پەرلەمانی کوردستان زیادەیە

پەرلەمانی کوردستان زیادەیە
ئەرکی پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا جیاوازە لە ئەرکی پەرلەمانتارانی کەرد لە پەرلەمانی کوردستان، ئەرکی پەرلەمانتار لە بەغدا چاودێری کردنی حکومەتی ناوەند و بەرگری کردنە لە مافە نەتەوەییەکانی کورد و رێگرییە لەو پێشێلکاریە زەقە دەستووریانەی کە دەرهەق بە خەڵکی کوردستان دەکرێن، ئەرکی پەرلەمانتاریش لە پەرلەمانی کوردستان چاودێری کردنی حکومەتی هەرێم و پێشکەش کردنی پرۆژە یاسا و دەنگدانە لەسەریان، لەگەڵ بوونی ئەو راستییەدا چەند فراکسیۆنێکی کوردی و بەناو نوێنەری خەڵکی کەردستان لە بەغدا، ئەرکی خۆیان بەجێدێڵن و دێن مافی هاوپیشەکانیان لە کوردستان پێشێل دەکەن و لە باتی ئەوان خۆیان بەسەر حکومەتی هەرێمەوە دەکەنە چاودێر، بەوەشەوە ناوەستن و بە ئاشکراو بە نهێنی زانیاری بە حکومەتی ناوەند دەدەن.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەرشیف و چاوێک بە کەناڵە عەرەبیەکان و چەند کەناڵ و سایتێکی کوردیدا بگێڕین و گوێ لە لێدوان و هەڵوێستی ئەو فراکسیۆنانە بگرین، تێدەگەین کە چۆن خۆیان لە ئەرکی راستەقینەی خۆیان دزیوەتەوە و بوونە جاسووس بەسەر حکومەتی هەرێمەوە.
کاتێک باس لە جاسووسی ئەو فراکسیۆن و دەستی بەرپرسە باڵاکانی پشتیان دەکەین، ناکرێ بێ بەڵگە ئەو تۆمەتە بخەینە پاڵیان، بۆیە لەسەر زاری خۆیان و بەرپرسانی بەغدا بەڵگەی جاسووسی کردنیان دەخەمە پێش چاوی خوێنەران.
نوری مالیکی: دکتۆر بەرهەم داوای لێکردم هێز بجووڵێنم.
عەبادی: بەرپرسی کورد پێی گوتووم سێ سەد ملیار دینار لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم زیادە.
عەبادی: سێ لایەنەکە داوایان لێکردووم مووچە لە رێگای حکومەتی هەرێمەوە نەنێرم.
ئەحمەدی حاجی رەشیدی کۆمەڵ: ئەو نەوتەی هەرێم هەناردەی دەکات لە مووچەی فەرمانبەران زیادە.
زۆر بەڵگەی تری جاسووسی کردنی ئەو فراکسیۆنانە لەبەر دەستدان، خۆ هەر کوردێک گوێبیستی لێدوانەکانی ئاڵا و سروە و وشیار عەبدوڵا ببێ یان هەڵوێسەکانیان ببینێ، ناچار دەبێ گوێی بئاخنێ و دەست بە چاویەوە بگرێ، جا ئەگەر پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا ئەرکی چاودێری کردنی حکومەتی هەرێمیش لە ئەستۆ بگرن و ئەرکی پەرلەمانتارانی کوردستانیش ببینن، پێم ناڵێن: پەرلەمانی کوردستانمان بۆ چییە؟
دەوەرن پێم بڵێن: لە هەرسێک فراکسیۆنی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکێتی جگە لە مەسعود حەیدەری پەرلەمانتاری گۆڕان، پەرلەمانتارێک هەڵوێستی لە هەڵوێستی حەنان فەتلاوی کوردانەتر بووبێ، ئەوە لە کانێکدایە هەڵوێستی کوردانەی مەسعود خەیدەریش لە دەرەوەی سیاسەت و هەڵوێستی بزووتنەوەى گۆڕان بووە، ئێستاش دێن و بانگەشەی کوردایەتی دەکەن و باس لە بەرگری کردن لە ماف و ئازادیە نەتەوەییەکانی کورد دەکەن.
Top