جیابوونەوەی هەولێر و بەغدا ، كۆتایی هاتنی گشت كێشەكانە ..

جیابوونەوەی هەولێر و بەغدا ، كۆتایی هاتنی گشت كێشەكانە ..
گشت رێگەكانی ئاشتی و شەرٍ لەگەڵ رژێمە یەك لە دوای یەكەكان تاقیكرانەوە ،بەڵام سوودی نەبوو بۆ ئەوەی مافەرەواكانی كورد دەستبەر بكرێن تا بە ئەمرۆ ، بۆیە ئیتر میللەتی كورد هیچ باوەرێكی بە دەسەڵاتدارانی بەغدا نەماوە ، بۆ دەربازبوون لە هەموو كێشە وناكۆكییەكان باشترین چارەسەر جیابوونەوەیە ،بۆ ئەو پرۆسەیە چەند زووتر بچێتە بواری جێبەجێی كردنەوە باشتر بە سوودی گەلانی كورد و عەرەب دەشكێتەوە.
گەر بە وردی لە مێژووی دروستبوونی دەوڵەتی ئێراق بڕوانین، بە ڕوونی دیارە كە كێشەی ئێراق هەر لە سەرەتاوە كێشەی بە دەوڵەتبوون بووە، بە شێوەیەك خاڵی جیاواز لە نێوان iهاووڵاتیانی زۆر زیاتر بووە لە خاڵە هاوبەشەكان، چ لە سەر ئاستی نەتەوەی بێت یان لە جۆری پەیڕەوانی ئایینی و مەزهەبەوە بێت یان لەسەر ئاستی كۆمەڵایەتی، و ئابووری و هۆشیاری سیاسی و زانستییەوە بێت. ئەم جیاوازیانە نەبوونە خاڵی بەهێز بەقەد ئەوەی هەردەم مەترسی ڕاستەقینە بوون لەسەر بە لەرزۆك بوون و ڕووخانی ئەم دەوڵەتە ساختەیە یەكگرتووەی بەناو ئێراق . ئەمەش وایكردووە دەرئەنجامی هەوڵدان بۆ هێشتنەوەی ئەم ووڵاتە بە یەكپارچەیی تەنها شەڕ و دووبەرەكی و خوێن و كاولكاری بێت. چونكە كێشەی حوكمڕانی لە ئێراق كێشەی دەستەڵات و خۆفەرزكردنە بەسەر خەڵكەوە، نەوەك كێشەی دەوڵەتداری، بۆیە هیچ كات رژێمێك نەیتوانیوە حوكمڕانیەكی ڕەشید بكات .
ئەوەی ئێستاش دەگوزەرێ‌ لە ئێراقی دوای 2003 و لە ناوچوونی ڕژێمی دیكتاتۆری بەعسی سەدامی، نموونەیەكی تازەبوو بۆ بنیاتنانی ئێراقێكی نوێ لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون و یەكسانی و دادپەروەری و ئازادی و پێكەوەژیان، لە ئیراقێكی یەكگرتوو بەئارەزوومەندانەی پیكهاتەكانی، كەتیایدا ماف و ئەركەكان بەیەكسانی دابەشبكرێن لە چواچێوەی دەستوورێك كە بە وویستی هەموو لایەك بنوسرێت، و جێبەجێكردنی ئەم دەستوورەش دەبێتە زامنی مانەوەی ئێراق بەیەكپارچەیی لەسەر ئاستی سەروەری، وخاك، وگەلەكەی . كە ئەمەش خەونی ڕزگاربوون، ودەربازبوون بوو لە دووبارە بینینەوەی مەینەتی و ماڵوێرانی وكوشتار، وقەیران دوای قەیران، وجەنگ دوای جەنگی دەستەلاتداران و رژێمە یەك بە دوا یەكەكانی ئێراق .بەڵام ئەم خەونە ئەوەندی نەبرد جارێكی تر مۆتەكەی شەڕی تائیفی سەری هەڵدایەوە وكوشتن لە سەر ناسنامەی ئیتنی و ئایینی و نەتەوەیی بەرچاوترین سەردێر و مانشێتی ڕۆژنامەو میدیا ناوەخۆیی وجیهانیەكان بوو . بەناو دەوڵەتی ئێراق وحوكمڕانی شیعە ئێراقیان بەرەو دەوڵەتێكی مەزهەبی پەلكێش كرد، وپێكهاتەكانی تریان لەسەر بنەمای زۆرینەو كەمینە پەڕاوێزخست ، حوكمداری شیعەكانی ئێراق هەر لە جەعفەری و دواتریش مالكی، وئێستای عبادیشەوە بگرە بە تاریكترین سەردەمی حوكمڕانی ئێراق دادەنڕێت بۆچی ؟
چونكە ئەمانە هەڵگری نەخشەرێگایەكن كە بەناوی دیموكراتیەت وهەڵبژاردنی ئازاد، بەناوی حوكمی یاسا و دەوڵتی قانون و عەدالەت ، دەیانەوێ‌ فەرزی ئیرادەی زۆرینە بكەن، و شەرعیەت بدەنە گەندەڵی و فەتواكانی مەرجەعیەتییش لەسەرووی یاسا و دەستووریشەوەی دابێن، و چۆكدادانیش بەوانەی كە داوای یاسا و گەڕانەوە بۆ دەستوور دەكەن ناو بنێن عەدالەت !!.
چەندین هەڵوێست و بەڵگەنامەش گەواهیدەری ئەم ڕاستیانەن، زۆر دووریش ناڕۆین ئەم لێدوانەی عەبادی بە نموونە دەهێنینەوە كە لە مەراسیمی مەولودی پێغەمبەر دروودی خوای لەسەر بێت كاتێك بێشەرمانە و بەشانازیەوە باس لەوە دەكات كە سەركەوتنی ئەو بەسەر ئەوانەی مەترسین بۆ سەر یەكپارچەیی ئێراق هیچی كەمتر نیە لە سەركەوتن بەسەر تیرۆرستانی داعش .پێم وایە ئەم جۆرە تێگەیشتن و لۆژیەكەی عەبادی و (زۆرێك ئەگەر نەڵێین هەموو) سیاسیە شیعەكانی ئێراق دەردی ئەم ووڵاتەیان چارەناكات بە پێچەوانەوە برینەكانی سەر جەستەكەیان قوڵتر دەكات، وە هێزی زیاتریش بەوانە دەبەخشێت كە لەلایەن ئەوانەوە دژایەتی دەكرێن .
لە لایەكی تریش پێم وایە كاڵفامی عەبادی و غروری سیاسی وكورتبینی ستراتیژی ئەو بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لەم جۆرە لێدوانانە زیاتر ڕوونتر دەبێتەوە ، ئەو پێیوایە ئەركی ئەوە ئیراق بەیەكپارچەیی بهێڵێتەوە بەزەبری هێزو گەمارۆخستنەسەر هاوڵاتیانی، وبڵاوە پێكردنی تانك و زریپۆش لە كۆلانەكان و گەڕەكەكانی موسل و بەغداو تكریت و فەلوجەو كەركوك و حلەو ئەنبارو ... وە بە بەكرێ گرتنی چەند چنكخۆرێك لە كورد و سوننە و بە چەند چەتەیەكی شیعە بەرنامەكان و ئۆپەراسیۆنەكانی بە ئامانج دەگەن ، ئەمە ئەگەر چی بۆ چەند رۆژێك لەوانیە لەزەتێك بە عەبادی وبەكرێ گیراوەكانی بدات، وسەرخۆشیان بكات، بەڵام گومانی تیادا نیە كە تەمەنی كورتتر دەكات و هەنگاوێك لە ڕووخان و لە ناوچوونی نزیك دەكاتەوە . چونكە ئەو ناتوانێ بەم جۆرە لێدوان و هەڵوێستانە، خۆی لەم گێژاوە بدزێتەوە كە تیایدا كەوتووە، ئەو كاتێك لەو خەوەی بەئاگا دێتەوە دەبینێ كە هەموو شتی لە دەستداوە، چونكە كێشەی عەبادی كێشەی دەستەڵات و جێبەكردنی ڕاسپاردەكانی گەورەكانیەتی. بەڵام كێشەی ئێراق كێشەی بە دەوڵەتبوون یان نەبوونە .
كێشەی كوردیش لە باشوور (ئێراق)بەتایبەتی و لە پارچەكانی تریش بە گشتی، كێشەی گەلێكە كێشەی كوردستانیش كێشەی خاك و ژیان و شۆرشێكە لە پێناو ئازادی و سەربەخۆیی ودەوڵەتبوونە، كێشەی ئیرادەی خەڵكانێكە لە پێناو بوون و بۆ ناسنامە تیكۆشاون، كێشەی خەڵكانێكە كە باوەڕیان بە پێكەوەژیان و مرۆڤایەتی هەیە، ئیرادەی ئازادیخوازانەیە، ئەم ئیرادەیەش لە ئیرادەی كەسی وەكو عەبادی وگەورەكانی زۆر گەورەترە .
Top