گشت رێگەكان بەرەو سەربەخۆیی كوردستان دەروات ..

گشت رێگەكان بەرەو سەربەخۆیی كوردستان دەروات ..
میللەتی‮ ‬كورد لە ئێستادا بە قۆناغێكی‮ ‬هەستیار و ناسكدا تێدەپەڕێت،‮ ‬دەكارێ بڵێین خەبات و ماندوو بوونی‮ ‬سەدەیەكی‮ ‬لەم پارچەیەی‮ ‬كوردستاندا گرێدراوە بە ئەگەری‮ ‬ئەو گۆڕانكارییە مێژوویەی‮ ‬لە‮ ‬ڕۆژهەڵاتی‮ ‬ناوەڕاست چاوەڕوان دەكرێ،‮ ‬جگە لەوەیش ئەگەر بە وردی‮ ‬دیقەتی‮ ‬دۆراندۆری‮ ‬خۆمان بدەین ئاگری‮ ‬شەڕ‮ ‬هەموو وڵاتێكی‮ ‬تەنیوە و ئارامی‮ ‬و هەیبەت و شكۆی‮ ‬وڵاتان لەقیوە‮ ‬ڕووبەڕووی‮ ‬هەڕەشە و مەترسییەكی‮ ‬گەورە بوونەتەوە. رێگەكان تاقیكرانەوە هەر تاكێكی كوردستانی هەست بە بێ‌ ئومێدیەكی تەواو دەكات چونكە باش دەزانن مانەوە لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی داگیركەر دۆزی كورد دوا دەخات . ئێستا جگە لە هەڵبژاردنەكان كارتی ریفراندۆمی سەربەخۆیمان لە بەردەستە . چونكە سەربەخۆیی باشووری كوردستان نەتەنیا مافێكی حاشاهەلنەگری جەماوەری خەلكی ئەو هەرێمەیە، بەڵكو ئەمرۆكە لە ماف تێپەربۆە و بۆتە پێویستیەك. رەوایی سەربەخۆیی كوردستان لە مێژوی دەیان ساڵەی خەباتی خەڵكی ئەم ناوچەیە وەرگیراوە، كە لە پێناوی بەدەست هێنانی مافی دیاریكردنی چارەنووس گیانفیدایی كردۆە و چەندەها كارەساتی بەسەرهاتۆە. گشت پرسی تەنیا دەتوانێ لە چوارچێوەی پێوەندی نێودەولەتیدا بنەمایەكی یاسایی بۆ كوردستانی سەربەخۆی داهاتوو دابین بكات.
مانەوە لەگەڵ دەوڵەتێكدا كە تا سەرئێسقان ئاوێتەی دمارگرژی مەزهەبی شێعەیە و تەنانەت توانایی بە یەكەوە ژیان لەگەڵ خەڵكی عەرەبی سوننەشی نییە، ناتوانێ بە هیچ شێوەیەك دڵخوازی خەڵكی كوردستان بێت. لەگەڵ ئەوەدا سەرئەنجام دەبێت مەسەلەی نەتەوایەتی لەم كۆمەڵگایەدا چارەسەر بكرێت تا ڕێگا بۆ بەرەوپێش چوونی دواتر بەرەو ژیانێكی ئازاد. ئەمرۆ ئێمەی كورد لە قۆناغێك داین كە پێویستیە ئەم مافە ڕەوایە لە كەم ئازار ترین و كەم تەلەفات ترین ڕێگاوە دابین بێت. لە ڕاستیدا ئەگەر باس و تێبینێك لەم بارەوە هەیە، لە سەر ئامادە كاری پێویست بۆ دابین بوونی ئەم مافە لە ئاستێكی گونجاودایە. لەناوچەیەكی پڕ كێشە و تەنگژەی وەك رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە لە گۆڕان و وەرچەرخانی بەردەوام و چاوەڕوان نەكراو دایە و بۆ شوێنێكی جوگرافی سەختی وەك هەرێمی كودرستان كە لەڕووی جیۆپۆلەتیكەوە وەك دوورگەیەك وایە بەدەوڵەتانی نەیاری دەورە دراوە كە ئەگەر لەسەر هەموو شتێك ناكۆك بن لە دژایەتی كورد هەمان هەڵوێستان هەیە، لەو دۆخە پڕمەترسیەدا بۆ ژیان و مانەوەی خۆی دەبێ كورد كیان ودەوڵەتێكی بەهێزی هەبێت بۆئەوەی خۆی لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی بگونجێنێت و لە هەڕەشەی جینوسایدێكی دیكە بەدووربێت. دەرەنجام؛ دروستكردنی دەوڵەتی كوردی كە باڵاترین ئامانجی نەتەوەییمانە، دەبێ لە ئەولەویەتی كاری پێكەوەیی هەموو لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان دابێت، دروستكردنی دەوڵەت بۆ كوردی وەك گەورەترین و رەسەنترین نەتەوەی بێ دەوڵەت، پێگەو پرستیژی گەلی كوردستان لەڕووی ناوخۆیی و دەرەكی بەگشتی و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی بەرزتر دەكاتەوە و ئاسایش و سەقامگیری و ئازادی و دڵنیایی هەمیشەیی بۆ تاكی كورد دەستەبەر دەكات.
دەبێتە هۆی پاراستنی شوناس نەتەوەیمان..دەیان ساڵە بێ‌ دەوڵەتیی میللەتی كورد وایكردووە هەموو كات بكەوێتە بەر هێرش و پەلامار دانی داگیركەران و تا بە ئەمرٍۆش بەردەوامە . دوای راپەڕینەوە شكۆمەندەكەی 1991 تاوەكو ساتەوەختی رووخانی رژێمی بەعس، ستراتیژیی و ئامانجی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان سەرباری هەوڵدان بۆ رووخاندنی رژێمەكەی سەددام كاری بۆ فیدراڵییەت و جۆرێك لە كیانی سەربەخۆیی كردووە بە رەچاوكردنی دۆخی سیاسی و سەربازی و ئابووری و هەتا كۆمەڵایەتیی هەرێمیشەوە، هەموو ئەو شتانە لە دیدگەی پارتیدا هەڵسەنگاندنیان بۆ كراوە، ئێستاش بەردەوامیان هەیە، بەڵام كاتێك رژێمەكەی سەددام، بە پاڵپشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە لایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاوە، لە ساڵی 2003 كۆتایی پێدەهێندرێت، ئیدی فیدراڵییەت چوارچێوەیەكی یاسایی و دەستووریی وەرگرت، ئەگەرچی هێشتاش فیدراڵییەت كۆی ئومێد و خەونەكانی گەلی كوردیی بەدینەهێناوە، دەكرا لەگەڵ رووخانی رژێمەكەی سەددامدا، كورد بەشێوەیەكی دیكە و زیاتریش لە فیدراڵییەت داوا بكات، بەڵام سروشتی سیاسەتكردن وایە، ناكرێت لەسەرمێزی گفتوگۆ هەموو ئەوانەی تۆ دەتەوێت بەدەستی بهێنیت، بەڵكو هەندێك وەردەگریت و هەندێكیش لەدەست دەدەیت، كەوایە فیدراڵییەت بۆ ئەوكات گرنگ بووە، بگرە ئەوە بوو كە كورد دەیتوانی لەوكاتدا بەدەستی بهێنێت.
بەوپێیەی لە دوای چەسپاندنی فیدراڵییەتی هەرێمی كوردستان ستراتیژێتی پارتییش گۆڕانكاری گەورە بەخۆیەوە دەبینێت، ئەویش هەنگاونان و كاركردنە بۆ گۆڕینی فیدراڵییەت بە سەربەخۆیی،من دەوڵەتم دەوێت، چونكە مافی منە و بوونی من وەك كوردێك و كوردستانییەك بە دەوڵەتی كوردستانەوە پەیوەستە، منی كوردستانی هیچم كەمتر نییە لە تۆیەكی عەرەبی عێراقی و كوەیتی و فارسێكی ئێرانی و توركێك و شیعە و سوننەیەكی مەزهەبگەرا كە چەندان دەوڵەتتان هەیە، بۆ تۆ دەوڵەتت هەبێت! بۆ من نەمبێت، ئەگەر بڕیارە منیش نەتەوەبم كە نەتەوەیەكی 45 ملیۆنیم، دەبێ ئەو مافەم لێ زەوت نەكرێت كە تۆ هەتە، مادام تۆ دەوڵەتت هەیە و شانازی پێوە دەكەیت، منی كوردیش دەمەوێ هەمان مافی تۆ مومارەسە بكەم لە چوارچێوەی دەوڵەتی كوردستاندا، ئێستاكە بارزانی بە پاڵپشتی جەماوەری كوردستان خەریكی مومارەسەكردنی ئەو ئەجێندایەیە و دەیەوێت بە جیهان بڵێت، مادام ئێوە دەوڵەت بۆ نەتەوەكانتان بە گرنگ دەزانن و دەیپارێزن، ئێمەش وەك كورد كە ناوچەكە لەبەردەم گۆڕانكاریی دایە، دەمانەوێت بە ئاشتی لە چوارچێوەی دەوڵەتی كوردستان لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكەدا بژین، گرنگ ئەوەیە بارزانیی بەناوی كوردەوە نەك پارتییەك دەڵێت، ئێمە دەبێ دەوڵەتمان هەبێت، ئەم قسەیەش سەرەتایەكی باشە و هۆشدارییەكە بۆ نەیارانیی كورد، ئیدی كوردیش دەبێ دەوڵەتی هەبێت، ئەگینا ناوچەكە ئارامی بەخۆیەوە نابینێت.
Top