گەڕانەوەیەک بۆ مێژوو

گەڕانەوەیەک بۆ مێژوو
نەوشیروان بەو کاراکتەرە سیاسیە ناسراوە کە بوون و گەورەیی خۆی لە نانەوەی ئاشووب و ئاژاوەگێڕیدا بینیوە، هەر بۆیەش لە کاتی ئاشتی نێوان لایەنەکان و بە تایبەتیش ئاشتی نێوان پارتی و یەکێتی خۆی لە حزبەکەی لوتەلا دەکرد و رووی لە هەندەران دەکرد، لەگەڵ درووست بوونی گرژیش دەگەڕایەوە و گرژیەکەی بەرەو شەڕی ناوخۆ دەبرد، بەڵگەش بۆ بوونی ئەو راستییە و هۆگر بوونی بە شەڕی ناوخۆ، تاکە سەرکردەی باڵایە لە شەڕی ناوخۆدا بە دیل گیرابێ، سەرکردایەتی قێزەونترین شەڕی ناوخۆشی کردووە کە بە شەڕی پشتئاشان و قڕناقاو ناسراوە.
دوای راپەڕینیش چاوی بە ئاشتی نێوان پارتی و یەکێتی هەڵنەهات و خۆی لە یەکێتی تووڕە کرد و وەک پیشەی خۆی رووی لە هەندەران کرد، دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٤ شەڕ لە نێوان پارتی و یەکێتی روویدا، نەوشیروان مستەفا بۆ خۆش کردنی ئاگری شەڕەکە بە هەڵەداوان لەگەڵ مام جەلال بە فرۆکەیەکی تورکی گەڕاوە و لە هەولێر دابەزی، بەڵام کاتێک بینی هەوڵێک لە ئارادایە شەڕەکە کۆنترۆڵ بکرێ و نەگاتە هەولێر، ئەوەش نیگەرانی کردو لە کاتی پێشوازی لێکردنی وەک دەربڕنی نیگەرانیەکەی لە کۆسرەت رەسوڵ بە مۆڕەوە سەیری کرد و تەوقەشی لەگەڵ نەکرد، دواتر بۆ ئەوەی شەڕەکە تەشەنە بکاو هەولێرش بگرێتەوە گوتی: هەولێر کوێی پیرۆزە، لە گوندێکی گەورە دەچێ و بۆ شەڕی تێدا روونەدات، ئەوەبوو شەڕەکە هەولێریشی گرتەوە.
دوای ئەوەش کە پارتی و یەکێتی رێککەوتنی ستراتیجیان واژۆ کرد، ئەو کابرا شەڕانگێزە لە یەکێتی هاتەدەرو بزووتنەوەى گۆڕان یان راستتر بڵێم بزووتنەوە شەڕانگێزیەکەی درووست کرد، لە بانگەشەی هەڵبژاردندا و بۆ ئەوەی گۆمی ئاژاوەگێڕیەکەی قووڵتر بکات، لەبەردەم ئاپۆرای لایەنگارانی بە حەماسەوە دەیگوت: بڕۆن چیتان پێدەکرێ بیکەن.
نەوشیروان مستەفا بەرامبەر بە هەولێر و هەولێریەکان رق و کینەیەکی زۆری لە دڵ دایە، تا لە ژیاندا بوو بۆ ئەوەی خۆی لەو رق و کینەیە خاڵی بکاتەوە هەموو رێگاکانی ئاژاوەگێڕی تاقی کردنەوە، تەنانەت وەک لە گرتە ڤیدیۆکەیدا دیارە کە بۆ شێواندنی ئارامی هەولێر دەڵێ: تەقە لە دوو کونسوڵگەری بکەن و دوو ئەندازیاری کۆمپانیا بیانیەکان بڕفێنن خۆیان رادەکەن، ئەو جۆرە پیلان دانانە بۆ تێکدانی ئارمی هەولێر تەنها کاری گرووپە مافیا نێودەوڵەتیەکانە، دوای نەمانی خۆشی بەرامبەر بە هەولێر و هەولێریەکان هەمان رق و کینەی لە هزر و بیری شێوێنەکەوتووانیدا چاندووە، ئەوەتا شوێنکەوتووانی هەر جارە و بەناوێک هەوڵدەدەن هەولێریش تووشی فەوزای سیاسی و نائارامی بکەن، بۆیە دەبێ و پێویستیشە خەڵکی کوردستان کۆتایی بەو کلتوورە ئاژاوەگێڕیە بێنێ کە نەوشیروان مستەفا داهێنەریەتی و لە دوای خۆشی و شوێنکەوتووان و هاوپەیمانەکانی پێکەوەژیان و ئاشتی کومەڵایەتی و یەکهەڵوێستی نەتەوەییان پێ خستۆتە ژێر مەترسییەکی گەورەی چاوەڕوان کراوەوە.
Top