شرۆڤەیەک بۆ دەنگ و بڕیاری خەڵک و سەرەڕۆیی حزبی کوردی
March 12, 2018
وتار و بیروڕا
حزب و لایەنە کوردیەکان لە گەورە تا بچوک موزایەدەی پابەند بوون بە دەنگ و بڕیاری خەڵک دەکەن و خۆیان بە خزمەتکار و بەدیهێنەری ئامانجە نەتەوەیەکان ناو دەبەن, بەڵام ریفرادۆم ریسی موزایەدەچیانی کردەوە بە خوری و پاک و پیس و راستگۆ و درۆزنی بۆ لێک جیا کردینەوە.
لە ریفرادۆمدا لایەکان بوون بە سێ بەرەوە، بەرەی یەکەم راستگۆیانە خۆی دەرخست و وەک نوێنەری راستەقینە گەڕایەوە بۆ دەنگ و بڕیار و ئارەزووی خەڵکی کوردستان، بەرەی دووەم بە ئاشکراو بێ پێچوپەنا کەوتە سەنگەری دژی دەنگ و بڕیار و ئارەزووی خەڵک، بەرەی سێەمیش شەرمنانە هاتە ناو رووداوەکان و بە زارەکی پشتیوانی لە دەنگ و بڕیار و ئارەزووی خەڵک دەکرد و لە ژێریشەوە جیا لەوە خەڵکی دژی ریفراندۆم هاندەدا، بۆ لەباربردنی دەنگ و بڕیار و ئارەزووی خەڵکی کوردستان دەستی خستە ناو دەستی دوژمنان و وەک جێبەجێکاری پیلانگێڕیەکانی داگیرکارانی کوردستان خۆی دەرخست.
سەرەتا بەرەی دووەم و سێیەم وەک بیانوو گرتن بە ریفراندۆم و رێگری کردن لەوەی خەڵک بڕیاری خۆی بدا و ئازادانە ئارەزووی خۆی دەرببڕێ دەیگوت: دەبێ ریفراندۆم ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکومەتی هەرێمیش بگرێتەوە، دوای ئەوەی بڕیار درا کە ریفراندۆم لەو ناوچانەش بکرێ، ئەوجار بایان دایەوە و دەیانگوت: نابێ ریفرادۆم لەو ناوچانە بکرێ، لەگەڵ هەموو بیانوو گرتنەکانی ئەو دوو بەرەیە ریفراندۆم کرا، ئەنجامی ریفراندۆم و دەنگی بەڵێ و نەخێر ئەو راستیەی دەرخست کە ئەو دوو بەرەیە پێچەوانەی درووشمەکانیان سەنگەریان لە دەنگ و بڕیار و ئارەزووی هەموو خەڵکی کوردستانیان گرت بە دەنگ و بڕیار و ئارەزووی ئەندام و لایەنگرانی خۆشیانەوە.
پارتی لە هەڵبژاردنەکان %٣٨ی دەنگی خەڵکی کوردستانی بەدەست هێناوە، بەڵام لە ریفراندۆمدا %٩٣ی خەڵکی کوردستان دەنگی بە بەڵێ دا، ئەوەش ئەو راستییەمان پێدەڵێ: کە بەرەی دووەم و سێیەم لە بەرەی دەنگ و بڕیار و ئارەزووی خەڵک دەرچوون و پارتی و هاوپەیمانەکانی رابەرایەتی دەنگ و بڕیار و ئارەزووی خەڵکی کوردستانیان کردووە.
خاڵێکی تر کە دەمەوێ ئاماژەی بۆ بکەم بەرەی دووەم و سێیەم بانگەشەی ئەوە دەکەن گوایە ریفراندۆم شکستی هێناوە و خۆشحاڵیش دەردەبڕن، ئەوە لە کاتێکدایە شکستی ریفراندۆم سەرکەوتنی دوژمنەکانمانە، کارەساتی نەتەوەیی لەوە دایە بە شکستی گەلەکەت و سەرکەوتنی دوژمنەکەت خۆشحاڵ بیت، بەڵام پێویستە ئەو دوو بەرەیە ئەو راستییە بزانن کە شکست لە پێناو بەدیهێنانی ئارەزووەکانی گەلەکەت و پابەند بوون بە دەنگ و بڕیارەکانی خەڵک، زۆر پیرۆزترە لە سەرکەوتنێک کە لە دەرەوەی بازنەی ئارەزوەکانی خەڵک و لە خولگەی ویستەکانی دوژمنەکەت بەدیبهێرێ، چونکە دوا سەرکەوتن و سەرکەوتنی گەورە لە ویست و ئارەزووەکانی خەڵکی ژێردەستە دایە، ریفراندۆمیش ویست و ئارەزووی خەڵکی کوردستان بووە و ئەمڕۆ یا سبەی هەر دێتەدی، هەر وەکو شاعیر دەڵێ:
مردن لە رێی نیشتیمان بێ
هەزار ژیانی بە قوربان بێ
واش نەبایە هەر دەمردم
کەسیش یادی نەدەکردم