بەرەو جەنگە گەورەکە

بەرەو جەنگە گەورەکە
تادێ رووداوەکانی ناوچەکە ئاڵۆزتر و بەریەککەوتنی بەرژەوەندی وڵاتە زلهێزەکان توندتر دەبن و نیشانەکانی خواستی سەپاندنی باڵادەستی هێز و دوو بەرەی جەنگ و گۆڕەپانی جەنگەکە زیاتر دەردەکەون، وەک بە رووداوەکانیشەوە دیارە ئەمەریکا و فەرەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و هاوپەیمانەکانیان لە وڵاتانی عەرەبی کەوتوونە بەرەیەک روسیا و ئێران و تورکیاش کەوتوونە بەرەکەی ترەوە، ئەوەی ئێستا لە سوریا روودەدات سەرەتای جەنگەکەیە، لەو جەنگەدا روسیا و ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپی شەڕی بەرژەوەندی و باڵادەستی هێز دەکەن، هەر یەک لە تورکیا و ئێرانیش وەک دوو وڵاتی داگیرکاری دوو بەشی کوردستان لەو شەڕەدا دوو ئامانجیان هەیە، یەکەمیان پێشگرتن بە خواستی سەربەخۆیی کوردەکان کە بە هەڕەشەی سەر یەکپارچەیی وڵاتەکانی خۆیانی دەزانن، دووەمیشیان تورکیا خەون بە گێڕانەوەی دەسەڵاتی خەلافەتی عوسمانی و ئێرانیش خەون بە گێڕانەوەی ئیمپراتۆری سەفەویەوە دەبێنێ، بەڵگەش بۆ بوونی ئەو راستییە و وێڵ بوونی ئەو دوو وڵاتە بە دوای ئەو دوو ئامانجەی سەرەوەدا، ئەوەتا هەر یەک لە تورکیا و ئێران بە بیانووی جیاواز لەناو خاکی سوریادا تەراتێن دەکەن.
ئەوەی بە رووداوەکانەوە دیارە خاکی دوو وڵاتی داگیرکاری کوردستان کە عێراق و سوریان دەبنە گۆڕەپانی جەنگەکە و هەر یەک لە تورکیا و ئێرانیش کە دوو داگیرکاری تری کوردستانن بە توندی دەکەونە جەنگەکەوە، ئەوەش وا دەکات گۆڕانکاری گەورە لە نەخشەی سیاسی هەر چوار وڵاتە داگیرکارەکەی کوردستان رووبدات، ئەو گۆڕانکاریەش سیحری دابەشکاری کوردستان بەتاڵ دەکاتەوە و پەتای ژێردەستەیی کوردیش خاو دەکاتەوە، لێرەدا پرسیار ئەوەیە: کورد تا کوێ خوێندنەوەی بۆ ئەو رووداوانە و ئامادەکای بۆ گۆڕانکاریە چاوەڕوانکراوەکە کردووە؟ ئایا وەک ئێستا بە ئامانجی دەستکەوتی حزبی دەچێتە ناو رووداوەکان؟
رووداوەکان و گۆڕانکاریە چاوەڕوانکراوەکە لە حزب و لایەنە کوردیەکان دەخوازن بە هەڵەکانی رابردووی خۆیاندا بچنەوە و چیتر ئامانجە نەتەوەییەکان و خواستی سەربەخۆیی کوردستان لە هەناوی سەرەڕۆیی حزبیدا نەگوشن، چیتردوژمنان و داگیرکارانی کوردستان بە دۆست و فریادڕەس نەکرێن و لە ململانێی حزبی و بۆ خستنی یەکتری پەنایان بۆ نەبرێ.
Top