تاوانی ئەنفال نەیتوانیی ئیرادە و خەباتی گەلی كورد بسرێتەوە

تاوانی ئەنفال نەیتوانیی ئیرادە و خەباتی گەلی كورد بسرێتەوە
تاوانی ئەنفال لە دژی كورد ، پیلانێكی شووم بوو بۆ سرٍینەوە و لە ناوبردنی شوناس ، مێژوو ،خەباتی نەتەوەیی كورد .کارەساتی ئەنفال به هەشت قۆناغی جیاجیادا لەلایەن حكوومەتی ڕووخاوی بەعسەوە بەڕیوە جووە.کۆمەڵکوژی ئەنفال لە١٩٨٦ دەستی پێکرد و لە ساڵی١٩٨٩ کۆتایی پێهات، کارەساتی ئەنفال بە فەرمانی سەدام حوسێن و بە سەرکردایەتیی عەلی حەسەن مجید خاڵۆزای سەدام حوسین جێبەجێ کرا. بۆ کۆمەڵکوژیی ئەنفال لە هێرشی سەرزەوی و مووشەك و دەبابە، چەکی قورس وێرانکەر و دەستەی فیشەك هاوێژەکان و چەکی کیمیایی مەجید کە نازناوی عەلی کیمیایی بووە، سوودیان وەرگرتووە
ئەنفاڵی گەلی كورد بە چەند قۆناغێك جێبەجێكرا.. ئەنفالی یەک: ئەنفالی دۆڵی جافایەتی، (لە ۲۳شوبات تاکوو ۱۹ئاداری ۱۹۸۸ی خایاند) ئەم شاڵاوە بە هێرشکردن بۆ سەر گوندەکانی سەرگەڵوو و بەرگەڵویی دۆڵی جافایەتی لە ۲۳شوباتی ۱۹۸۸ دەستی پێکرد، لە چەند قۆڵێکەوە بە درێژایی (۸۰)کم لە بنگردەوە بۆ لای ڕۆژهەڵاتی دەریاچەی دووکان و شارۆچکەی دووکان، لە وێشەوە بۆ شاری سلێمانی و شارۆچکەی ماوەت و چوارتای گرتەوە.
ئامانجی ئەم هێرشە لەناوبردن و وێرانکردنی۲٥-۳۰ گوندی دۆڵی جافایەتی و داگیرکردنی بارەگاکانی سەرکردایەتیی هێزی پێشمەرگە بوو لەم ناوچەیە. ئەم هێرشە بەربڵاوە سنووری شارۆچکەکانی "سوورداش، دووکان، سەرچنار، قەڵاچوالان وچوارتا)ی گرتەوە، ئەم کارەساتە بە سەرپەرشتیی وەزیری بەرگریی ئەوکاتی عێراق (سوڵتان هاشم) بوو. هێزە بەشداربووەکانی ئەم شاڵاوە پێکهاتبوون لە (۲۰) لیوا شەست فەوج. لەم هێرشەدا نوێترین چەکی قورس بەکار هێنران کە بوونە هۆی وێرانکارییەکی زۆر لەم ناوچانە، لە ئەنجامدا بووە هۆی وێرانکردی گوندەکانی (قەمچۆغە، شاخەڕەش، دۆڵەڕووت، قزلەر، قەرەسەرد، ئاسۆس، قەرەچەتان، شەدەڵە، پیرەمەگروون، زێوێ، گەڕەدێ، دابان، مەرگە و شارستێن) هەروەها چەندین گوندی دیکە.



ئەنفالی دوو: لە (۲۲ی ئادار تاکوو ۱ی نیسانی ۱۹۸۸ کۆتایی هات) ئەم هێرشە ناوچەی قەرەداغی گرتەوە لە (تەکیە، سێوسێنان ،سەگرمە، دەربەند و باسەڕە، قۆپی قەڕاغ و چەند شوێنی تر) گشت گوند و ئاوەدانییەکانی ئەم ناوچە جوگرافیایەی گرتەوە. سەرەتای هێرشەکە بە کیمیابارانکردنی چەند شوێنێکی ستراتیژی لە ناوچەکە بوو، بە شێوەیەکی زۆر دژوار کیمیاباران کران.ئەم کارەش بووە هۆی دووبارە ئاوارەبوونی خەڵکی ناوچەکە کە بەشێکیان بەرەو سلێمانی ڕایان کرد، زیانیان کەم بوو، بەڵام ئەو کۆمەڵەیەی بەرەو خوارووی گەرمیان رایان کرد ژمارەیەکی زۆریان دەستگیر کران کە دواتر شوێنبزر کران. لە ئەنفالی قەرەداغدا ئەو هاووڵاتیە کوردانەی کە گیران، یان خۆیان دا بەدەستەوە، بۆ سەربازگەی (قۆڕەتوویان) گوازرانەوە، کە نزیکەی هەشت هەزار کەس بوون لە ژن و منداڵ و پیر و گەنج. پاشان گوازرانەوە بۆ سەربازگەی (تۆبزاوە) لە نزیک کەرکوک.



ئینجا لەوێ گەنجەکان لەوانی تر جیا کرانەوە و بەرەو شوێنی نادیار ڕەوانە کران، خەڵکەکەی تر لە ژن و منداڵ و کچی گەنج خرانە زیندانەوە، بەڵام پیرەژن و پیرەمێردەکان بۆ (نوگرەسەلمان)ی بیابانی (سەماوە) گوازرانەوە، کە لەوێ ژمارەیەکی یەکجار زۆریان لە برسان و تێنوێتی و نەخۆشی دەمردن و تەرمەکانیان فڕێ دەدرانە دەرەوی زیندانەکە، یان دەخرانە بەر سەگە دڕندەکانی پاسەوانی سەربازگەی نوگرە سەلمان کە بە دەیان چیرۆکی خەماوی و ترژایدیای سامناک لەوێ تۆامر کراوە کە بۆ مرۆڤایەتی مایەی شەرمن .
ئەنفالی سێ: (لە ۷ تا ۲۰ی نیسانی ۱۹۸۸) شاڵاوی ئەنفالی سێ ناوچەی گەرمیانی گرتەوە، گەورەترین و بەرفراوانترین هێرش و پەلامار بوو لە ساڵی (۱۹۸۸) بۆ سەر کوردستان، کە ناوچەکانی (دوز، قادرکەرەم، کەلار، کفری، چەمچەماڵ، تێلەکۆ، پێباز، سەنگاو، تەکیە و بەشێک لە ناوچەی ئاغجەلەر)ی ڕاماڵی. زیانێکی زۆر گەورەی گیانی و ماددی بە دانیشتوای نزیکەی (٥۰۰۰) پێنچ سەد گوندی ئەم ناچەیە گەیاند، لە(۱٤ی نیسانی ۱۹۸۸) دا چوار شارۆچکە لە یەک کاتدا خاپوور کران، نزیکەی20 هەزار ژن و منداڵ و پیاو بۆ سەربازگەی (قۆڕەتوو) ڕەوانە کران، بۆیە ئەم ڕۆژە هەموو ساڵێک کراوەتە ڕۆژی یاد کردنەوەی تاوانە گەورەکەی ئەنفال لە کوردستان. هۆی زۆریی ژمارەی گیراو و شوێنبزر کراوەکانی گەرمیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە پارێزگای سلێمانی بەهۆی قائیمقامیەتی چەمچەماڵ بە ڕێگای چەند کەسانێکەوە بڵاویان کردبوەوە، کە حکوومەت هەر خێزانێک (۳۰۰) مەتر دووجا زەوی لەگەڵ قەرزی عەقاری دەداتە گوندنشینەکان. ئەمەش وای کرد، کە خەڵکەکە هێمن ببنەوە و ڕانەکەن، بۆیە ئەو ژمارە زۆرە دەستگیر کران .

ئەنفالی چوار: (لە ۸ی نیسان تاکوو ۳ی ئایاری ۱۹۸۸) هێزەکانی ڕژێمی بەعس دوای تەواوکردنی تاوانەکانی ئەنفالی سێ کە زۆرترین ژمارەی قوربانی و شوێنبزری لێکەوتەوە. لە هێرشەکانی بەردەوام بوو بۆ سەر ناوچەکانی تری کوردستان. جوگرافیای ئەم شاڵاوە قەراغ و سنووری زێی بچووک بوو، کە هێڵی سنووری هەر دوو پارێزگای کەرکووک و هەولێر پێک دەهێنێت. ئە ئاوگەیە شارۆچکەکانی (رێدار، ئاغجەلەر، تەقتەق) و چەند گوندێکی گەورەی وەک (عەسکەر و گۆپتەپە) دەگرێتەوە، کە دەکاتە دەشتی کۆیە و و شارەدێی (تەقتەق) و شێخ بزێنی. سەرەتای ئەنفالی چوار بە کیمیابارانی گوندی گۆپتەپە لە ڕۆژی (۳ی ئایاری ۱۹۸۸) دەستی پێکرد و بەهۆی فڕۆکە جەنگیەکانەوە بۆمبی کیمیایی بەسەر خەڵکەکەیدا باراند کە قوربانیانی ئەم گوندە نزیکەیی (۳۰۰۰) کەس دەخەمڵێنرێن، هاوکات گوندی (عەسکەری) بە هەشت بۆمبی کیمیاوی بۆردومان کرد. بۆ ڕێگرتن لە دەربازبوونی دانیشتوای گوندەکانی (گۆپتەپە) و (عەسکەر) و (حەیدەربەگ)، ڕژێم ئاوی بەنداوی دووکانی بەر دایەوە تاکوو خەڵکی ناتوانن لە زێیەکەوە بپەڕنەوە و ڕزگار ببن.

قۆناغی (ئەنفالی ٥ ، ٦ و ۷ ) دۆڵی چیاکانی (شەقڵاوە و ڕواندوز) لە (۱٥ی ئایاری - ۲٦ی ئابی ۱۹۸۸ ): سەرەتای هێرشەکە لە (۱٥ی ئایاری ۱۹۸۸) بوو، کە دوا ڕۆژی مانگی ڕەمەزان بوو. چەند فڕۆکەیەک کەوتنە کیمیابارانکردنی گوندەکانی (وەرە، نازەنین، کاموسک، سپیندارە، عەلیاوە و سماقۆڵی) کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆری دانیشتوانی گوندەکان و مردارەوەبوونی ئاژەڵەکانیان. توندترین هێرشی سوپای عێراق بۆ ناوچەی (دۆڵی بالیسان) بوو، بەڵام زیانی گیانی بە بەراورد لەگەڵ هێرشەکانی پێشوو کەمتر بوو، چونکە زۆربەی ئەو ناوچانەی سەر بە پارێزگای هەولێر چۆڵ کرابوون، خەڵکەکەی ڕاگوێزرابوون. گەورەترین زیان لەم ناوچەیە بەر گوندی (بلەی خواروو) کەوت، خەڵکەکەی شوێنبزر کران، لە ڕۆژی (۷ی حوزەیران) شاڵاوی ئەنفالی پێنج کۆتایی هات .
سەرەتای ئەنفالی شەش لە (۲٦ی تەمووز) بە بۆردومانکردنی ناوچەکانی دۆڵی (بالیسان و دۆڵێ مەلەکان و دۆڵی وەرتێ و دۆڵی هیران و سماقۆڵی) بە چەکی کیمیاوی دەستی پێکرد و خەڵکەکەی دەرپەڕاند، پاشان لەلایەن حکوومەتەوە ناوچکە داگیر کرا، داواشیان لە خەڵک کرد خۆیان بە دەستەوە بدەن، چونکە دەنگۆیان بڵاو دەکردەوە کە لێبورودنی گشتی هەیە، بۆیە ژمارەیەکی زۆری خەڵکەکە هەڵخەڵەتان، خۆیان دا بە دەستەوە، دوای گرتنیان شوێنبزر کران. لەمیانەی شاڵاوەکانی ئەنفالی ( ٥ ، ٦ ،۷ ) ، (٥۲) گوند لە ناحیەی (خەلیفان و رواندوز و خۆشناوەتی) وێرانکران، کە سەرجەم خێزانکانیان (۲٦۰۲۲) بوو .


ئەنفالی کۆتایی (بادینان) لە (۲٥ی ئاب ـ ٦ی ئەیلولی ۱۹۸۸): لە دای وەستانی شەڕی (عێراق- ئێران)، دوا شاڵاوەکانی ئەنفال لە (۸ی ئازی ۱۹۸۸) دەستی پێکرد، سوپای عێراقق) دەستی واڵا بوو بۆ ئەنفالکردنی ناچەی بادینان. ئەم شاڵاوە بە درێژایی ناوچەکانی (زاخۆ، ئامێدی، شێخان و ئاکرێ) گرتەوە. سەرەتا لەلایەن سوپای عێراقەوە بە (بۆمبی هێشوویی و عنقودی کیمیاوی) ناوچەکە بۆردومان کرا. خەستترین هێرشی هێشوویی لە (۲٤ی ئاب) بۆ سەر گوندی (سپیندار)ی قەدپاڵی چیای (گارە) بوو، کە بە درێژایی (۳۰۰) کم شوێنەکە بۆردومان کرا، بەڵام ژمارەی قوربانییەکان لەچاو ئەم بۆردومانە چڕە کەم بوو، ئەویش بەهۆی ئەوەی کە پێشمەرگە توانیان پێشتر ئامۆژگاری و ڕێنمایی خۆپاراستن بڵاو بکەنەوە، بەڵام هەرچی ئاژەڵ و مەڕ و ماڵات کە هەیانبوو قڕیان تێکەوت، کێڵگەکانیش لە بەرهەم کەوتن و سووتێنران .
لە زۆربەی ناوچەکان، کانیاوەکان بە سیمان (چیمەنتۆ و بتۆنڕێژ) کران، هەموو باخ و ڕەز کشتوکاڵی خەڵک لەناو بران و سووتێنران، ماڵ و خناووی خەڵک خاپوور و وێران کران و هیچ شتێک لە ئاوەدانی نەمایەوە.

بەڵام دوژمنانی كورد دەبێ‌ ئەو رٍاستییە بزانن كە نە ئەنفال و نەكیمیاباران و گەمارۆدان و هەر هەوڵێكی تر ناتوانێ‌ رێگر بێ‌ لەگەیشتنی كورد بە مافەرەواكانی و ئەو خەبات و تێكۆشانەی كە دەیان ساڵە قوربانیی بۆ دەبەخشی ..
Top