ئیرادەی پۆڵایینی كورد بە سەر گوشارو ئابڵوقەی بەغدا سەردەكەوێ‌..

ئیرادەی پۆڵایینی كورد بە سەر گوشارو ئابڵوقەی بەغدا سەردەكەوێ‌..
رەنگە بەغدا پێیوا بێ‌ ، كە بەرێگەی ئابڵوقەدان و بودجە و مووچەبرینی خەڵكی كوردستان ،چەكێكی وەهایە بتوانن كە لە مافەرەواكانمان ساردمان بكەنەوە و پاشگەزمان بكەنەوە . دیارە ئەوان مێژوو و خەباتی خۆراگریمان وقوربانیدانی ئێمەیان لە پێناو رزگاری خاك و نیشتیمان فەرامۆش كردووە .لەسەرەتای دروستكردنی دەوڵەتی عێراق لە سەدەی رابردوو، لایەنی یەكەم نەتەوەیی و نیشتمانی و لایەنی دووەم دیموكراتی و سیستمی بەڕێوەبردنی عێراق بە گشتی بووە، لە رووی نەتەوەییەوە كورد لە سەرەتای ساڵانی بیستی سەدەی رابردوو راپەڕین و شۆڕشیان كردووەو قبوڵی نەكردووە وەك هاووڵاتی پلە دوو مامەڵەی لەگەڵ بكرێت و وتویەتی بەبێ رازی بوون و بەبێ ئیرادەی خۆی بە عێراقەوە لكێنراوە، ئەمەش بەو مانایە نییە بێبەش بكرێت لە هەموو ماف و ئازادییەكانی، كورد بە مافی خۆیی دەزانێت دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێت و ئەوەش مافێكە كە رۆچۆتە ناو زەینی هەموو كوردێك و زۆربەی كورد چارەسەرییەكانی دیكەی وەك ئۆتۆنۆمی و فیدراڵی بە چارەسەری كاتیی دەزانێت، تەنیا كات لەبەرچاو دەگرن و ئەگەر عەقڵانیەت و واقیعیەت لە ناو سەركردایەتی سیاسی كوردستاندا حوكمی كردووە بە مانای وازهێنان لە مافی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان نەبووە، لەوانەیە هەندێك لە سیاسییەكانی سوننەو شیعە وەها بیریان كردبێتەوە بە تێپەڕبوونی كات كورد لەسەر ئۆتۆنۆمی یان فیدراڵی رادێن و هزری دەوڵەتی سەربەخۆ بەلاوە دەنێن، ئەمان بە تەواوەتی بە باشی تێنەگەیشتون و لە حیساباتیاندا بە هەڵەدا رۆیشتون، ئەگەر سەركردایەتی سیاسی كورد لە رابردوو ئێستاش و لە دەیان ساڵەی خەبات و قوربانیدان و بە درێژایی هەموو ئەو ساڵانەی كە عێراق لە لایەن ئینگلیزەكانەوە دروست كرا هەوڵی دا لە گەلی عەرەب بگەیەنێت كە خەبات و تێكۆشانمان بە چەكداری و بە سیاسی و بە ئاشتی و بە دیالۆگ و بەوەی كە كردومانەو بەوەیش كە لەمەودا دەیكەین، لە پێناوی مافە رەواو زەوتكراوەكانماندا بووەو دەبێت و رۆژێك لە رۆژان دژ بە گەلی عەرەبی نەبووەو نابێت. چ لە عێراقدا یان لە دەرەوەی عێراقدا لە دژی عەرەب نەجەنگاوین، بەڵكو لە دژی رژێمە دیكتاتۆرە خوێنڕێژەكان بووە، چونكە لە بیركردنەوەماندا ئەوە نەبووە كە عەرەب وەك گەل و وەك رژێم بە یەكەوە دژی مافی رەوای گەلی كوردن و هەروەها چاوەڕوانیش نەبووین گەلی عەرەبی دژی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان بن، هەرچەندە رژێمەكان بۆ وروژاندنی هەستی عەرەب دژ بە مافی سەربەخۆیی كوردیش بێوچان كاریان كردووە ئەم هەوڵەشیان هەندێكجار ئاكامی هەبووەو بە زیانی كورد تەواو بووە، بەهەرحاڵ بارودۆخی ئێستای عێراق بۆ هەرسێ پێكهاتەی كوردو شیعە و سوننە جیاوازی زۆری لەگەڵ ساڵانی رابردوو لە هەموو روویەكەوە هەیەو واقیعێكی نوێ لە دنیادا هەیە كە راستەوخۆ كاریگەری لەسەر تەرازووی هێز هەیە لە عێراقدا. بۆیە ئیتر دەبێ‌ رژێمی بەغدا و ئەوانەی پشتیوانیان دەكەن و قورمیشیان دەكەن لە دژی كورد، ئەو راستییە بزانن كە هیچ هەرەشە و داگیركاری لە گەیشتن بە لووتكە پاشگەزمان ناكاتەوە و ئەم قۆناغەش بە سەركەتوویی دەرباز دەكەین.رژێمی بەغدا دوای داگیركردن‮ ‬ خیانەتەكەی‮ ‬16ی‮ ‬ئۆكتۆبەر كە رای‮ ‬گەیاند هاووڵاتیانی‮ ‬كوردستان جیاوزیان نییە لەگەڵ سەرجەم هاووڵاتیانی‮ ‬عێراق،‮ ‬و لەمەش دەستووریان بەلاوە ناوە و جیاوازیان لە نێوان كورد و پێكهاتەكانی‮ ‬دیكە كردووە،‮ ‬بەداگیركردن خاكی‮ ‬كورد و هەوڵی‮ ‬شێواندنی‮ ‬دیمۆغرافی‮ ‬ناوچە كورد نشینەكان هەر وەك رژێمەكانی‮ ‬پێشتر،‮ ‬دوور لە هەموو بەها دەستوور و‮ ‬یاساكان،‮ ‬ئەمە جیا لە كارەكانی‮ ‬پێشووی‮ ‬حكومەتی‮ ‬ناوەند لە دژی‮ ‬كورد هەروەك بڕینی‮ ‬مووچە و جێ بەجێ نەكردنی‮ ‬برگەكانی‮ ‬دەستوور،‮ ‬ئیستاشی‮ ‬لەگەڵ دابێت حكومەتی‮ ‬ناوەند تەنیا لە هەوڵی‮ ‬كات بەفیرۆدانە و‮ ‬یەك بەڵێن جێ بەجێ ناكات لە هەناردنی‮ ‬مووجە و بووجە بۆ كوردستان،‮ ‬جگە لە بریارە نایاسایەكانی‮ ‬دیكەی‮.ئەگەر بۆ سەردەمی حوكمڕانیی عێراق تا 2003 دژی شیعە بەشێوەیەك لە شێوەكان راست بووبێت، ئەوا لە دوای 2003 ـەوە لە ئاكامی سیاسەتەكانی حكومەتەكانی عێراق كە شیعە تێدا باڵادەست بووە هەمان سیاسەتی پێشووتر دژی پێكهاتەكانی دیكە پیادەكراوە و هەوڵدراوە پێكهاتەكانی دیكە پەراوێز بخرێن، دیارترین كاردانەوەی شیعەش پەراوێزخستنی پێكهاتەی عەرەبی سوننە بووە، بەوەی هەوڵیانداوە هەموو عەرەبی سوننە لەسەر رژێمی پێشووی بەعس لە قەڵەمبدەن، بەرامبەر بە كوردیش هەوڵیانداوە پەراوێزخستنەكە بەوە پاكانەی بۆ بكەن، كە كوردیش هەموو مافێكی خۆی وەرگرتووە و پێویستە سنوورێك بۆخۆی دابنێت و سەقفی داواكارییەكانی بەرز نەكاتەوە. بەغدا چەند ساڵە بە بیانووی جۆراوجۆر و بێ بنەما مەسەلەی جێبەجێكردنی ماددەی 140 و گەڕانەوەی ئەو ناوچانەی بۆ سەر هەرێمی كوردستان دواخستووە.هەر لەم راستەوە دەكرێت هۆكاری سەرەكیی خۆبەدەستەوەدانی سوپای عێراق لە ناوچە سوننەكانی عێراق و كۆنتڕۆڵكردنی ئەو ناوچانە لەلایەن داعشەوە، بەجۆرێك لە تۆڵەسەندنەوەی عەرەبی سوننە لە سیاسەتی حكومەتی عێراق وەك حكومەتێكی شیعە لە قەڵەم بدرێت، ئەمەش دوای ئەوەی كە جێبەجێكردنی یاسای ریشەكێشكردنی بەعس شێوازێكی تۆڵەسەندنەوەی شیعەی لە دژی سوننەی لە خۆەوە گرت. بۆیە لەم بارودۆخەدا كارێكی یەكجار قورس و مەحاڵە باس لە ناسنامەی نیشتمانی و پێكەوەژیانی پێكهاتە جیاوازەكانی عێراق بكرێتەوە، بەتایبەتی كە حكومەتی عێراق نەیتوانیوە ئەو دەستوورە جێبەجێ بكات كە عێراقییەكان دەنگیان بۆ داوە، ئەمەش وایكردووە بارودۆخێك بێتە ئاراوە كە هاوكار بێت بۆ تەقینەوەی بارودۆخەكە و لەدەست دەرچوونی كێشەكان، تەنانەت كار گەیشتۆتە ئەوەی هەتا گۆڕینی حكومەت و كەسایەتییە سیاسییەكانیش نەتوانن كاریگەریان لەسەر بارودۆخەكە هەبێت، واتە بە تەواوەتی پرۆسەی لیكتێگەیشتن و پێكەوەژیان بووەتە كارێكی مەحاڵ. هەربۆیە كاتێك ئەو زەمینەیە لە بارچوو كە ناسنامەیەكی نیشتمانی پێكهاتەكانی دەوڵەتێك كۆبكاتەوە ئەوا ئەمە دەبێتە هۆكاری سەرەكی و یەكەم بۆ لەبەریەكهەڵوەشان و دابەشبوونی ئەو وڵاتە، هەروەها ناشكرێت و قبووڵیش ناكرێت نەتەوەكانی دیكە بتوێندرێنەوە و هەموویان ببنە یەك نەتەوە، بۆیە لەم حاڵەتە دەوڵەتەكە بەرەو پارچەپارچە بوون دەچێت.كێشەی دەوڵەتان هەمەڕەنگیی ئایین و نەتەوە نییە، بەڵكو كێشەكە شێوازی بەڕێوەبردن و رێكخستنی ئەو فرەیی و هەمەڕەنگیەیە، حكومەت بە چ میكانزمێكی دەستووری و یاسایی مامەڵە لەگەڵ ئەم هەمەڕەنگییە دەكات، بەبێ ئەوەی ناسنامەی پێكهاتەیەك ببێتە مەترسی بۆ سەر ناسنامەی پێكهاتەیەكی دیكە.حكومەتەكانی دوای 2003 لە عێراقدا كە تیایدا شیعە باڵادەستە، گرەوی سەركەوتنی حوكمڕانییەكەی لەسەر ئەوە كردووە كە پۆستە سەروەرییەكان دابەش بكرێت، ئەمەش بەو مانایەی كاتێك پۆستێك دەداتە پێكهاتەیەكی جیاواز لە عەرەبی شیعە بە تەواوەتی هەست و سۆزی پێكهاتەیەك دابمركێنێتەوە و نەتوانێت داوای مافەكانی خۆی بكات، ئەمەش بە حیساب لە چوارچێوەی حكومەتێكی دیموكراتی ژیان بەسەر دەبەن دوای چەندین دەیە لە حوكمڕانی دیكتاتۆری.بۆیە هەموو كردەوەكانی رژێمی بەغدا تا 16/10/2017 و خۆدزێنەوە لە مافەرەواو دەستوورییەكانی روون و ئاشكران بەرەو ئامانجە گەورەكەمان و جیابوونەوەمان. بە دڵنییاییەوە هەموو ئەو قوربانیی دان و خۆراگرییەی میللەتەكەمان لە بەرامبەر گوشارەكانی بەغدا و ئابلۆقەدانمان سەركەوتنی گەورە بەدەست دێنێ و پیلانی نەیارانمان تێكدەشكێنێت .
Top