كه‌ركووك ئه‌و زله‌ پووشه‌ی پشتی حوشتره‌كه‌ی به‌غدا ده‌شكێنێ

كه‌ركووك  ئه‌و زله‌ پووشه‌ی پشتی  حوشتره‌كه‌ی به‌غدا ده‌شكێنێ
رۆژی 2-3-2018 له‌رێوره‌سمێكدا رێگای هه‌ولێر – كه‌ركووك كرایه‌وه‌ ، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی دا له‌ پردێ كه‌مال كه‌ركووكی فه‌رمانده‌ی میحوه‌ری رۆژئاوای كه‌ركووك له‌ كردنه‌وه‌ی رێگاكه‌ دا گوتی :
:-هه‌موو رێگاكانی ژێر كۆنترۆڵی پێشمه‌رگه‌ كراوه‌ن و هاونیشتیمانییان ده‌توانن به‌ ئازادی هاتووچۆی تێدا بكه‌ن .
ئه‌م رووداوه‌ ،له‌ رۆژه‌ڤی ئه‌مرۆی سیاسی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر پرسی كه‌ركووك له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر و داگیر كردنی له‌لایه‌ن گه‌له‌كۆمه‌كی به‌غداو هاوپه‌یمانان ، به‌ به‌ر چاوی ئه‌مریكاوه‌ دژی هه‌ولێر و سه‌رۆك بارزانی ، رووداوێكی گرنگه‌ و چه‌ندین ڕه‌هه‌ندی سیاسی و ئابووری له‌ خۆ ده‌گرێت . رای گشتی ناوخۆ و جیهانیش له‌ یه‌ك خاڵدا كۆده‌كاته‌وه‌ كه‌ كه‌ركووك به‌ داگیركراوه‌یش بێت هه‌ر كوردستانییه‌ و داگیركردنیشی كاتی یه‌ ،كاتی ئێكسپایه‌ر بوونی داگیركه‌ران به‌ شێوه‌یێ له‌ شێوه‌كان ئه‌مرۆش نه‌بێ سبه‌ی هه‌ردێت و ئه‌وسا داگیركاران شه‌رمه‌زارتر و ڕوو زه‌ردتر ده‌بن .
له‌ ڕه‌هه‌نده‌كانی كردنه‌وه‌ی رێگای كه‌ركووك – هه‌ولێر له‌ رۆژی 2-3-2018دا له‌م چه‌ند لایه‌نه‌ وه‌ ده‌یخوێنییه‌ :
یه‌كه‌م : دوای كردنه‌وه‌ی ئه‌م رێگایه‌ ، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ، جگه‌ له‌وه‌ی ئازایه‌تی و بوێری خۆی نیشان دا ، كه‌ نه‌ له‌ هێرشی سوپاو نه‌ له‌ په‌لاماری حه‌شد و مه‌شد نه‌ترساوه‌ و ناترسێ .
نیاز پاكی خۆیشی نیشان دا و به‌ به‌غداو جیهان ده‌ڵێ هه‌موو هاونیشتیمانییه‌ك و ئۆتۆمۆبیلی بارهه‌ڵگر ئازادن له‌هاتوو چۆكردن به‌سه‌ر ئه‌م رێگایه‌ی كه‌ ستراتیژیترین و ناو دارترین و نێو ده‌وڵه‌تیترین رێگایه‌ به‌غدا به‌ هه‌ولێر ببه‌ستێته‌وه‌ و ،كورترین و كه م‌مه‌سره‌فترین رێگاشه‌ ئه‌سته‌مبۆڵ و تاران به‌ هۆی هه‌ولێره‌وه‌ به‌به‌غدا ببه‌ستێته‌.
كه‌چی به‌غدا ، به‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌ولێر دوای كردنه‌وه‌ی ئه‌م ڕێگایه‌ زیاتر ترس و دڵه‌ ڕاوكێو و نیگه‌رانی و نا ئارامی پێوه‌ دیاره‌ ، به‌ جۆرێ ئێستا له‌جاران زیاتر شڵه‌ژاوتر و ترساو و به‌ڕوو داماوه‌ ، به‌ ڕوو داماو و ترساو له‌ به‌رامبه‌ر ڕاگشتی ناخۆ و به‌رامبه‌ر هاونیشتیمانیان ، ئه‌وانه‌ی نیازیانه‌ به‌ مه‌به‌ستی گه‌شت و سه‌یران ، یا به‌ مه‌به‌ستی ئابووری و بازرگانی ، یا بۆ مه‌به‌ستی سیاسی و دبلۆماسی به‌ ئاسانی سه‌ردانی هه‌ولێر و كوردستان بكه‌ن ، بۆیه‌ به‌غدا هه‌ر له‌ودیوی پردێوه‌ تا ناوسه‌نته‌ری شاری كه‌ركووك هه‌مووی كردۆته‌ خاڵی پشكنینی سه‌ربازی و ڕێ به‌ هاونیشتیمانییان نادا هاتووچۆی ئاسایی پێدا بكه‌ن .
كۆنگره‌ رۆژنامه‌ نووسییه‌كه‌ی پردێی رۆژی 2-3-2018ی كردنه‌وه‌ی رێگاكه‌ ، دوو رووداوی گرنگی مێژووی و سیاسی و سه‌ربازیمان دێنێته‌وه‌ بیر .
پردێ ئه‌و شارۆچكه‌ ئاڵتوونییه‌ كشتوكاڵییه‌ی خاوه‌ن پشه‌ی ڕه‌نگینی ده‌ستی نێوان دوولقی زێی بچووك .
له‌ مێژووی راپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی كوردستان دا له‌ ئازاری 1991 دا ، به‌ تایبه‌تیش له‌ شه‌وانی 16تا 19-3-1991 ژووری سه‌ربازی سه‌رۆك بارزانی بوو ، له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ مه‌یدانییه‌كانی له‌شكری شۆڕشگێری كوردستان ( هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ، له‌ ئه‌ده‌بیاتی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ - ل.ش.ك - ناوزه‌د ده‌كرا ) . ئه‌وسا سه‌رۆك بارزانی سه‌رۆكی به‌ره‌ی كوردستانی بوو ، له‌گه‌ڵ سه‌ربازو سه‌ركرده‌ مه‌یدانییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌رده‌م تیشكی رووناكی لایت و شه‌وقی چراو له‌مپا نه‌خشه‌ی رزگاركردنی كه‌ركووكی داده‌نا ، هه‌ر واش كه‌وته‌وه‌ كه‌ركووكی بابه‌گووڕگووڕ له‌گه‌ڵ گه‌ردی به‌یانی نه‌ورۆزی دا ئازادكرا و ته‌رازووی هێزی سیاسی و سه‌ربازی له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی عێراق و جیهان دا گۆڕی .
له‌به‌رواری هه‌ به‌رواری نزیكیش دا ، هه‌ردوێنێ بوو له‌ دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر دوای داگیركردنی كه‌ركووك له‌ پردێی ئاڵتوون كۆپری سوپای عێراق و حه‌شدو مه‌شده‌كه‌ی به‌ تانكی ناوداری ئه‌برامسی ئه‌مریكییه‌وه‌ش له‌ لایه‌ن پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی كوردستان له‌ میحوه‌ری رۆژئاوای كه‌ركووك تێكشكان . له‌ساوه‌ حكومه‌تی عه‌بادی نه‌ك هه‌ر به‌رامبه‌ر ڕای گشتی ناوخۆ به‌رووداماو شه‌رمه‌زاره‌ ،به‌ڵكو به‌غدا به‌ ڕووداماو و شه‌رمه‌زاری ئه‌مریكاو ته‌كنه‌لۆژیای هه‌ره‌پێشكه‌وتووی جه‌نگیش ، به‌دۆڕاوی پاشه‌كشه‌ی كرد .
پردێ له‌ مێژه‌ خاڵی وه‌رچه‌رخانه‌ ، ئه‌مڕۆش كه‌ هاوكێشه‌ و ئاراسته‌كانی هێرش و په‌لاماره‌كانی به‌غدای ڕاگرتووه‌ له‌ وه‌رچه‌رخانێكی دیكه‌ی له‌ زه‌رده‌ی ده‌م كه‌ڵی به‌ره‌به‌یانیێكی زوو یا دره‌نگدا لێ ده‌بینرێت ، كه‌وا پێده‌چێ ،هه‌ولێر زۆر په‌له‌ی نه‌بێ وه‌ك به‌غدا له سۆنگه‌ی كه‌ركووكه‌وه‌ له‌نێو گێژه‌لووكی ‌په‌له‌ پروزێ و فۆبیادا جینگڵ بدا.
هه‌ر له‌ ڕه‌هه‌نده‌كانی كردنه‌وه‌ی ڕێگای هه‌ولێر – كه‌ركووك دا لایه‌نی دووه‌می به‌دیوی نێو ده‌وڵه‌تییه‌وه‌ ده‌خوێنینه‌وه‌ به‌م جۆره‌یه‌ :
دووه‌م :وا دیاره‌ حكومه‌تی عه‌بادی چیتر بۆی ئاسان نه‌بێ رۆژانه‌ چه‌ند هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی كه‌ركووك به‌ تانكه‌ر به‌رێگای سلێمانی بگه‌یێنێته‌ كه‌رمانشان و پاڵاوگه‌كانی ئه‌وێ و له‌وێوه‌ش ڕه‌وانه‌ی عێراق و به‌نده‌ره‌كانی كه‌نداوی بكات . له‌وانه‌شه‌ گه‌ر سوود له‌ بۆری كوردستان وه‌ربگرێت بۆ ناردنی نه‌وتی كه‌ركه‌ركووك و گه‌یاندنی به‌ به‌نده‌ری جیهانی توركی وێرای به‌ڕوو داماوی ناخۆ ، عه‌بادی ڕووداماوتر به‌رامبه‌ر هه‌ولێر و له‌نده‌ن – كۆمپانیای بریتش پێترۆڵ و ئه‌سته‌مبۆڵ و تاران به‌دیار بكه‌وێ .
به‌هه‌موو بارێكدا ، ئابووری و سیاسی ، سه‌ربازی و كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ركووك بارێكی گرانه‌ و بۆ ئاینده‌ی پرۆسه‌ی سیاسی و مانه‌وه‌ی به‌ داگیركراوی ئاسان نییه‌ ، هه‌روه‌ك ئه‌و زله‌ پووشه‌ وایه‌ پشتی حوشتره‌كه‌ی به‌غدا بشكێنێ .



Top