بەغدا هیچ پاساوێكی لە بەردەم بریاردانی سەربەخۆیی كوردستان نەماوە ..

بەغدا هیچ پاساوێكی لە بەردەم بریاردانی سەربەخۆیی كوردستان نەماوە ..

مادام زیاتر لە سەدەیەكە قوربانیی دەبەخشین و خەبات دەكەین ، دەبێ خاوەن دەوڵەت بین ،چۆنكە بەهۆی بێ‌ دەوڵەتییەوە تووشی كارەساتیی گەورە و جینۆساید بووینەتەوە .كورد خاوەن كەلتوور ،زمان ، خاك و مێژووییەكی زیاتر لە 27 سەدەیە .ئەگەر لە سۆنگەی عەقڵانیشەوە رۆشنایی بخەینەسەر زەرورەتی بوونی دەوڵەت، هەموو تاكەكان بەرێگەی پێكهێنانی دامەزراوە و گروپ بەدوای ئاسوودەیی و قازانج دەگەڕێن و مسوگەر كردنی بەرژەندی پاڵنەری سەرەكییە لە دروستكردنی كۆمەڵ و گروپەكان لە پەیكەری كۆمەڵایەتی یەكگرتوودا، بوونی مەترسی و هەڕەشەش لەسەر ژیان و بەرژەوەندی تاكەكان پاڵنەرێكی دیكەیە بۆ پێكهێنانی دامەزراوەكان، دەرەنجام بۆ مسوگەر كردنی پێگەو پایەی باشتر و بەدەستهێنانی قازانج و بەرژەوەندی و كۆكردنەوەی هێز بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییە ناوخۆیی و دەرەكییەكان پاڵنەر و هۆكاری سەرەكین بۆ نەتەوەیەك بۆ دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی تایبەت بەخۆی.دەوڵەتی هاوچەرخ وەك تەواوترین و بەهێزترین و سەقامگیرترین دامەزراوەی مرۆیی هەمیشە بە باشترین و كارامترین شێوە خۆی لەگەڵ گۆڕانكاریی ژینگەی ناوخۆیی و دەرەكی پاراستووە و وەك باڵاترین دامەزراوەی سیاسی دونیا دەركەوتووە. دەوڵەت وەك باشترین ئامراز بۆ كۆكردنەوەی هێز و رێكخستنی دەسەڵات، هەمیشە پێگەی هێز و شكۆی بە گروپێكی مرۆیی بەخشیوە بە ناوی نەتەوە، بۆیە نەتەوە بێ دەوڵەتەكان بۆ باشتركردنی دۆخ و پێگەكەیان لەتێكۆشان دان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان، بەپێی لۆژیكی عەقلیش هەر نەتەوەیەك بۆ گەیشتن بە كەناری ئارامی و دڵنیایی لە جیهاندا دەبێ هێز و دەسەڵاتی هەبێت و ئەم هێزە بە پلەی یەكەم لە یەكریزی و تەبایی و یەكگرتوویی ناوخۆیی نەتەوەسازی و دروستكردنی دەزگا و دامەزراوەی نیشتمانی پتەو و بەهێز و كارامە دەوڵەتسازی دایە، پرۆسەی دەوڵەتسازی و نەتەوەسازیش بۆ ئەم مەبەستە لەگەڕە. لەئێستادا گەلی كوردستان كە لە خەبات و تێكۆشان دایە بۆ دروستكردنی كیانێكی سیاسی سەربەخۆ، گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی كە دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی لەناو خاكی كوردستان پرستیژەكەی لەهەموو رووەكانەوە ئەمنی، سیاسی، رەفاهیەت، پێگەی لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی و بەرجەستەبوونی كەلتور و پارێزگاری كردنی بەرزدەكاتەوە، ئەم قەناعەتە و زەینیەتەی گەلی كوردستان دەرەنجامی لۆژیكی و دروستە چونكە ئەزموونەكانی رابردوو سەلماندیان كە هەڕەشەو مەترسی بەردەوام لەسەر نەتەوە بێ دەوڵەتەكان لەئارادان بەتایبەتی لەكاتی جەنگ و قەیرانە سیاسییە مەزنەكاندا، ئەزموونی تاڵی رابردوو لەگەڵ حكومەتە سەركوتكارە یەك لەدوا یەكەكانی عێراق، سیاسەتی پاكتاوی رەگەزی و چەوسانەوە و پەراوێزخستن و دەستوەردانی دەرەكی بۆ درزخستنەناو لایەنە كوردییەكان دژی گەلی كوردستان لە ئێستا و ئایندەشدا هەڕەشە لە بوونی كورد دەكەن، لەبەر ئەم پیلان و هەڕەشانە دروستكردنی دەوڵەتی كوردی پڕبایەخ و گرنگە و دەبێ لە ئەولەویەت دابێت.
لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش، دەوڵەت فاكتەری فرەكەلتوری جیهانە، كوردیش بۆ سەلماندنی ناسنامەی و مانەوەی وەك نەتەوەیەك و سوودمەند بوون لە دەرفەتە جیهانیەكان پێویستی بە دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆ هەیە، ئەگەر تەنیا لەناو دەوڵەتێكی لاوازی وەك عێراق بوونی كورد لە مەترسی دابێت ئەوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كە سروشتێكی تەواو ئەنارشی هەیە و هاوكێشەی هێز و كێشمەكێشی زڵهێزەكان حوكمی دەكەن ژیان و مانەوە و ئەمنیەتی كورد وەك نەتەوەیەك هەڕەشەی جدیتری لەسەرە و بەردەوام دەكەوێتەژێر هەڕەشەی نفوز و دەستێوەردانی دەرەكی، بەتایبەتیش لەناوچەیەكی پڕ كێشە و تەنگژەی وەك رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە لە گۆڕان و وەرچەرخانی بەردەوام و چاوەڕوان نەكراو دایە و بۆ شوێنێكی جوگرافی سەختی وەك هەرێمی كودرستان كە لەڕووی ژیوپۆلەتیكەوە وەك دوورگەیەك وایە بەدەوڵەتانی نەیاری دەورە دراوە كە ئەگەر لەسەر هەموو شتێك ناكۆك بن لە دژایەتی كورد هەمان هەڵوێتسان هەیە، لەو دۆخە پڕمەترسیەدا بۆ ژیان و مانەوەی خۆی دەبێ كورد كیان ودەوڵەتێكی بەهێزی هەبێت بۆئەوەی خۆی لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی بگونجێنێت و لە هەڕەشەی جینوسایدێكی دیكە بەدووربێت. دەرەنجام؛ دروستكردنی دەوڵەتی كوردی كە باڵاترین ئامانجی نەتەوەییمانە، دەبێ لە ئەولەویەتی كاری پێكەوەیی هەموو لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان دابێت، دروستكردنی دەوڵەت بۆ كوردی وەك گەورەترین و رەسەنترین نەتەوەی بێ دەوڵەت، پێگەو پرستیژی گەلی كوردستان لەڕووی ناوخۆیی و دەرەكی بەگشتی و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی بەرزتر دەكاتەوە و ئاسایش و سەقامگیری و ئازادی و دڵنیایی هەمیشەیی بۆ تاكی كورد دەستەبەر دەكات. بۆیە دەوڵەتبوونی كوردستان دەبێتە هۆی شەقامگیری و ئۆقرەیی و گەیشتن بە كەنارٍی دڵنییایی و ئارامیی.
لە رابردوو و ئێستا كورد دەرفەتێكی زۆری دایە بەغدا ، بۆ ئەوەی بەخۆیدا بچێتەوە و مافەكانی كورد پێشێڵ نەكات . بەڵام نەك هەر بەخۆیاندا نەچوونەوە بەڵكو رێچكەی دیكتاتۆرەكانی پێش خۆیان گرتەبەری .ئێمە شانسی زۆرمان داوە بە بەغدا و سوودیان لێوەرنەگرتووە، كاتێك لە 2003 سەدام حوسێن رووخا، عێراق كۆتایی هات، سوپا بوونی نەما و هیچ دامەزراوەیەك نەمابوو، لەو كاتەدا كورد خاوەنی هێزی پێشمەرگە بوو، قەوارەیەكی هەبوو ماوەی 12 ساڵ بوو نیمچە سەربەخۆ بوو، بەڵام كورد بڕیاری دا بچێتەوە بۆ بەغدا و هەر لە كوردستانیشەوە تەلەفۆن بۆ هەموو ئەو بەرپرسانەی ئێستای عێراق كرا كە پێشتر لە ئۆپۆزسیۆن بوون و هەموویان لە دەرەوەی عێراق بوون و خەڵكی كوردستان خەزمتیانی كرد.واتە لە ماوەی دوای 2003 هەتا ئێستا كورد زۆر شانسی بە عێراق داوە، بەڵام ئێستا شیعە و سوننە لەسەر عومەر و عەلی یەكتری دەكوژن و بە كردەیی عێراقیان كردۆتە سێ دەوڵەت، هەر بۆ نموونە ئەگەر سبەی لە هەولێرەوە بچیت بۆ موسڵ و لەوێشەوە بۆ بەغدا، بە واقیعی سێ دەوڵەت دەبینیت. بۆیە دەبێت كورد لەم بارودۆخەدا واقیعییانە بارودۆخە بخوێنێتەوە. دەبێت ئەوەی لەبەرچاو بێت كە بە درێژایی مێژوو كاتێك باری سەقامگیری و سیاسیی ناوچەیەك تێكچووە، بارودۆخی جوگرافیش گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە. ئەگەر سەیر بكەین پێش شەڕی یەكەمی جیهانی هەمووی چەند دەوڵەتێكی سەربەخۆ هەبوون، لەبەر ئەوەی نەتەوەكان هەمووی لە ژێر دەستی چەند ئیمپراتۆریەتێكدا بوون، بەڵام دوای شەڕی یەكەمی جیهانی زیاتر لە 100 دەوڵەت دروست بوون، ئەمە لەگەڵ ئەوەی 17 ملیۆن كەس لەو شەڕەدا كوژران، لە دوای شەڕی دووەمی جیهانی كە لەو شەڕەشدا زیاتر لە 53 ملیۆن كەس كوژران، بەڵام 70-80 دەوڵەتی دیكە دروست بوون، لەدوای هەڵوەشاندنەوەی یەكێتیی سۆڤیەت، تەنیا 15 دەوڵەت لە كۆمارەكانی پێشووی یەكێتیی سۆڤیەت دروست بوون، لە هەڵوەشانەوەی یوگسلافیاش چەند دەوڵەتێكی دیكە دروست بوون، بۆیە مێژوو پێمان دەڵێت هەر كاتێك باری سیاسی و سەقامگیری ناوچەیەك تێكچوو، گۆڕانكاریی جوگرافیش روودەدات، بۆیە لە ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا هەلومەرجێكی زێڕین بۆ كورد هاتۆتە پێشەوە، ئەگەر كورد سوود لەم فرسەتە وەرنەگرێت، ئەوا دەبێت ئەوە بزانین كە كاتی بەفیڕۆ داوە، كاتیش وەك شمشێرێكی دووسەرە وایە، نەیبڕیت، دەتبڕێت. بۆیە ئێستا باشترین ساتەوەختە بۆ ئەوەی كورد بڕیاری چارەنووسی خۆی بدات.
Top