نابێ‌ بستێك خاكی كوردستان بە داگیركراویی بمێینێتەوە ..

نابێ‌ بستێك خاكی كوردستان بە داگیركراویی بمێینێتەوە ..
تێكۆشانی زیاتر لە سەدەیەكی كورد لە پێناو رزگاركردنی خاك و نیشتیمان بووە و لە جوگرافیاییەكی دیاریكراو نەبووە و نابێ‌ ، بۆیە تا بستێك خاكی كوردستان داگیركرابێ‌ خەباتی و بەرخۆدانی كورد كۆتالیی ناهێت . بە هۆی ناپاكی و پیلانگێری 16ی ئۆكتۆبەرەوە كەركووك لە ئێستادا داگیركراوە ،بەڵام نابێ‌ لە یادمان بچێت كە ڕیفراندۆمی بەڵی سەربەخۆیی لە كوردستان و بەتایبەت لە شاری كەركووك خاڵی وەرچەرخانی خەباتی كوردایەتیش بوو كە ئیدی خەباتی كوردایەتی دوای ڕیفراندۆم پێی ناوەتە ئاستێكی باڵاتر و بوێر تر چونكە دوور لەشەرم و ترسی پێشینان بەهەموو دونیا و ناوچەكە و عێراقی ڕاگەیاند كە گەلی كوردستان لەگەڵ سەربەخۆیی خاك و نیشتیمانەكەیەتی ،وەك مافێكی ڕەوای گەلی كورد هاوشێوەی گەلانی دونیا و ناوچەكە لە عەرەب و تورك و فارس.
ڕیفراندۆم لەهەرێمی كوردستانی ئازادكراوی دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 و سەروو هێڵی 36 ی پانی كە بەهێڵی سەوزناسراوە. بەلای هەموانەوە لە عێراق و دەوروجیران و زلهێزەكان و نەتەوە یەكگرتوەكانیشەوە كارێكی زۆر ئاسایی و یاسایی و دەستوی بوو،بەڵام ئەوەی كە جێگەی نیگەرانی و توڕەبوون و دروستكردنی فشار و گوشاری سیاسی و ئابوری و سەربازیان بوو،ئەوەبوو كە ڕیفراندۆم لە ناوچە دابڕێنراوەكانی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتیش شاری كەركوك نەكرێت یان دوابخرێت .
كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان بە پێی دیكۆمێنتە مێژوویی و جوگرافیاییەكان هەمیشە بەشێكی دانەبڕاوی هەرێمی كوردستان بونە و ناكرێت لەژێر پەردەی هیچ پاساوێكی سیاسیدا لە هەرێمی كوردستان داببڕێن،چۆن هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و دهۆك خاكی پیرۆزی كوردستانن ئاوهاش كەركوك و خانەقین و هەموو ناوچەكانی تر بەشێكی پیرۆزی خاكی كوردستانن. هیچ حیزب و سەركردەیەكی كورد مافی ئەوەی نیە كە دەستهەڵبگرێت لەو ناوچانە و بەتابیبەتیش كەركوك، چونكە كەركوك ناسنامەی كوردستانە و بەبێ‌ كەركوك جەستە و لاشەی كوردستانی گەورە بەگشتی و كورستانی باشوور بە تایبەتی وەك لاشەیەكی بێ‌ سەر و بێ‌ ناونیشان دەمێنێتەوە. ئەمرٍۆ یا سبەی " پێشمەرگە ،ئاڵایی پیرۆزی كوردستان بە سەربڵندی دەگەرێنەوە ئەو شارە كوردستانییە..

كێشەی كورد لەوەتەی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق لە ساڵی 1921 و تا بە ئێستاش دەگات ئەو دەوڵەتەی بەخۆیەوە خەریك كردووە، سەرەڕای گۆڕینی سیستەمە سیاسییەكان و بەدوایەكداهاتنی حكومەتە جیاوازەكان بەڵام هەر بوونی هەیەو توندە، مەسەلەكەش تەنیا بە عێراقەوە پەیوەست نییە، كورد بەسەر چوار دەوڵەتدا توركیا و ئێران و سوریا و عێراقدا دابەش بوونە، جا لەبەر ئەوەی ناوچەكە لە رووی جیۆپۆلیتیكی و ستراتیژی و ئابوورییەوە گرنگە، بە تایبەتیش بوونی نەوت، بۆیە پێشتر و ئێستاش هەر بۆتە ناوەندێكی ململانێ و هەژموونی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیبە هۆی كوردستانیبوونی شاری كەركوك لە ماوەی دەیان ساڵی رابردوو ،رژێمە یەك دوای یەكەكان نەیانویستووە دا بە كوردستانیبوونی ئەو شارە دابنێین و بارزانی نەمر شۆرٍشێكی كە قوربانیی كەركوك كوردستان و ساڵانێكە خەبات و ململانێكانی كوردو دەوڵەتی عیراق بە هەموو حكومەتە یەك بەدوای یەكەكاندا بە دەوریدا دەخولێتەوە.بارزانی لە ساڵی 1970 لەكاتی رێكەوتننامەكەی لەگەڵ حكومەتی عێراق یەكلایی كردنەوەی ئەم بابەتەی رەتكردەوە، لەبەر ئەوە بۆ دەركردنی بڕیاری ئۆتۆنۆمی ساڵی 1974 دواخرا، بەڵام سازانی لەسەر نەكرا و سەركردایەتیی كورد بەڕێوەبردنی هاوبەشی شارەكەی رەتكردەوە، هەروەها حكومەتی عێراقیش ئۆتۆنۆمی دواخست دوای ئەوەی بڕیاردرا یاساكەی واژۆبكرێت بەپێی بەیاننامەی 11ی ئاداری ساڵی 1970 و هەوڵی دا دەسەڵاتی خۆی بەسەردا فراوان بكات.ئەگەرچی تەعریبی پارێزگای كەركوك لە ناوەڕاستی سیەكانی سەدەی ڕابردوەوە دەستی پێكردووە بەڵام لە سەردەمی حوكمڕانی بەعسیەكاندا 1968-2003 گەیشتە لووتكە و سەرەڕای لە قاڵبدانی كەركوك و هێنانی عەرەبی هاوردەو وەدەرنانی كورد واتە ڕاگواستن بۆ شوێنەكانی تری عیراق نەیانتوانی سیماو ناسنامەی كوردستانی ئەو شارە بگۆڕن..
ئەگەر چاوێك بە زنجیرەی ئەو ڕووداوە یەك بە دوای یەكانەدا بخشێنین هەموو ئەو ڕاستیە حاشا هەڵنەگرانەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە كە ئەو جەنگ و كاردانەوانەی نێوان عیراق – ئێران و عیراق – كوەیت و دواتر عیراق- ئەمریكاو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و گەمارۆی ئابووری سیازدە ساڵەی جیهانی لە سەر عیراق و هەموو قوربانی و زیانەكانی عیراق هەر بۆ مەسەلەی كوردو بە تایببەتی تر بۆ كەركوك دەگەڕێتەوە.
زۆر مەحاڵە رابردوو،ئێستا وداهاتوو مافەكانی كورد لە چوار چێوەی عێراق مسۆگەر نابێ‌.بە درێژایی مێژووی دروستكردنی وڵاتی عێراق ، میللەتی كورد بە هیواو ئومێدێكی زۆرەوە پێشوازییان لە سەرۆك و حكومەتی تازە كردووە و وایان داناوە كە ئیتر كورد لە سایەی دەسەڵاتی تازەدا دەحەسێتەوە و مافە نەتەوایەتییەكانی خۆی وەردەگرێتەوە، سەرجەم حكومەتەكانی عێراقیش لە سەرەتای دەست بەكاربوونیانەوە وەعدی زۆریان بە سەركردایەتی سیاسی كورد داوە و بە ناوی برایەتی كورد و عەرەبەوە بۆ ماوەیەك سەرقاڵیان كردوون تا ئەوەندەی جێ‌ پێی خۆیان قایم كردووە و دواتر كەوتوونەتە لێدانیان و پاشگەزبوونەوە لە بەڵێنەكانییان، ئەمەش لە رابردوودا زۆر بە ڕوونی دیارە و دوای ئەو جەورو ستەمەی كوردەكان بە دەست دەسەڵاتی پاشایەتی عێراقەوە بینییان بە هاتنە سەر دەسەڵاتی كۆمارییەكان لە ساڵی 1958 زدا ،زۆر دڵخۆش بوون و سەركردایەتی سیاسی كورد بە فەرمانی لێخۆشبوون گەڕانەوە نیشتیمان و بەو خەونەی لە سایەی حكومەتی نوێدا مافی ئۆتۆنۆمی و نەتەوایەتی كورد بە دەست بهێنن، مەخابن هەر زوو عبدلكریم قاسم و حكومەتەكەی رێسەكەیان كردەوە بە خوری و نیەتی راستەقینەی خۆیان نیشان دا و لە دروشمی برایەتی كورد و عەرەبەوە كەوتنە راوەدونان و دەربەدەركردنی كوردان.
دواتریش بە كودەتای بەعسییەكان لە ساڵی 1963 زدا كۆتایی بە حوكمی كۆمارییەكان هات و سەردەمی فەرمانڕەوایی بەعسییەكان دەستی پێكرد، بەعسییەكانیش بە هەمان شێوەی حكومەتەكانی پێشوو توانیان چەند ساڵێك سەركردایەتی سیاسی كورد بە گەمەكانیانەوە سەرقاڵ بكەن تا دەسەڵاتی خۆیان جێگیر كرد ودواتر بە پلانی بۆ دارێژرا و بە سیاسەتێكی تۆكمەوە كەوتنە گیانی كورد و كاری ناشیاو و دڕندەیی و بە جینۆساید كردن نەما ئەوان پەنای بۆ نەبەن دژی كورد،كە تا ئەمرۆش كاریگەری و رۆڵی سیاسەتە چەوتەكانی بەعس بە سەر تاكەكانی كوردی ئەم هەرێمەوە ماوە. بە رووخانی دەسەڵاتی بەعسییەكانیش لە 2003دا لە لایەن ئەمریكا و وڵاتانی هاوپەیمانەوە ،تێكچوونی بارودۆخی عێراق و دروستبوونی بێ‌ سەروبەری لەم وڵاتەدا ئەو سەركردایەتییە كوردەی كە تاوان نەما بەرامبەری نەكرێت چوو نێو ماڵی عێراقی رێكخستەوە و بووە كلیلی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان شیعە و سووننە و هاوكارییان بوو بۆ دروستكردنی عێراقێكی یەكپارچەی یەكریزی نیشتیمانی و ناوچە كوردستانییەكانی خستە ژێر رەحمەتی سەركردەكانی عەرەبەوە بەو خەونەی سەركردەكانی عەرەب بڵێن كوردەكان ئا ئەوە كەركوكی دڵی كوردستانە بیبەنەوە بۆ سەر خاكی كوردستان و ئیتر ئێمە دوژمنایەتی ئێوە ناكەین.بەڵام ئەم حكومەتە یەكریزییە نیشتیمانییەی عێراقیش هیچ جیاوازییەكی نەبوو لە گەڵ بەعسییەكاندا بەرامبەر بە كورد هەمان سیاسەت و بیركردنەوەیان هەیە و ئەگەر بەعس بە ئاشكرا و بە بێ‌ پەردە جینۆساید و بە عەرەبكردن و راگواستن و دەربەدەركردنی كوردانی دەكرد ئەوا ئەمان بە نەگەڕانەوەی ناوچە كوردستانییەكان و بە دروستكردنی هێزەكانی فیدراسیۆنی دیجلە و بە برینی مووچە و برسی كردنی خەڵكی كوردستان و بە پێشێڵكردنی دەستوور دەیكەن.
هێرشی 16ی ئۆكتۆبەر بە بەمەبەستی كۆتایی هێنان بە قەوارەی سیاسی كوردستان نموونەیەكی بەرچاویی دەسەڵاتدارانی ئێسیتای عێراقبوو كە بینیمان جگە لە ئابڵوقەی ئابووری ، سەرەرایی ئەوەی كە سەركردایەتی سیاسی كوردستان چەندە هاوكار وپشتیوانیی عێراقی نوێی بوو بە تایبەت لە شەرٍی تیرۆریستان ، كە گەر پێشمەرگە نەبوایە ،مەحاڵبوو عێراق بستێك خاك لە چەنگی تیرۆریستان ئازاد بكات . بۆیە هەموو شێوازەكانی حكومەتی عێراق تاقیكرایەوە و كورد ئەزموونی لە گەڵ هەموویاندا هەیە، سوننە بێت یان شیعە ، عەبادی بێت یان مالكی یان جعفری یان صدامی هیچ جیاوازییەكیان بۆ كورد نییە و سیاسەتی هەموو حكومەتەكانی عێراق هەر سیاسەتی بەعسە بە موكیاژ كراوی، ئیدی پێویستە سەركردایەتی سیاسی كورد بە سیاسەتەكانی خۆیدا بچێتەوە و سوود لە هەڵەكانی رابردوو وەربگرێت و بە تاكتیك و بەرنامەی نوێوە مامەڵە لە گەڵ عێراقدا بكات و هیوای بە بەدیهێنانی مافە نەتەوایەتییەكانی كورد نەبێت لە چوارچێوەی عێراقێكی یەكریزی نیشتیمانییدا. باشترین رێگەش بەگەرخستنی زیاتر دیپلۆماسی و سیاسییەكانە بۆ ئەوەی كورد كارتی ریفراندۆم بە گەر بخات و دەوڵەتێكی سەربەخۆیی بونیات بنێ‌ بۆ هەتا هەتایە ماڵئاوایی لە عێراقی دروستكراویی مەزهەبی ،تائیفی و شۆڤێنی بكات ..

هەموو ئەوانە لە لایەك لە دوای ساڵی 2003 ەشەوە هەرچەندە كورد بە شێوەیەك لە شێوەكان حوكمڕانی ئەو شارەیە وەكو كێشەیەكی ناوەندی و گرنگ و جەنجاڵ ماوەتەوەو سەرەڕای ئەوەی لە یاسا بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە بەندی 58 و لە دەستووری عیراق بە بەندی 140 جێگیر كراوە و دەبوو تا كۆتایی ساڵی 2007 ئەو بەندە جێبەجێ‌ بكرێت، بەڵام تائێستا2018 بە هەڵواسراوی ماوەتەوە بەغدا خۆی لە جێبەجێكردنی دەدزێتەوە ،چونكە باش دەزانێ‌ كە ئەو شارە كورداستانییە موڵكی كوردستانە .
Top