دوو ئەقڵی جیاواز و دوو پەروەردەی پێچەوانە
April 3, 2018
وتار و بیروڕا
لە کاتی بەخاک سپاردنی رووفاتی نەوشیروان مستەفا و پرسەکەی، دۆستان چاوەڕوانی ئەوە بوون کە ئەو رووداوە دەرگای چارەسەر بە رووی کێشەکاندا بکاتەوە، دوژمنانیش بە دیوەکەی تردا لەو رووداوەیان دەڕوانی، ئەوەبوو ئەقڵی سەقەتی هەڵسووڕاو و سەرانی بزووتنەوەى گۆڕان و ئەو پەروەردەی سیاسی و نەتەوەییەی لە رێکخەری کۆچ کردوویان وەرگرتبوو، بە هایوهوو کردن و هەلهەلە کێشان لە بەشێکی زۆری میوان و بەشداربووان، ئومێدی دۆستانیان زیندە بەچاڵ کرد و خەونی دوژمنکارانەی دوژمنانیشیان هێنایەدی.
ئەوەی ئەمڕۆ لە پرسەی کاک دلۆڤان بارزنی بینیم ئەقڵێکی جیاواز و پەروەردەیەکی پێچەوانە بوو، دۆست و دوژمن بە روونی هەستیان بەوە دەکرد کە ماڵباتی بارزانی نەمر لە پرسەی کۆچی دلۆڤان بارزانیدا کار بۆ ئەوە دەکەن بەو پرسەیە دەرگای چارەسەر بە رووی کێشە سیاسیەکاندا بکەنەوە، چونکە رێزێکی زیاتر لە هایهووکەر و هەلهەلەکێش و هاوپەیمان و هاوبیرەکانیان دەگیرا، ئەوەش ئەو راستییەمان پێدەڵێ: کە ئەقڵی کوردانە و پەروەردەی سیاسی ماڵباتی بارزانی نەمر رووداوە کۆمەڵایەتیەکان و کۆچ کردنی ئازیزانیشیان دەخەنە خزمەتی پرسی کورد و ئاشتەوایی نێوان لایەنەکان و بنیاتنانەوە کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی نەتەوەیی.