سەرداری مەزنی كوردستان

سەرداری مەزنی كوردستان
ئەمڕۆ ١٠ ی ڕەشەمێی ساڵ ۲۷۱۷ ی كوردییە بەرانبەرە بە ١ی ئازاری ساڵی ٢٠١٨ زاینیی ٣۹ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر كۆچ باربوونی سەرداری مەزنی كوردستان مڕحوم جەنابی مەلامستەفا بارزانیدا کەلە ۱۹۷۹/۳/۱‌ بە هۆی نەخۆشیەكی سەخت و كوشندە لە نەخۆشخانەی"جۆرج تاون" کەیەكێكە لە نەخۆشخانەكانی وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، بۆ دواجار چاوە گەشەكانی لێكدەنێت و ماڵ ئاوایی یەك جارەكی لەگەل و نیشتیمانەكەی دەكات.
كاتێكیش ئەم هەواڵە بۆ یەكەمین جار لە میدیاكانی ئەمریكادا ڕاگەێندرا ماتەم سەرتاپای كوردستانی گەورەی گرتەوە بەهەر لایەكدا دەتكردەوە تازیەباری بوو كەس نەیدەزانی سەرەخۆشی لەكێ بكات چونكە بارزانی موڵكی مالبات و خانەوادەیەک یاخود سەرۆکی حیزبێك نەبوو، بەڵكو ئەو ڕێبەرێكی هەڵکەوتوو ڕاستەقینەی کوردستان بوو،غەمی گەورەی ئەو خەمی خاک و نەتەوەكەی بوو، لە هەمان كاتدا تائەو ڕۆژەی تەرمی بارزانی گەیشتەوە خاکی پیرۆزی کوردستان و بەخاک سپاردنی لە سەر وەسیەتی خۆی لە نزیک ئارامگای شێخ بابۆی برای لەشاری شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ناو ئاپۆڕای ماتەم گێڕاندا کە مەزەندە بە ۳۰۰ هەزار کەس دەکرا کە لە مەراسیمی پێشوازی و‌ بەخاک سپاردن،لە تەرمی بارزانی سەردارو جەنەڕاڵی مەزن لە هەر چوار پارچەی کوردستان لە ڕێکەوتی ۱۹۷۹/۳/٥ ئامادەبوون، زۆرێك لە نیشتیمان پەروەرو ئازادیخوازانی كوردستان باوەڕیان بە ڕاستی هەواڵی كۆچ باربوونی جەنابی بارزانی نەدەكرد.
بارزانی مرۆڤێك بوو بەڵام ئەو غەم و ئازار و مەینەتیەكانی میللەتێكی مەزڵوم و ژێر دەستی لە كۆڵدا بوو، هەمیشە بۆ نەتەوەكەی دەژیا خۆشەویستێكی لە ڕادە بەدەری بۆ نیشتیمانەكەی هەبوو هەروەك خۆگوتەنی دەی فەرموو(ئەگەر خۆشەویستی نیشتیمان تاوان بێت ئەوا من تاوان بارترین كەسم)
ئەو خۆشەویستییەی بارزانی بۆ نیشتیمانەكەی لە وەوە سەر چاوەی گرتبوو كە لە خانەوادەیەكی قاڵ بووی ناو شۆرش و ڕاپەڕینەكانی كوردستان و ناوچەكە چاوی گەشی بە دونیا هەڵهێنابوو، هەردەم دژ بەو ستەم و زووڵمە زۆرەی كە لە نەتەوەكەمان دەكرا بە درێژایی مێژوو بەرگریكارێكی سەر سەخت و بێوێنە بوون .
هەر ئەمەش وای كردبوو بارزانی لەمنداڵیەوە ئاوێتەی ناو خەبات و تێكۆشانێكی دژوار و ڕاستەقینە بێت و ببێتە پاسەوانێك و بەرگریكارێكی مەزن و دڵسۆز بۆ پارێزگاریكردن لە شوناس و ناسنامەی نەتەوەیمان،ئەوەتانێ
جلیل گادانی، سیاسەت مەداری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە كۆنگرەی ٩٠ ساڵەی لە دایك بوونی بارزانیدا کە لە ڕۆژانی ۱٤ تا ۱۷ /۹ /۱۹۹۳ بۆ ڕێزگرتن لە ۹۰ ساڵەی لەدایک بونی بارزانی لە ژێرچاودێری بەڕێز سەرۆک مسعود بارزانی و ئامادەبونی ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی و سیاسەتمەداران و ئەدیب و شاعیرانی کوردوعێراقی لە هاوینە هەواری پیرمام گرێدرا ،کە تێیدا چەندین لێکۆڵینەوەو شیعرو وتاری بەپێز لە لایەن ئامادەبوانەوە پێشکەشکران ، گادانی لە وتەیەکدا دەرحەق بە بارزانی دەڵێت مەلامستەفا بەو ئیمانە پۆڵاینە كە هەیبوو دەبوو زۆر لەوە زیاتر بژی ،بەڵام پەژارەو مەراقی فاشی لەو خیانەتە كە لەو مەرحەلەیەدا لێی كرا بەداخەوە مردنی مەلامستەفای وەپێش خست .
بەڵام، مەلامستەفاو ڕێبەرانی ڕاستەقینەی هیچ گەلێكی چەوساوە نامرن. گادانی زیاتر توڵی دەداتێ و دەربارەی ڕۆژی بەخاك سپاردنیشی دەڵێت چ مەحشەریك لە شاری شنۆیە لە كاتی ناشتنی مەلا مستەفا ڕوویدا ،بە خاك سپاردنی مەلامستەفا لە شاری شنۆیە ڕاپەڕینێكی دیكەی گەلی كورد بوو لە باری بیروو باوەڕەوە بە تێكڕاوە بە تایبەتی هاوسەنگەرانی مەلامستەفا بوو هاو بیرو باوەڕان و بنەماڵەو دلسۆزانی كوردو پارتی دیموكراتی جارێكی دیكە موتەئەهیدكرد كە دەبێ بە هەموو توانایانەوە لە سەر درێژەدانی ڕێگای هەمیشە ڕوونی بارزانی سوربن وە ئێستاش ئاكامەكەی دەبینین .
سەرۆك مسعود بارزانیش لە كتێبەكەی خۆیدا بەناوی بارزانی و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد لە لاپەڕە ( ٢٦٧ ) دەفەرموێت:"کۆچی دوای بارزانی هەرگیز نابێ بەكۆسپ لە ڕێگەی درێژە پێدانی ئەو خەباتەی كە ئەو ئەركەكەی لە ئەستۆ گرتبو،خەبات هەر بەردەوام دەبێ و ڕەوت هەر لەسەر ڕێبازەكەی ئەو دەبێ لە ڕاستیشدا هەر ئەمەیە خواست و ئارەزوی بارزانی .باشترین بەڵگەی وەفاداریش بۆ یاد و بیرەوەری ئەو ،ئەوەیە ئەو مەشخەڵی خەباتەی ئەو هەڵی گیرساند هەر بە هەڵگیرساوی بمێنێتەوە" .
لە دوایی ڕاپەڕینە مێژوویەکەی بەهاری ۱۹۹۱ ئازادبوونی بەشێکی باشوری کوردستان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی ۱۹۹۲ و دامەزراندنی یەکەمین کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، لە ۱۹۹۳/۱۰/٦ تەرمی نەمران بارزانی ڕابەر لەتەک تەرمی کاک ئیدریس بارزانی لە نێو ئاپۆڕەی سەدان هەزار کەس لە خەلکی بە ئەمەکی کوردستان گەیشتەوە باشوری کوردستان و لە ڕێوڕەسمێکی شایستەو نەتەوەیدا لە ۱۹۹۳/۳/۸ دامێنی چیای سەرکەشی شیرین لەگوندی بارزانی زێدو لانەی خەبات و بەرخودان ئەسپەرد بە خاکی دایک کران،
جێگای ئاماژەپێدانە ساڵانە بەسەدان هەزار کەس لە کوردانی باشورو پارچەکانی تری کوردستان وتاڕاوگە، لە موریدو عاشقانی بارزانی ، زیارەتی مەزاری نەمران دەکەن و دوای خوێندنی سورەتی الفاتیحە، پەیمانی ئەوە نوێ دەکەنەوە کە هەمیشە پەیرەوی ئەوڕێ و ڕێبازەبن کە بارزان بەدیهێنەرەکەیەتی و وەفاداربن بۆ دلسۆزو هەڵگرانی پەیامی ڕاستەقینەی کوردایەتی ،کە پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕێبەرایەتی جەنابی سەرۆک مسعود بارزانی بە شانازیەوە سەرکێش و هەڵگری ئەم پەیامە ڕاستەقینەیە کە مستەفا بارزانی هەموو تەمەنی خۆی لە پێناویدا بەخشی .
لە هەمانکاتدا نوێنەران و دیبلۆماتکارو کەسایەتیە بیانیەکانیش لەو ڕۆژانەدا ڕوو دەکەنە بارزان و دوای دانانی چەپەکە گوڵی ڕێز لە سەر مەزاری بارزانی باوک و کوڕ، سەریش لە بەرامبەر خەبات و ماندوو بونی بێ وێنەیاندا دادەنوێنن .

هەزاران سلاو لە ڕۆحی پاکی بەرزەفری باوکی ڕۆحی نەتەوەی کورد مەلامستەفا بارزانی و کاک ئیدرسیی هەردەم لەیاد .
Top