دادگا دەستی بە دادگایی کردنی ریفراندۆمچیەکان کرد

دادگا دەستی بە دادگایی کردنی ریفراندۆمچیەکان کرد
هۆڵی دادگا:ــ گردی زەگەتە.
داواکاری گشتی:ــ یوسف محەمەد.
دادوەر:ــ حەیدەر عەبادی.
تۆمەتبار:ــ سەربەخۆخواز.
پۆلیسی بەردەم هۆڵ:ــ سروە و وشیار عەبدوڵا و کاوە محەمەد
دادوەر: با تۆمەتبار بێتە ژوورەوە.
پۆلیس: سەربەخۆخوازی تۆمەتبار بڕۆ بەردەم دادوەر.
داواکاری گشتی: جەنابی دادوەر..ئەوە تۆمەتبارە بە دابەشکرنی خاکی پیرۆزی عێراق و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی.
دادوەر: ئەوەی داواکاری گشتی دەیڵێ راستە؟
تۆمەتبار: بەڵێ، بە شانازییەوە.
دادوەر: ناوت چییە؟
تۆمەتبار: کوردستان ویستی کوڕی دەوڵەتخوازی کوڕی نەفرەت لە عێراق.
دادوەر: بڕیاری دادگا.. بە پێی ماددەی (...) لە دەستووری عرووبە سزای ئەنفال بەسەر کوردستان ویستی کوڕی دەوڵەتخوازدا سەپێنرا.
دادوەر: تۆمەتباری دووەم بێتە ژوورەوە.
پۆلیس: کاک عومەری سەید عەلی فەرموو بڕۆ ژوورەوە.
داواکاری گشتی: جەنابی دادوەر.. ئەوە کاک عومەری سەید عەلی رێکخەری گشتی بزووتنەوەى گۆڕانە.
دادوەر: کاک عومەر لە ریفراندۆم بۆ دەنگت بە بەڵێ داوە؟
تۆمەتبار: جەنابی دادوەر.. ئێمە هەمیشە عێراقچی بووین و عێراقچیش دەبین، ئەگەر نەمگوتبا دەنگم بە بەڵێ داوە لە کوردستان نەفرەتباران دەکراین، دەبێ ئێوەش وەک هەمیشە گەورەیی خۆتان بنوێنن و ئەوەتان لەبەرچاو بێ، کە کاک دکتۆر یوسف لە خۆمانە و ئێستا بۆتە داواکاری گشتی و یەکە یەکەی ریفراندۆمچیەکان پەلکێشی بەردەم دادگا دادپەروەرەکەی عرووبە دەکات.
دادوەر: تۆ بێتاوانی خۆت سەلماند و سەرکەوتوو بیت لە پێناو پاراستنی یەکپارچەیی خاکی پیرۆزی عێراق.
داواکاری گشتی: جەنابی داوەر گەورەییت نواند، لێرەوە ئێمەی گۆڕانخواز بەڵێن نوێ دەکەینەوە کە هەمیشە عێراچی دەبین و ریفراندۆمچیەکان دێنینە بەردەم دادگا و بە سزای عرووبەیان دەگەیەنین.
Top