مێژوو بخوێننەوە و هەنگاو هەڵێنن

مێژوو بخوێننەوە و هەنگاو هەڵێنن
گەورەترین كێشەی كورد لە كاتی گۆڕانكارییە ناوچەیی و جیهانییەكاندا، پەرت و بڵاوی و فرە گوتارییە، كورد بە خۆخۆری و نۆكەرایەتی چووە سەدەی بیستەم، كاتێ لە 1908 كۆمەڵی ئیتحاد و تەرەقی، سوڵتان عەبدولحەمیدی لە سەر تەخت هێنایە خوارەوە، دەسەڵاتی لە دەوڵەتی عوسمانیدا وەرگرت و لە زۆر شوێن لقی ئیتیحاد و تەرەقییان كردەوە، لە سلێمانیش لقێكی كرایەوە، لەبەر ئەوەی پێشتر سوڵتان عەبدولحەمید، شێخ سەعیدی حەفید و شێخ مەحمودی كوڕی و ژمارەیەك لە دارودەستەكەی بانگ كردبووە ئەستەمبوڵ و رێزی لێگرتبوو، لقی سلێمانیی ئیتیحاد و تەرەقی كە لەو كەسانە پێكهاتبوو دژایەتی شێخیان دەكرد، بیانوویەكیان دۆزییەوە و شێخ سەعید و شێخ مەحمود و هەندێ كەسوكاریان نێردرانە مووسڵ، لەوێش حكوومەتی ئیتیحادییەكان پیلانێكیان دانا و ساڵی 1909 شێخ سەعیدی حەفید و شێخ ئەحمەدی كوڕی كوژران.
ساڵی 1913(سلێمان نەزیف)ی والی موسڵ كە كورد بوو، سوپایەكی گەورەی نارد بۆ گرتنی شێخ عەبدولسەلام، ئەویش ناوچەكەی بەجێهێشت و رووی كردە كوردستانی ئێران، بابی عالی خەڵاتێكی زۆر بە نرخی دیاری كرد بۆ هەر كەسێك بە زیندوویی یا بە مردوویی بیگرێ. شێخ لە تفلیس چاوی بە نێردراوی قەیسەری رووس كەوت، لە گەڕانەوەدا بە گوندی (گەنگەچین) لە سەر رێی ورمێ – سێرۆ لەسەر سنووری توركیادا تێپەڕی، سۆفی عەبدوڵڵای خاوەنی ئەو گوندە لێی پاڕایەوە كە میوانی بێ، ئەویش بە قسەی كرد و بوو بە میوانی، كەچی ئەو سۆفی عەبدوڵڵایە پیسترین تاوانی كرد، شەو شێخ عەبدولسەلام و هەرسێ پیاوەكانی گرت و دانی بە دەست توركەكانەوە و لە (سێرۆ) پارەی ئەم خیانەتەی خۆی وەرگرت، شێخیان بردە مووسڵ، لەگەڵ هەرسێ پاسەوانەكەی بە خنكاندن حوكم دران و رۆژی 14/12/1914 ئەو حوكمەیان جێبەجێ كرد.
كورد نەیتوانی وەك هێزێكی حیساب بۆكراو، لە كاتی رێككەوتنی دەوڵەتە گەورەكان و دابەشكردنی ناوچەكەدا ئامادەیی هەبێت، بۆیە بێ ئەوەی ئارەزووی لەبەرچاو بگیرێ، كوردستانی بەشی دەوڵەتی عوسمانی، بەسەر دەوڵەتانی زادەی شەڕی یەكەمی جیهان (عێراق و توركیا و سوریا) دابەشكرا، لە شەڕی دووەمی جیهانیش، كۆماری كوردستان لە مەهاباد ساڵێكی نەبرد كۆتایی پێهات و هەندێ عەشایەر خۆیان لە ئەرك دزییەوە. لە ساڵی سێیەمی شۆڕشی ئەیلوولدا ناكۆكی و دووبەرەكی سەریهەڵدا و ئێران و عێراق كەلێنی شۆڕشیان فراوانتر كرد و تا ئێستاش كاریگەریی هەیە.
لە چەند ساڵی رابردوودا كورد زۆر هەڵكشابوو، بەڵام بەغدا و تاران و ئەنكارا، بە قۆستنەوەی سیاسەتی ئەمەریكا و دۆخی ناوخۆی كوردستان، گورزێكیان وەشاندە كورد، حزبەكان هاوكاری زۆریان پێشكەش بە بەغدا و پایتەختەكانی دەوروبەر كرد، بەجۆرێك وایان پیشاندا كە كورد جگە لە مووچە هیچ داوایەكی دیی نییە، ئەمەش بۆ ئەو پایتەختانە باشترین دەسكەوتە، ئاخر حزبی كوردی لە جیاتی یەكگرتوویی،لە رێی داوای نەناردنی مووچە بۆ حكوومەتی هەرێم، بەغدای بۆ لێدانی هەولێر بەكارهێنا، ئەرێ كەی پەند لە مێژوو وەردەگرن؟
Top