كورد پێش دابەشكردنی كێكەكە
April 12, 2018
وتار و بیروڕا
جگە لە ئەمەریكا و روسیا وەك هێزی نێودەوڵەتی، ئەوروپاییەكانیش زیاتر دێنە ناو یارییەكە، هێزە ئیقلیمییەكانیش لە هەوڵی پێشگرتن لە قەومانی رووداوەكەدان، ئەگەر ئەوەشیان پێ نەكرێ، لانیكەم قسەیان لە داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەكەدا هەبێت،دەكرێ ئەمەش بە یەكێك لە نیشانەكانی نزیكبوونەوە لە دابەشكردنی كێكەكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بزاندرێت، بەڵام ئەوەی خوێنی بەخشی و چاوی لە قۆناغی دوای دامركانەوەی ئاگرەكەیە كوردە، ئاخۆ تامی ئەو كێكە دەكات یان هەر لە دوورەوە سەیری دەكات؟
داگیركردنەوەی كەركووك و ناوچەكانی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لە 16 ی ئۆكتۆبەری 2017 و داگیركردنی عەفرین لە 18 ی ئاداری 2018 ، دوو ئاماژەی توندبوونی ململانێی هێزەكانن لە سەر دەسكەوتنی پارچەی گەورەی كێكەكە، دەركەوتنی سەرەتاكانی ئەو نیشانەیە، ئەم راكردنەی هێزە ئیقلیمییەكان و بێدەنگیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بەرەو كێكەكە، بەڵام بە مەرجی لێدان لە كورد.
تائێستا كورد وەك كاڵایەك بۆ سەودای هێزەكان سەیركراوە، هێزە ئیقلیمییەكان كە ساڵانێكە ترسیان لە هەڵكشانی كورد هەیە، خۆیان لە لێدانی كورد تاقیكردەوە، چونكە قۆناغی دوای 1991 لە باشووری كوردستان و دوای 2011 لە رۆژئاوای كوردستان، لە لایەن ئەو هێزە ئیقلیمییانەوە، بە دوو قۆناغی پڕ ترسناك و هەڕەشە بۆ سەر ئاییندەی وڵاتەكانیان لە قەڵەم دراوە، لەبەرئەوە ئێران و توركیا، عێراق و سوریایان بە دوو خاڵی لاواز بۆ بەهێزبوونی كورد دانا، بۆیە ئەركی رێگریكردنیان لە كورد، لە باشوور و رۆژئاوای كوردستان خستە ئەستۆی خۆیان، دەستی خۆیان پێش دابەشكردنی كێكەكە لە كورد وەشاند.
هێزە ئیقلیمییەكان كە تووشی فۆبیای كورد بوونە، دۆخی ناوخۆی كوردستانیان باش قۆستەوە و یارمەتیدەریان بوو، توانییان گەمەكە بە جۆرێك ئاراستە بكەن، كێشەی خۆیان لەگەڵ كورد لەسەر ریفڕاندۆم و سەربەخۆیی بگوازنەوە ناو كوردستان و كردیانە كێشەی نێوان حزبەكان، چونكە حزبەكانی كوردستان زەمینەیەكیان رەخساند، بە هۆیەوە ئەركی هێزە ئیقلیمییەكانیان سوكتر كرد، كەچی حزبەكانی ئێمە، بەر لەوەی هێزە ئیقلیمییەكان چاومان لێ سوور بكەنەوە، خۆیان كەوتنە دژایەتیكردنی خواستی لەمێژینەی خەڵك، سەلماندیان مەسەلەی ئازادی و سەربەخۆیی لە ئەجنداكانیاندا نییە و درۆیەكی گەورەیە.
حزبەكان لە پێناوی دەسكەوتی حزبی، دەسكەوتێكی بە نرخ و پڕ گەوهەریان پێشكەش بە هێزە ئیقلیمییەكان كرد، خیانەت نوێكرایەوە و مەسەلەی خاكیان بە مەسەلەی مووچە گۆڕییەوە، دڵنیام ئەگەر ئەو حزبانە لە سەردەمی پاشایەتی كاریان كردبایە، لە عێراقدا مووچە دەكرایە هۆیەك بۆ ئەوەی تا دونیا ماوە، وشەی سەربەخۆیی بەسەر زمانی كورددا نەیەت.