مستەفا بارزانیی، رٍەمزی شۆڕش و بەرخودانی نەتەوەیی..

مستەفا  بارزانیی، رٍەمزی شۆڕش و بەرخودانی نەتەوەیی..
نەتەوەو گەلانی جیهان شانازی بە سەركردەو كەسایەتی و رابەرانیان دەكەن، هەمیشە وەك ناسنامەو هێمایەك لێیان دەڕوانن. لە مێژووی گەلی كوردیشدا مەلا مستەفا بارزانی بە دیارترین سەركردەی كارێزمایی دادەندرێت، كە لە ماوەی ژیانیدا رابەرایەتی گەورەترین بزاڤی رزگاریخوزای كوردی كردووە بۆ رزگاری كوردستان‌و گەیشتنی گەلی كورد بە مافە رەوایەكانی، بۆیە ئەركمانە هەمیشە بە بەرزی یادو بیرەوەری بەرز رابگرین، لە هەموو بزووتنەوە رزگاریخوازەكانی جیهاندا بە درێژایی مێژوو كەسانێك هەبوون بە هۆی چەند خەسڵەتی تایبەتیی لە كەسایەتییاندا ببوونە ناونیشانی خەبات و تێكۆشانیان لە پێناو ئازادی نیشتیمان و نەتەوەدا و وایان كردووە ئەو كەسانە ببنە پێشڕەو و پێشەنگ بۆ نەتەوەی خۆیان، ئینجا ئەم كەسانە زۆر جار سەرۆكی نەتەوەیەك یان بزووتنەوەیەكی شۆڕشگێڕی یاخود سەرۆكی نیشتیمانێك، وەك گاندی و ماندێلا و هتد. ئەوان لە پێناو ئازادی و مافە مەدەنی و مرۆییەكاندا، تێكۆشانیان كردووە.
لە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردیدا باوكی رۆحی و سەرۆكی نەمر جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی وەكو خۆرێك بۆ میللەتی كورد دەركەوت و سەركردایەتیی شۆڕشێكی مەزنی كرد لە پێناو هاتنەدی ئازادی و خۆشنوودی بۆ نەتەوەی كورد و رزگاركردنی خاكی كوردستان لە داگیركەران و دروستكردنی قەوارەیەكی سەربەخۆ بۆ كوردان. زیاتر لە نیو سەدە بارزانیی نەمر رابەرایەتیی شۆڕش و بەرخودانی میللەتێكی ستەمدیتەی وەكو كوردی كرد بەو كەسایەتییە لێهاتوو و داناییەی كە بوو بووە ناسنامە بۆ نەتەوە و نیشتیمانێك توانی میللەتی كورد بە هەموو دنیا بناسێنێت.
بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان، بۆ ماوەی نیو سەدە،لە پێناوی دەستەبەركردنی ژیانێكی ئازاد و پڕسەرفرازی بۆ گەلی كوردستان خەباتی كرد. بارزانیی نەمر رەمزی یەكبوونی گەلی كوردستان بووە، تەنانەت پاش كۆچباربوونیشیبووەتە هێمایەك بۆ خەباتی نەتەوایەتیی كورد لە هەموو جیهاندا و بووەتە پاڵپشت بۆ خەباتی نیشتیمانیی گەلی كوردستانیش،بارزانی بەنەمری لەنا و میللەتەكەیدا و،بە مەزنی لەناو مێژووی جیهاندا مایەوە،ئەوەش بەهۆی كۆمەڵێك بنەمای پتەو و پرانسیپی راست و دروست و هەڵوێستە مرۆدۆستییە مەزنەكانییەوە،كە لە چوارچێوەی رێبازەكەیدا بۆ كوردستان و مێژووی ئازادیخوازان و نەوەكانی دوارۆژی بە جێ هێشتووە.
بارزانیی نەمر و پێشمەرگەكانی مەزنترین پاڵپشت بوون بۆ كۆماری كوردستان لە مەهاباد، بارزانیی نەمر هێمای گەلێكی بەش خووراو و زۆرلێكراو بوو كە جیهان لە رێگەی ناوی ئەوەوە كوردی ناسی، لە دوای خۆشی رێبازێكی جێهێشتووە كە ئەمڕۆ گەلی كوردستان توانیوێتی لەبەر رۆشناییەكەیدا لە ناوگێژاوی ئاڵۆزییەكانی جیهاندا سیاسەتێكی هاوسەنگ و هێۆر بگرێتەبەر و لە ناو هاوكێشە نێودەوڵەتییەكانی ئەم سەردەمە و باری سیاسیی پشێوی عێراقدا، پێگەی خۆی بپارێزێت. ئازایەتی و بڕوابەخۆبوون و ئیمان بە حەق و دادپەروەری و خەباتكردن لە دژی زۆرداری و ڕەتكردنەوەی ژیانی بندەستی،لەو خەسڵەتە دیارانەیبارزانیی نەمر بوون كە لە مەكۆی بارزان و لە قوتابخانەی خۆنەویستی و شۆڕشگێریدا پێی گۆش كرابوو.
ئەمڕۆ لە هەموو كات زیاتر پێویستیمان بەتێگەیشتن لە میتۆدی بارزانی هەیە، نەك بەتەنها لە بواری سیاسیدا، بگرە لە بوارەكانی عەدالەتی كۆمەڵایەتی، هزری نەتەوەیی و پەروەردەیی و، ....هتد . بەڵام ئایا توانیومانە بارزانی نەمر وەكوو خۆی بخوێنینەوە؟ ئایا توانیومانە بەشێكی كەم لەو رێبازەی كە زیاتر لە نیو سەدەیە بۆی رەنگڕێژ كردووین پیادەی بكەین؟ بۆچی هێشتا حەقیقەتی بارزانی لە ناخماندا چەكەرەی نەكردووە، مەگەر دەروێشی ئەم رێبازەی بارزانی نەمر نین؟بۆچی ئەوانەی هەمیشە باسی بارزانی نەمر دەكەن، زۆرترین گەندەڵی بەو ناوەوە دەكەن ؟ چما بارزانی بۆ ئەو رۆژە تێكۆشا تا خەڵك لە كارو كردەوەكانمان توووڕە بن؟ بۆچی ئێستا ناوەندێكی تۆژینەوەیی نییە تا جارێكی تر رووی راستەقینەی بارزانی نەمر بۆ تەواوی خەڵكی كوردستان نیشانبداتەوەو سەرلەنوێ خۆمان پاك بكەینەوە؟ ئەی ئێستا لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستیمان بە پاكبوونەوە نییە؟ درێژەدان بە ڕێبازی بارزانی درێژەدانە بە لەخۆبوردوویی و خۆ نەویستی و خزمەتكردنی زیاتری خەڵك. ئیمڕۆ لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستیمان بە خوێندنەوەو تێگەیشتنی پەیامەكانی بارزانی نەمر ە، بەڵام بە داخەوە لە قسەی رووت زیاتر، شتێكی گرنگی بۆ نەكراوە، ئاخر ئینتیمای هاووڵاتیبوون و ئینتیما بۆ نیشتیمان بە كەرەستەی سەقەت دروست نابێت.
دواتر هەرئەو بنەمایانە بوون كە بە هۆیەوە بارزانیی نەمر دیت و پەیڕەوەێكی بۆ بزافی رزگاریخوازی كوردستان رەنگرێژ كرد،كە ئەمڕۆ لە هەركاتێكی تر زیاتر لە رۆحی سەردەم و بەها بەرزەكانی مرۆڤایەتی و شارستانییەوە نزیكە. ئەو سەركردە مەزنە بوو نەیهێشت خەبات لە پێناوی دۆزی رەوای كورددا بگۆڕدرێت بۆ دوژمنایەتی نێوان كورد و عەرەب و نەیهێشت تیرۆر و تیرۆركاری بە شۆڕش و بزافی رزگاریخوازی كوردستانەوە بلكێت.
بارزانیی نەمر درێژەپێدەری گشت شۆڕشەرزگاریخوازەكانی شێخ سەعیدی پیران، شێخ مەحموود، قازی محەممەد و هتد . بۆ لە پێناو ئازادی و سرفرازیی نەتەوەیەك خەبات و تێكۆشانی كردووە و مامۆستای قوتابخانەی كوردایەتی بووە بۆ كورد وكوردستان.بۆیە پێوستە ئێمە رێز لە خەبات و تێكۆشانی بارزانیی نەمر بگرێن، چونكە ئەو هەموو ژیانی خۆی لە پێناو ئازادی و سرفرازیی كورد و كوردستان و گەیشتن بەم ئازادییە تەرخان كرد، بیرەوەریی ئادار و نەورۆز رۆژانێكی زۆر گرنگن لای ئێمەی كورد چونكە بارزانیی نەمر هەم لەو مانگە لە دایك بووە و هەمیش لەو مانگەدا كۆچی دوایشی كردووە. بارزانیی نەمر فێری كردین كە پێوستە هەردەم لە پێناو بە دەستهێنانی مافەكانی گەلی كوردستان تێبكۆشین، بۆ دوژمن سەر دانەنوێنین و پارێزگاری لە خاك و نیشتیمانەكەمان بكەین.
ئەوەی دەمەوێت بڵێم ئەوەیە كە تا هەتایە بارزانی لە نێو بیروهزری و مێژوویی پڕشانازیی كورد و كوردستاندا دەمێنێتەوە، چونكە بارزانی بوو وەكو زنجیرەیەك و درێژەپێدەری شۆڕشەكانی پێشووتری گەیاندە ئەم دۆخەی ئێستا و كورد و ناسنامەیەكەی بە دوونیا ناساند. بارزانی ناكرێت بە چەند كتێب و دەیان لاپەرە باس لە هەموو خەسڵەت و تێكۆشانەكانی لە پێناو رزگاری گەلی كوردستان بكەیت، پێوستە ئێمەش درێژەپێدەری رێبازی كوردایەتی و نیشتیمانپەروەریی بارزانیی نەمر بین. رۆح و رێبازی بارزانی بۆ تاهەتایە لە نێو دڵی كورد و كوردستان رەگ و ریشەی داكوتاوە و بە بەرزی یاد دەكرێتەوە. سڵاو لە رۆحی پاكی بارزانیی نەمر و شەهید هەمیشە زیندوو كاكە ئیدریس بارزانی و گشت شەهیدانی رێبازی كوردایەتی.
Top