵێ: کە ئەو قوتابخانەیەی بۆ دژایەتی قوتابخانەی بارزانی نەمر درووستکرا، درووستکراوی دەزگا هەواڵگریەکانی داگیرکارانی کوردستان بووە و بە وەکالەت بەڕێوە براوە، بۆ شاردنەوەی ئەو راستییە و رێگری کردن لەوەی شۆڕشگێڕ و کوردپەروەران لە پیلانە شاواوەکەیان بگەن، بەردەوام خۆیان کەرت دەکەن و لە بەرگی ترو لە هەمان قەتابخانە و لە پۆلی تر خۆیان نمایش دەکەن.
Top